پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند، ئەگەر پێش جەژن بەغدا موچە نەنێرێت، ئەوا سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردسستان لە ئاستی باڵا بڕیاری خۆی دەدات.
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی وتی، نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق کە دژی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دەری کردوە، شتێکی تازە نییە، کاری لەو شێوەیان دژی هاوڵاتییانی هەرێم زۆر کردوە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئەم نوسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق پێشیلی دەستورە و، سەلمێنەری ئەوەشە کە وەزارەتەکە بڕوای بە دەستوری وڵاتەکە نییە و میزاجی خۆی کردوەتە بنەما بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکە.
بەقسەی پێشەوا هەورامانی، ئەو كارەی وەزارەتی دارایی عێراق هەم فشارە، هەم پێشێلکردنی مافی هەرێمی کوردستانە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتیشی، ئەگەر ئەم سیاسەتی برسیکردنەی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ئەوا تەنیا بە کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا کۆتایی نایەت، بەڵکو بە دڵنیاییەوە حکومەت و سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەرگیز قبوڵی ناکەن.
لە درێژەی قسەکانیدا، پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق لە ڕاستیدا بڕوای بە فیدراڵییەت نەماوە، تەنیا ماوە ئەو شتەمان بە ڕاستەوخۆ پێ بڵێن.
راشیگەیاند: بڕیارەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە دەستی دەرەکیشی تێدایە، ئەگەرنا عێراق هێندە بەهێز نییە بڕیارەکانی بە تەنیا بدات.
لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پێشەوا هەورامانی، وتی: سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵا، دەستیان کردوە بە گفتوگۆ لەگەڵ بڕیاربەدەستدانی حکومەتی فیدراڵ، بۆ چارەکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی.
لەبارەی موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەگەر پێش جەژن وەک نییەتپاکی بەغدا موچەی مانگی پێنج نەنێرێت، ئەوا ئەو کات سەرکردایەتی سیاسیی کورد بڕیاری خۆی دەدات.
وتیشی: مایەی دڵخۆشییە کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان پەیامێکی هاوبەشیان هەبو و یەک دەنگ و یەکڕیز بون، ئەمەش بەهێزترین کارتی فشارە دژی ئەو زوڵمانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.