بورهان یاسین
"لە یەکخستنەوەی گۆڕانی کوردسات و گۆڕانی گردی زەرگەتەدا سەرکەوتوو نەبوم"
دەکرێت هێنانە خوارەوەی مەکۆی "سەرەکی" گۆڕان بەتەواوەتی لەگردی زەرگەتە، لەڕووی رەمزییەوە (سیمبۆلییەوە)، بە واتای "جێهێشتنی نەوشیروان مستەفا" بێت!
---------------
ئەمەی سەرەوە ئەو سەردێڕ و وەرگیراو (ئیقتیباس)ەیە کە پێگەی ئەلکترۆنی رۆژنامەی ئاوێنە هەڵیبژاردووە بۆ ئەو گفتوگۆیەی کە لەگەڵ بەندەدا ئەنجامیداوە و پێرێ (٧-٢-٢٠٢٥) بڵاوبۆتەوە.
ئەم گفتوگۆیە دەرەنجامی ئەوە هات کە نامەیەکی بەندە، کە بۆ مەکۆی گۆڕانی کوردسات و مەکۆی گۆڕانی گردی زەرگەتە لە کۆتایی ساڵی رابردو (لە ٢٧-١٢-٢٠٢٤) ناردبووم وە دواتر دەستی رۆژنامەی ئاوێنە کەوتبو.
لینکی گفتوگۆکە لە خوارەوە بەرچاو ئەکەوێت. هەروەها لینکی گفتوگۆکە بە شێوازی پی دی ئێف، کە لە ماڵپەڕی کەسییمدا بڵاوبۆتەوە، هەر لە خوارەوە بەرچاو دەکەوێت.
لێرەدا، وەک پێشەکییەکی گشتی و کورت بۆ بابەتی نامەکە و گفتوگۆکە، چەند تێبینییەک دەخەمە روو:
١/ ئەو نامەیەی کە لە ٢٧-١٢-٢٠٢٤ بۆ مەکۆی گۆڕان لە کوردسات و مەکۆی گۆڕان لە گردی زەرگەتە ناردوومە زۆر کورتە و هەرگیز بەشی ئەوە ناکات کە پڕۆسەیەک روونکاتەوە کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگ خەریکی بووین.
لە لایەکی دیکەوە، قسەکردن لەسەر پڕۆسەیەکی پەیوەندیدار بە کێشە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دیسان کارێکی ئاسان نەبووە و ئێستاش ئاسان نییە! لە بەرامبەردا، مافێکی سروشتی و دیمۆکراتییانەی خەڵکە لە پانتایی گشتیدا، وە بە تایبەتی مافی گۆڕانخوازانە، لەوانەش ناڕازییەکان (نەک هەر گۆڕانی کوردسات و گردەکە)، کە بزانن لە بابەتی ململانێکانی ناو گۆڕان و هەوڵەکان بۆ ئەوەی "هاوڕێکانی دوێنێ جارێکی دیکە ببنەوە بە هاوڕێ" چی روویداوە و چی روودەدات. جگە لەوەش هیچ کاتێک لایەنگری ئەوە نەبوومە, وە نێم، کە بابەتی ئاشتەوایی و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان لە ژوورە داخراوەکاندا بهێڵرێتەوە. لە راستیدا نەک هەر ئەوە، بەڵکو پێویستە هەموو جوڵە و هەڵوێستەکان لەم کایەی سیاسیدا شەفاف بن و لە ژوورە داخراوەکان بهێنرێنە دەرەوە؛ ئەمەش بانگەشەیەکی دووبارەکراوە و چەندبارەکراوەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو لە رۆژانی زێڕینی بزووتنەوەی گۆڕاندا! لەم سونگەیەوە، دودڵ نەبووم لەوەی بە ئەرێنی بە دەم داواکەی ئاوێنەوە بچم بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و وەڵامدانەوەی هەندێک لە پرسیارەکانیان؛
