د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەر كاتێك خشتەكانی بودجەی 2025 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكران، پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە.
ئاوێنە: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیای یەكێتی رایگەیاند"وەزارەتی دارایی عیراق، بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و سەرەموچەی فەرمانبەرانی عێراق، نوسراوێكی ئاڕاستەی فەرمانگەكان كردوە، بەڵام ئەوە بە مانای دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە نایەت، بەڵكو بۆ زانینی خەرجی پلەبەرزكردنەوە و سەرەموچەیە، تاكو بزانرێت تێچوی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و سەرەموچە چەند پارەی پێویستە و لە بودجەی ئەمساڵدا چەندی بۆ تەرخانبكرێت".
وتیشی"ئێستا پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە عیراق و هەرێمی كوردستان راگیراوە، بەڵام هەركاتێك ئەنجومەنی نوێنەران خشتەكانی بودجەی 2025 ی پەسەند كرد پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە."