هەسەدە كۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی توركیا ڕەتدەكاتەوە
  2025-05-31       350       

دوای ئەوەی پێگەی ئەلمۆنیتۆر-ی ئەمریكی بڵاویكردەوە كە بەرپرسانی باڵای توركیا داوای كۆبونەوەیان لە مەزڵوم عەبدی كردوە و ڕەنگە وەزیری دەرەوە یان سەرۆكی میت لەگەڵیدا كۆببنەوە. ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو هەواڵەیان ڕەتكردەوە و دەڵێت، "نە سەرکردایەتی هێزەکانمان و نە هیچ شاندێك پێشنیازی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی پێنەگەیشتوە".

 ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەندێک زانیاری ناڕاست لە راپۆرتێکی "ئەلمۆنیتۆر"دا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بەوەی سەرچاوە ناوچەییەكان بە پێگەكەیان راگەیاندوە، كە وەزیری دەرەوەی تورکیا یان بەرپرسی هەواڵگری تورکیا پێشنیازیان پێشكەش كردوە، بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانیان.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو زانیاریانە ناڕاستن و نە سەرکردایەتی هێزەکانیان و نە هیچ شاندێك کە نوێنەرایەتی ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بکات لە دیدارەکانی لەگەڵ دیمەشق، هیچ پێشنیازێكی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی لە هیچ لایەنێکەوە پێنەگەیشتوە.

ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ هەینی پێگەی ئەلمۆنیتۆر لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، بەرپرسانی تورکیا پێشنیازیان کردوە لە دیمەشق کۆبونەوەیەکی باڵا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی بکەن، بەڵام بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەیان وابەستەی ئەنجامی گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا كردوە.
 
دەشڵێت، "رەنگە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا یان ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی (میت)، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق کۆببێتەوە، دوای ئەوەی شاندی کوردی لەگەڵ حکومەتی سوریا کۆبوەوە. هەروەها کۆبونەوەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و بەرپرسانی باڵای تورکیا، بەندە بە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەوە کە بڕیارە لە دیمەشق بەڕێوەبچن".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×