٢/ هەروەک لە گفتوگۆکەشدا ئاماژەی پێدراوە، بە رێزێکی زۆرەوە لەو هەموو متمانەیەم روانیوە و دەڕوانم کە هەردوو ئاراستەکەی ململانێی ناو ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕان (کوردسات و گردی زەرگەتە) کە لە سەرەتای هەنگاوەکەماندا بە بەندەیان بەخشی؛ لە راستیدا هەر ئەو متمانەیەش بوو کە تاکە سەرچاوەی هێز و توانای بەندە بوو لە سەرپێخستن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی یەکخستنەوەی هەردوو ئاراستەکە و بوونەوە بە یەک بزووتنەوەی یەکبوو و یەکگرتوو. . . هەر لەم سۆنگەیەشەوە، ئەگەرچی من بەر لە زیاتر لە مانگێک کۆتاییم بە رۆڵی نێوەندگیری خۆم (لە نێوان دوو ئاراستەکە) هێنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی ئەخلاقی سەرشانمە کە بەوپەڕی ئاگاداری و رێزەوە باس لەو کێشە و ململانێیە بکەم کە بەرۆکی ئەو بزووتنەوەیەی گرتووە. تەنانەت لە وتنی راستییەکانیشدا پێویستە بە شێوەیەک بدوێم کە نەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان دوو ئاراستەکە، بەڵکو بە پێچەوانەوە تا دەکرێ دەرگاکە بە کراوەیی بەجێبهێڵین بۆ هەر هەوڵێکی دیکە بە هەمان ئامانجی یەکخستنەوەی ریزە لەیەکترازاوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان. ئەمەش رێک پرەنسیپێکی یەکانگیرە لەگەڵ خواستی بەردەوامم لەوەی کە پێویستە "سیاسەت بە ئەخلاقەوە" بکەم؛ بەردەوامیش چاوم لەوە بێت کە لە هەر هەنگاوێکدا بەها جوانەکان (بە تایبەتی متمانە و وەفاداری) رەچاو بکەم. لە راستیدا ئێمە، لە دیمەنێکی گشتی و لە تەواوی پانتایی کۆمەڵایەتی-سیاسی وڵاتی خۆمان، پێویستیمان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی تەواوی کایەی سیاسەت و هەموو رەگەزەکانی ئەو کایەیە (حزبی سیاسی؛ کار و چاڵاکی سیاسی؛ سەرکردەی سیاسی؛ حیزبی سیاسی و. . . هتد) هەیە، لەسەر بنچینەی ئەوەی کە دەبێ "ئەخلاقی سیاسی" بنچینە و چەق و رۆحی پێناسەکردنەوەی کایەکە بێت؛
٣/ زۆر جار بەندە بەرەوڕووی ئەو پرسیارە ئەکرێمەوە ئایا ئەو هەموو هەوڵ و "کات کوشتن" و وزە بەخشینە لە پای چی؛ لە پای هەستاندنەوەی بزووتنەوەیەک کە هەستانەوەی ئەستەمە، تەنانەت دەوترێ "نامومکینیشە"؟ بۆ تا ئێستا سێ جار (پێنج ساڵ بەر لە ئێستا؛ دوو ساڵ زیاتر بەر لە ئێستا و ئەم جارەشیان)، لە پێناو هەستانەوە و یەکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵت داوە، ئایا باشتر نییە ئەم هەموو وزە و توانایە بخرێتە خزمەت سەرپێخستنی هێز و پڕۆژەیەکی سیاسی نوێ؟
جارێ بەندە زۆر کۆکم لەگەڵ زۆرێک لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی نیشتمان لە وروژاندنی ئەم پرسیارە؛ لەو باوەڕەشدام کە وروژاندنی پرسیارەکە نەک هەر رەوایە بەڵکو زۆریش پێویستە! لە لایەکی ترەوە، وەڵامی ئەم پرسیارە هەر وا ئاسان نییە و دەشکرێ بە دڵی زۆر کەس نەبێت. بەڵام زۆر بە چڕی و بە کورتی لە دوو خاڵدا هەوڵی وەڵامدانەوەی دوو پرسیارەکە ئەدەم:
