لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرمی ژنێک لە نێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە کە "شوێنەواری فیشەک بە سەریەوە بووە".
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٥ ئاکام قوتبەدین وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر (٩:٠٠)ی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی ژنێک لە گەڕەکی سەرای شاری هەڵەبجە لە نێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە".
هەروەها سەبارەت بە ناسنامەی ژنەکە، باسی لەوەشکردووە، قوربانییەکە ساڵی (١٩٨٧) لە دایکبووە و هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی سێ منداڵە.
ئاماژەی بەوەش كردووە" بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تیمەکانی بەڵگە و تاوان شوێنەواری فیشەک بەسەری ژنەکەوە دیار بووە".
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە و تەرمەکەش ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە ڕووداوەکە خۆکوژی بووە و یان کوژراوە.