كامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی رێكخراوی (CPT) ڕایگەیاند، لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردودا توركیا 128 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە كە هەموی تۆپباران بوە و 83 هێرشی بۆ سەر چیای نزارکێ بوە، هەروەها 45 جاریش گوندەکانی بەری گارێ-ی تۆپباران كردوە كە هەردویان لە قەزای ئامێدین.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێكخراوی (CPT) ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ڕۆژی 24ی ئەم مانگەوە سوپای تورکیا 83 جار هێرشیکردوەتە سەر چیای نزارکێ، لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی.
ئاماژەی بەوەشكرد، تەواوی هێرشەکان بۆ سەر یەک شوێنی دیاریکراوبون و هەمو ڕۆژێک لە ڕێگەی تۆپخانەکانیەوە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی تۆپباران کردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە هەمان کاتدا و لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردودا، سوپای تورکیا 45 جار تۆپبارانی گوندەکانی بەری گارێ-ی لە سنوری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی کردوە.
ئەوەشی خستەڕو، لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردودا، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە 128 هێرش و هەموشی تۆپباران بوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبونەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی تۆپباران و هێرشەکان بونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتوانی سنوری قەزای ئامێدی.