١) شکستی گۆڕان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێهیوابوونی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی پانتاییە سیاسییەکەی، شانبەشانی هەموو ئەو نەهامەتی و بێهیوابوونەی کە لە دەسەڵاتی ٣٣ ساڵەی پارتی و یەکێتی کەوتۆتەوە. جگە لە شکستە کاریسەئامێزەکەی ١٩٧٥، شکستی بزوتنەوەی گۆڕان گەورەترین شکستە لە مێژووی باشوری کوردستان کە هێزێکی سیاسی توشی هاتبێت. جا بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتی بێهیوابوونە بکەین (هەڵبەتە ئەو بەشەی پەیوەندی بە شکستی گۆڕان و کەوتن و داڕمانی خەون و چاوەڕوانی سەدان هەزار دەنگدەر و لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕان) هەیە، ئەوا پێویستە بۆ هۆکارەکانی ئەو شکستە بگەڕێین و چارەسەریان بکەین، نەوەک لە شکستەکە "رابکەین" و لە دوای خۆمان شکست و بێهیوابوونەکە جێیبهێلین: دەرەنجام، باشترین شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بێهیوابوونە تێگەیشتنە لەو شکستەو مامەڵکردنێکی تەندروستە لەگەڵ هۆکارەکانی، بۆ ئەوەی بتوانرێ هەر لە جێگای شکستەکەدا هەستانەوە سەرپێبخرێت.
لێرەدا دەکرێ، یا لە راستیدا پێویستە، شکستی گۆڕان وەک زام و خوێنبەربوونێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی ببینین و تێگەیشتنی بۆ بکەین. دواجار ئەم زامە پێویستی بە ساڕێژکردنە و خوێنبەربوونە سیاسی و کۆمەڵاتییەکەش پێویستی بە راگرتن هەیە. باشترین و دروستترین شێوەی بینین و تێگەیشتن لەو زام و خوێنبەربوونەش ئەوەیە کە کێشەکە وەک زام و خوێنبەربوونی تەواوی جەستەی نیشتمان ببینین و تێگەیشتنی بۆ بکەین، نەوەک تەنها جەستەی حیزب. هەروەک پشتر (لە ماوەی هەرنەبێ پێنج ساڵی رابردوودا) ئەو راستییەم جەختکردۆتەوە کە جەستەی کورد و نیشتمانەکەی، وە تەنانەت "یادەوەری بەکۆمەڵ"ی کورد، پڕیەتی لە زامی "ساڕێژنەکراو" و خوێنبەربوونی بەردەوام. لە ساڵانی دوایشدا بەسەرهاتی تراجیدیاوی بزووتنەوەی گۆڕان یەکێک لە زامە هەرە کوشندەکان بووە کە چووەتە سەر ژمارەی ئەو هەموو زامە زۆرەی کە لەو جەستە کڵۆڵ، زامدار و شەکەتەدا کەوتونەتەوە. لە راستیدا لە جێگایەکی تر، لە کورتکردنەوەیەکی زۆر چڕدا، وتومە: جەستەی کورد ئەوەندە زامی ساڕێژنەکراوی تیایە کە تەنانەت دەتوانین بڵێین تەواوی مێژووی کورد "مێژووی زامەکانە". . . دەرەنجام دەستبردن بۆ ساڕێژکردنی هەر زامێک لەو جەستەیە بەر لە هەر شتێک ئەرک و کارێکی نیشتمانییە نەک تەنها حیزبی؛ ساڕێژکردنی زامی بزووتنەوەی گۆڕانیش بەدەر نییە لەم جۆر باوەڕ و تێگەیشتنە، بەڵکو تەنانەت بەرجەستەکردنێکی دروستی ئەو بۆچوونەیە. . .
