سکرتێری گشتی بزوتنەوەی ئاشوری داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشبەرەکەی سەر ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لەدهۆک بۆ ڕای گشتی بخەنەڕوو.
ئاوێنە: یەعقوب گۆرگیس، سکرتێری گشتی بزوتنەوەی ئاشوری لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دوای تێپەڕبونی هەفتەیەک بەسەر هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لەدهۆک، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی سەری ساڵی بابلیو ئاشورییەکان، تاکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ رونکردنەوەیەکیان لەبارەی هێرشەکە رانەگەیاندووە تاکو بزانین هۆکارەکانی پشت هێرشە چین، دیار نیە کە هێرشبەرەکە پاڵنەری کەسی و تایبەتی هەبوە یان لایەنێکی دیاریکراوی لەپشت بووە، داواکارین بە زوترین کات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.
سکرتێری گشتی بزوتنەوەی ئاشوریەکان لەبەیاننامەکەدا پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبەرامبەر ئەوەی نوێنەرایەتی سەرجەم هاوڵاتیان دەکات بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینیو رەخنە لەراگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم دەگرێت، کە دوای هێرشبەرەکەی سەر ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ بڵاویکردەوە، ناوی نەتەوەی ئاشوری سریانی کلدانی نەهێناوە، گۆرگیس دەڵێت "من زۆر بەتوندی ڕەخنە لەم جۆرە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەیە دەگرم کە بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی ئێمەدا دەکات".
گۆرگیس دەڵێت "چەندین جار پارێزگاری دهۆک بانگهێشت کراوە تاکو بەشداری لە ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ بکات، بەڵام بەشداری نەکردوە، لەکاتێکدا لەسەرجەم وڵاتانی جیهانەوە میوانان سەردانی دهۆکیان کردوە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی سەری ساڵی ئاشوری، ئەم جۆرە مامەڵە و ڕەفتارکردنە لەگەڵ گەلی ئاشوری و هێرشی تیرۆرستی بۆ سەرمان و بێ بایەخ تەماشاکردنی بۆنە و جەژنەکانمان لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە".
لە رۆژی 1ی نیسانی 2025، لە کاتێکدا کە خەڵکی پارێزگای دهۆک لە رێوڕەسمەکانی جەژنی رەمەزان و جەژنی ئەکیتۆ بوون، کەسێکی هەڵگری بیروباوەڕی تیرۆریستیی سەر بە داعش بە ئامێرێکی تیژەوە لە ناوبازاڕ هێرشی کردە سەر هاوڵاتییان و دوو کەسی بریندار کرد.