کۆردیناسیۆنی یەکێتیی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک-یەرەدە رایگەیاند، یەكێك لەوانەی لە هێرشە درۆنییەكەی 27ی كانونی دوەمی چوارقوڕنەدا شەهید بو، رۆژنامەنوس عەزیز كۆلوئۆغلۆ بوە.
ئاوێنە: کۆردیناسیۆنی یەکێتیی ڕاگەیاندنی دیموکراتیک-یەرەدە، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە هێرشی 27ـی کانونی دوەمی چوارقوڕنەدا کە تورکیا ئەنجامی دا، هاوڕێی رۆژنامەنوسمان "عەزیز کۆیلوئۆغلو” شەهید بو.
پاشنیوەڕۆی رۆژی 27ی مانگی رابردو، درۆنی توركیا لەسەر رێگای سەرەكی گوندی گردجان لە ناحیەی چوارقوڕنە، ئۆتۆمبێلێكی كردە ئامانج و لە ئاكامدا چوار كەس شەهیدبون.
بەپێی راگەیەندراوەكەی یەرەدە، ئەو رۆژنامەنوسەی كە لەو هێرشەی توركیادا شەهیدبوە، ساڵی 1976 لە ئامەد لە دایكبوەو لەساڵانی سەرەتای 2000ەوە دەستی بە كاری راگەیاندن كردوە.
رۆژنامەنوس "عەزیز کۆیلوئۆغلو”، وەك لە راگەیەندراوەكەی "یەرەدە"دا هاتوە، لە هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، مەخمور و هەمو ناوچەكانی باشوری كوردستان و هەروەها لە دێرک و عەفرین و چەند ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژئاوای کوردستان كاری راگەیاندنی ئەنجام داوە.