كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە دەستیپێكرد
  2025-04-05       405       

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، سێیەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی دەستی پێكرد. بزوتنەوەی گۆڕان-كوردسات-یش دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە 10ی نیسان كۆنفرانس دەبەستن.

ئاوێنە: كۆنفرانسەكە لەژێر دروشمی "هاونیشتمانی، دەستور، دیموكراسی" لە هۆڵی كۆنفرانسەكان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە هەزارو 200 ئەندام بەڕێوەدەچێت و بڕیارە یەك رۆژ بخایەنێت.

لە كۆنفرانسەكەدا ئەندامانی جڤانی نیشتیمانی بزوتنەوەكە هەڵدەبژێردرێن و دروشم و لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرێتەوە بە دروشم و لۆگۆی سەردەمی نەوشیروان مستەفا.

یاسین حەمەعەلی، وتەبێژی كۆنفراسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان-گردی زەرگەتە بەر لە دەستپێكردنی كۆنفرانسەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە كە "سێیەمین كۆنفرانسی نیشتمانی خۆی بەپێی یاسا كارپێكراوەكان و لەسەر بڕیاری فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، گرێ دەدرێت."

وتیشی"ئەم كۆنفرانسە كۆنفرانسی سەرجەم گۆڕانخوازانەو لەژێر دروشمی هاونیشتمانی، دەستور، دیموكراسی بە ئامانجی دوبارە سەرپێخستنەوەو هەستانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەچێت."

ئاماژەی بەوەشدا كە بڕیارە كۆنفرانسەكە لەمڕۆدا كارەكانی تەواو بكات بەڵام ئەگەر پێویست بو بۆ رۆژی دواتر درێژدەكرێتەوە.

لەبارەی ئەوەی گۆڕانی كوردسات-یش رایگەیاندوە كە رۆژی 10ی ئەم مانگە كۆنفرانس دەكەن، یاسین حەمەعەلی وتی، كۆمسیۆن یەك بڕیاری هەیە لەوبارەیەوەو ئەمڕۆی دیاریكردوە بۆ كۆنفرانس.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×