تۆڕی هاوپەیمانی 19 رایگەیاند، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە مانگی رابردودا، بەراورد بە مانگی شوبات، بە رێژەی (78٪) کەمیان کردوە و هەروەها خۆپیشاندان و ناڕەزایی بۆ موچە (91%) كەمی كردوە. دەشڵێت، مانگی رابردو تەنیا (12) خۆپیشاندان و ناڕەزایی كراون، (7)یان لە سلێمانی و (5)یان لە هەولێر بون، لە هەولێر دو چالاكوان دەستگیركراون.
ئاوێنە: تۆڕی هاوپەیمانی 19، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە مانگی ئاداردا، ناڕەزایی جەماوەریی بەرفراوان، وەک مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، نەبو. گردبونەوەی ناڕەزایی بەرامبەر نەدانی موچە بە رێژەی 91% کەمی کردوە و هیچ گردبونەوەیەک لەگەڵ یان دژی پرۆسەی بەبانکیکردن ئەنجام نەدراوە. دیارترین خۆپیشاندان لە سلێمانی بۆ مافی ژنان رێکخراوە و لە هەولێر دو چالاک دەستگیرکراون.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، مانگی ئادار کە بە مانگی بۆنەکان لە باشوری کوردستان هەژمار دەکرێت، وەک یادی راپەڕین، رۆژی جیهانیی ژنان، جەژنی نەورۆز، تێیدا (12) گردبونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دراون و وتوشیەتی، "ناڕەزاییەکان بەراورد بە مانگی شوبات کە (54) چالاکی بون، بە رێژەی (78%) کەمیان کردوە."
بەپێی بەدواداچونی تۆڕەکە، لە شارەکانی هەڵەبجە و دهۆک هیچ چالاکییەکی ناڕەزایی رێکخراو تۆمار نەکراوە. هەر (12) چالاکییەکە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بون؛ (7) چالاکی لە سلێمانی و (5) چالاکی لە هەولێر بون.
داخوازییەكانی ئەو چالاكییەكان بەپێی قسەی تۆڕەكە بەمشێوەیە بون: (4) بۆ مافەکانی ژنان، (3) بۆ خزمەتگوزاری، (2) بۆ موچە. ئەو (3) چالاکییەی دیکە دژ بە سیستمی تەندروستی، بۆ مافی خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئازادیی رۆژنامەگەری بون.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 وتوشیەتی"بەپێچەوانەی مانگی رابردو (شوبات) کە زۆرینەی چالاکیی و ناڕەزاییەکان بۆ موچە رێکخرابون و ژمارەیان (22) چالاکی بو، ئەم مانگە (ئادار) تەنها دو گردبونەوەی ناڕەزایی بۆ موچە رێکخراوە، بەمەش ناڕەزاییەکان لەسەر موچە بە رێژەی (91%) کەمیان کردوە. هیچ گردبونەوەیەک (لەگەڵ) یان (دژ) بە پرسی بەبانکیکردن (هەژماری من) ئەنجام نەدراوە."
ئاماژەی بەوەشداوە"گەورەترین و فراوانترین خۆپیشاندانی مانگی ئادار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو، کە لەلایەن رێکخراوەکانی ژنانەوە رێکخرا بو. بەشداربوان لە سەرەتای شەقامی سالم (باخی گشتی) تا (سەهۆڵەکە) بە رێپێوان دروشمیان بۆ یەکسانی بەرز کردبوەوە و هوتافیان دهگوتهوه، بەبێ رودانی هیچ بەرکەوتنێک لە نێوان بەشداربوان و هێزی ئەمنی."
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، تۆڕەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە "ئێوارەی 20ی ئاداری 2025، ئاسایشی هەولێر چالاکوان (هاوڕێ عەبدوڵا سابیر) ناسراو بە (هاوڕێ کوردی) و پاشان (زیوەر محەمەد) ناسراو بە (زیوەر گەردی) لە گەڕەکی نەورۆز دەستگیر کرد، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەکی رەسمی رونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنیان بدات." وتوشیەتی، تۆڕی هاوپەیمانی 19، بەدواداچونی بۆ کەیسی دەستگیرکراوان کرد. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، "تۆمەتەکەیان پەیوەندیی بە بانگهێشتکردنی هاونیشتیمانیانەوە بوە لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بە مەبەستی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز کە ساڵانە لە 20ی ئازار لە چیای قەندیل رێکدەخرێت".
وەك تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئاماژەی پێداوە، هاوڕێ کوردی، وێنەی بانگهێشتنامەی "کۆمیتەی ئامادەکاریی نەورۆزی قەندیل"ی لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوک بڵاوکردبوەوە و لەسەری نوسیبوی: "خۆشەویستانم لە شاری هەولێر". تێیدا دەڵێت: "بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ئۆتۆمبێلی گواستنەوە (پاس) دابینکراوە بەخۆڕایی، هەر کەسێک دەیەوێت بەشدار بێت لە ئاهەنگی نەورۆز دەتوانێت پەیوەندیم پێوە بکات."