٢) پێویستە بپرسین، ئایا بۆ ئەم زامە پێویستی بە ساڕێژکردن هەیە:
أ- لە رووی ئەخلاقی سیاسییەوە، وا دروستترە کە زامدارەکان دوای خۆمان جێنەهێڵین، بۆ ئەوەی دواجار ئەم زامدارانە بەدەم زامەکانیانەوە "بتلێنەوە" و دواتریش گیان بدەن؛
ب- بە دیدی خۆم دەبێ ئێمە بە شێوەیەکی زۆر جیددی تر و جیاوازتر بیر لە کار و چاڵاکی سیاسی بکەینەوە، بە تایبەتی لە باشوری کوردستان. لەم چوارچێوەیەشدا پێویستیمان بە بیر و بۆچوونێکی تەواو جیاواز هەیە. لەم چوارچێوەیەشدا بۆچوونی خۆم لە بەرامبەر دوو بژاردە دەردەبڕم بە شێوەی پرسیار: ئایا بە راست پێویستیمان بە سەرپێخستنی پڕۆژەیەکی سیاسی نوێ هەیە، پڕۆژە دوای پڕۆژە. . . هتد دوایی و بەبێ کۆتایی، یا ئەوەی نەخێر بە شێوازێکی تەواو جیاواز بیر بکەینەوە و خۆمان بە ئیرادە و جورئەتەوە بخەینە بەردەم حاڵەتێک و بڵێین: "بەڕێزان، ئەگەر ئەو کەرەستە کۆمەڵایەتییەی لەبەر دەستمانە بەشی ساڕێژکردنی زامەکان نەکات، یا بە کەڵکی ساڕێژکردنی زامەکان نەیەت، کەواتە گەر هەمان کەرستەی کۆمەڵایەتی بخەینە ناو پڕۆژەیەکی سیاسی نوێوە، بە دڵنیاییەوە 'دوای ماوەیەکی تر، زوو یا درەنگ' هەمان ئەو پڕۆژە سیاسییە دەبێتەوە بە زامێکی دیکە"! نموونەی ئەو جۆرە پڕۆژانەمان زۆرن، بە تایبەتی لە ٣٣ ساڵی رابردووی فەرمانڕەوایی کوردیدا.
بۆ؟ چونکە کەرەسە کۆمەڵایەتییەکە خۆی هەڵگری هۆکارەکانی زامە، لە گرنگترین هۆکارەکانیش کۆمەڵێک رەگەزی زیانبەخشی "کەلتوری سیاسی"! کەواتە، دۆخەکە بەرەوڕوبوونەوەیەکی بوێرانە، راستگۆیانە، دڵسۆزانە و خەمخۆرانەی پێویستە، نەوەک "راکردن لێی و سپاردنی بە قەدەر"!
دواجار، چی دەبی با ببێ، چارەنووسی دوو ئاراستەکەی بزووتنەوەی گۆڕان هەر یەکگرتنەوەیە: با دواجار ئاراستەکانی گۆڕان بە نیگایەک، بەڵام نیگایەک پڕ لە سەرنج و حیکمەوە، تەماشای هەردوو ئاراستەکەی حیزبی دیمۆکراتی (رۆژهەڵات) بکەن، کە دوای ١٦ ساڵ لە ململانێ و دێواندن و ناشیرینکردنی یەکتر و . . . هتد، هەر بوونەوە بەک یەک حزب!
فەرموون ئەمە لینکی گفتوگۆکەیە بە پی دی ئێف؛ کە هەڵبەتە خوێندنەوەی ئاسانترە:
https://burhanyassin.com/Awene%202%202025.pdf
ئەمەش لینکی گفتوگۆکەیە لە (ئاوێنە)دا:
https://www.awene.com/detail?article=120798
تێبینی: ئەم روونکردنەوەیە لەهەژماری تایبەتی د.بورهام یاسین وەرگیراوە