قەسەدە: سێ چەکدار كوژران و شەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوان خرانەخوارەوە
  2025-03-24       456       

قەسەدە بڵاوی كردەوە، دوێنێ هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەکدارانی بەردەوام بوون لە هێرشەكانیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێزەكانیشمان بەردەوام بوون لە وەڵامدانەوەیان و توانیان سێ چەکداری داگیركەری تورك بكوژن و دووی دیكەش بریندار بكەن، هەروەها شەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوان-یان خستە خواروە.

ئاوێنە: هێزەكانی سووریای دیموكرات (قەسەدە) سەبارەت بە ئاماری شەڕ و پێكدادانەكانی دوێنێیان لەگەڵ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی لە سنووری بەنداوی تشرین و میحوەری قەرەقۆزاق، ڕاگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، دوێنێ لە دەوروبەری بەنداوی تشرین چەتەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك هێرشیان كردە سەر یەكێك لە بنكەكانی هێزەكانمان، بەڵام هێرشەكە پووچەڵكرایەوە، بەهۆی ئەوەی شەڕ و پێكدادان لەنێوان شەڕڤانانمان و چەتەكان درووست بوو، لە ئەنجامدا  سێ چەتە كوژران و دووی دیكەش برینداربوون.

دوای شكستی هێرشەكە، دەوڵەتی تورك و چەتەكان هێرشێكی دیكەیان بە ژمارەیەك فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر پێگەكانی هێزەكانمان ئەنجامدا، بەڵام یەكینەكانی شەهید هارون توانیان شەش فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بخەنە خوارەوە، كە سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان خۆكوژی بوو.

دەشڵێن، لە بەرەی قەرەقۆزاق؛ دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بە زیاتر لە هەشت گوللە گوندەكانی بیر حەسوو و خاشخاشایان بۆردومان كرد و زیانی ماددی بەر دانیشتوانەكە گەیشت.

هاوكات، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بە درێژایی دوێنێ بەسەر شاری كۆبانی و شارۆچكەی عەین عیسا و گوندەكانی دەوروبەریان فڕیوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×