عێراق كۆپته‌رو سیستمى موشه‌كى ڕادار له‌كۆریاو فه‌ره‌نسا ده‌كڕێت
  2025-05-19       158       

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشكرایكرد، سیستمی موشەکی ڕادارو کۆپتەریان لەکۆریای باشورو فەرەنسا کڕیوە، ده‌شڵێت:"بەشێکی گەیشتوەتە دەستمان‌و بەشەکەی دیکەش ساڵی داهاتوو بەدەستمان دەگات".

ئاوێنە: لیوا تەحسین خەفاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشكرایكرد، "هاوکات لەگەڵ کڕینی 14 کۆپتەری جۆری کاراکاڵی فەرەنسی، گرێبەستی کڕینی چەندین ڕاداریشمان بۆ بەرگریی ئاسمانی لەفەرەنسا کردوە کە بەشێکی گەیشتوەتە دەستمان‌و بەشەکەی دیکەش ساڵی داهاتوو بەدەستمان دەگات".
 
ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆریای باشور کردوە، بۆ کڕینی چەند سیستمێکی موشەکی، کە ئەوەش پاڵپشتێکی باش دەبێت بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی وڵات، لەخشتەی بودجەی ساڵی 2024، بڕی هه‌شت ترلیۆن‌و 633 ملیار دینار وەکو بودجەی وەزارەتی بەرگریی دیاریکرا".
 
بەوتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق، "ئامانجی سەرۆک وەزیران‌و وەزارەتەکەمان بەهێزکردنی زیاتری بەرگریی ئاسمانییە، ئەوەش لەڕێگەی زیادکردنی بڕی بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتەکەمان‌و گرێبەستکردن بۆ کڕینی چەک‌و پێداویستی".

ڕۆژی 30ی نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، "لەچوارچێوەی گرێبەستەکەمان لەگەڵ فەرەنسا، وەکو گوژمەی یەکەم؛ دوو کۆپتەری جەنگیی لەجۆری کاراکاڵ گەیشتنە بەغدا".
 
لیوا تەحسین خەفاجی ئه‌وه‌شى وتوه‌، "بەگوێرەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای ئیێرپاسی فەرەنسی کردومانە، تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو، 14 کۆپتەری جەنگی لەجۆری کاراکاڵی فەرەنسی، دەگەنە عێراق".

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×