داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ژن و مێردێکی عێراقی تۆمەتبارکرد بە دوورخستنەوە، ئەشکەنجەدان و تاوانی جەنگ، چونکە دوو کچی ئێزدییان لای خۆیان وەک "کۆیلە" هێشتبووەوە و دەستدرێژیی جەستەیی و سێکسیان کردبووەسەریان.
ئاوێنە: ئاژانسی ئەسۆشیەیتێد پرێس بڵاویکردەوە، ئەو ژن و مێردە عێراقییە لە مانگی نیسان بە پشتبەستن بە یاسا تایبەتییەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی پاڤاریا دەستگیرکران.
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەو ژن و مێردە ئەندامی داعش بوون لە عێراق و سووریا لە مانگی تشرینی یەکەمی 2015 تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی 2017، لە ساڵی 2015 ئەو دوو کچە ئێزدییەیان وەک کۆیلە هەڵگرتووەتەوە کە یەکێکیان تەمەنی پێنج ساڵ بووە و ئەوی دیکەیان 12 ساڵ بووە."
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکردووە، "پیاوەکە چەند جارێک دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر ئەو دوو کچە ئێزدییە و ژنەکەش مەیکئەپی بۆ کردوون."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ژن و مێردە توندوتیژیی جەستەییان بەرامبەر ئەو دوو کچە کردووە و ناچاریان کردوون کاری ماڵەوە بکەن و چاودێریی منداڵ بکەن.
پیاوەکە دانی بەوەدا ناوە کە بە گسک لە کچە گەورەکەی داوە و ژنەکەش تۆمەتبارکراوە بە سووتاندنی دەستی کچە بچووکەکە بە ئاوی گەرم و ناچارکردنیان بە وەستان لەسەر یەک پێ بۆ ماوەی 30 خولەک وەک سزا.
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا دەڵێت، تۆمەتبارەکان ئەو دوو کچەیان رادەستی چەند ئەندامێکی دیکەی داعش کردووە لە دوای جێهێشتنی سووریا لە مانگی تشرینی دووەمی 2017