شارەزایەكی كاروباری توركیا: 15ی شوباتی ئەمساڵ ئۆجەلان پەیامێكی تەلەفزیۆنی راستەوخۆی دەبێت
  2025-01-24       1064       

رۆژنامەنوس یوسف شەریف، شارەزا لە كاروبای توركیاو رایدەگەیەنێت كە چاوەڕوان دەكرێت رۆژی 15ی مانگی داهاتو، ئۆجەلان لەبارەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیا، بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە ئیمرالییەوە پەیامێكی تەلەفزیۆنی پێشكەش بكات و پەیامەكەش كاریگەری گەورەی لەسەر توركیاو سوریاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.

ئاوێنە:  یوسف شەریف، شارەزا لە كاروباری توركیا، لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا وتویەتی، رۆژی 25ی شوباتی ئەمساڵ، روداوێكی زۆر سەیر رودەدات، ئەویش ئەوەیە كە عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە ئیمرالییەوە كە كەناڵەكانی راگەیاندن دەیگوازنەوە، پەیامێكی دەبێت.

وتوشیەتی”ئەمە سوپرایزێكی گەورە دەبێت بۆ تەواوی توركیاو كاریگەریشی لەسەر سوریاو تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. چونكە وا دەردەكەوێت كە ئەو پلانەی لە توركیا هەیە ئەوەیە عەبدوڵا ئۆجەلان دەربكەوێت و بڵێت، ئێمە دەمانەوێت چەك دابنێین و چارەسەری ئاشتیانەمان بۆ پرسی كورد دەوێت."

بەبڕوای یوسف شەریف "پلانی پڕۆسەی چارەسەری، قۆناغبەندی كراوە، یەكەم شت ئۆجەلان بەو گەریلایانەی پەكەكە لەنێو توركیان دەڵێت، بچنە دەرەوە، دواتر پەرلەمانی توركیا، لێبوردن بۆ ئۆجەلان و ژمارەیەك سەركردەی دیكەی كورد دەردەكات، پاشان ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەو دانانی چەك لە قەندیل لە باكوری عێراق دەكات."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، كە داوی ئەوە پەرلەمانی توركیا چەند هەنگاوێك دەنێت بۆ پێدانی هەندێك ماف بە كورد.

شارەزاكەی كاروباری توركیا، پێی وایە ئەمەش ئەو شتییە كە "ئەردۆغان و ئۆجەلان بەنهێنی لەسەری رێككەوتون."

ئەو پێشی وایە ئەوەش كاریگەری لەسەر سوریاو ناوچەكە دەبێت و وتویەتی"ئەوەش هەمو شتێك دەگۆڕێت، چونكە لە ئێستادا بارزانی نێوەندگیری دەكات لەنێوان كوردەكانی سوریا بۆ ئەوەی ئەنەكەسە لەگەڵ هەسەدە پێكبێن و دەكرێت حكومەتێكی وەك ئەوەی كوردستانی عێراق لە باكوری سوریا دروست بكەن و مەسعود بارزانی گەرەنتی ئەوە بكات، توركیا ئەو بابەتە قبوڵ بكات كە  هاوكات دەبێت لەگەڵ بەردەوامی پڕۆژەكەی ئۆجەلان بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا."

ئەو رۆژنامەنوس و شارەزایە پێی وایە بەڵام لەبەردەم پرۆسەی چارەسەریدا لە توركیا "كێشەیەكی بنەڕەتی هەیە كە ئەویش ئەوەیە، هەندێك لە سیاسییەكان لەگەڵ ئەردۆغان هاوڕا نین و پێیان وایە ئەو پلانە تەنیا لەپێناو هەمواركردنی دەستوردایە بۆ ئەوەی ئەرۆدغان بۆ هەمیشە ببێتەوە بە سەرۆكی وڵات، بۆیە رەنگە پرۆسەكە تەواو نەكرێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە لە توركیا خەڵكی دیكەش هەن پێیانوایە كە "شەفافیەت لە پڕۆسەكەدا نییەو ئەردۆغان و عەبدوڵا ئۆجەلان لەسەر شتێك رێككەوتون دەیانەوێت گەلیش رازی بێت لەسەری."

یوسف شەریف پێی وایە لە سەرئەنجامدا توركەكان ئەو چارەسەرە قبوڵ ناكەن و چونكە بەگوێرەی راپرسییەكان حزبەكەی ئەردۆغان لەنێو گەنجاندا زۆر پاشەكشەی كردوە، لەكاتێكدا جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها پارتی زەفەر كە پارتێكی نەتەوە پەرستی توندڕەوە بەشێوەیەكی بەرچاو جەماوەریان بەرزبۆتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر ئۆجەلان ئازاد بكرێت دەبێتە سەركردەی رۆحی كورد لە ناوچەكەو كاریگەری زۆری دەبێت.

ئەو وتوشیەتی، چاوەڕێی رۆژی 15ی شوبات دەكەین بۆ ئەوەی بزانین ئۆجەلان چی دەڵێت. بەڵام دڵنیابن پەیامەكەی كاریگەری لەسەر هەموان لە توركیا دەبێت.

جەختیش دەكاتەوە كە توركیا گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت و ئەو گۆڕانكارییانەش كاریگەرییان لەسەر سوریاو ناوچەكە دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×