شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی لەبارەی بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، دەڵێت، پێموایە ئێستا كاتی ئەوەیە لە بەغدا بكشێینەوە.
ئاوێنە: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی، لە پەیامێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی، ئەمڕۆ دوای گفتوگۆیەکی دورودرێژ لەگەڵ خوشک و برایانم لە سەرۆکی فراکسیونە کوردستانییەکان لەبارەی بڕیاری نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەسوپاسەوە وەکو هەمیشە بەیەک دەنگ کۆمەڵێک بڕیار درا.
وەك شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی پێداوە، "گرنگترین" بڕیاریان "ئاڕاستە کردنی نوسراوێک بو بۆ سەرۆک وەزیران لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بەفەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت و چوەتە خانەی برسیکردنەوە، هەروەها داوامان کرد ئەو پێشێلکارییانە رابگرێت و موچە رەوانە بکات و کێشەکان لە بنەرەتەوە چارەسەر بکرێن و چیتر موچە وەکو کارتی سیاسی بەکار نەهێنرێت لەدژی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێم."
شاخەوان عەبدوڵا وتوشیەتی"جگە لەوە داوامان لە بەرێز سەرۆک کۆمارو وەزیرەکانی کورد کردوە هەڵوێستی رونیان لەو بارەوە بخەنەڕو، هەروەها ئەوەمان رونکردەوە هەڵوێستی دواترمان بەندە بەشێوازی وەڵامدانەوەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەو داوایەی ئێمە."
جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتوشیەتی"لەسەر بابەتی کشانەوە یان بایکۆتی ئێمە لەبەغدا چەند جارێک داوامان کردوە ئەو بڕیارە بدرێت، بەڵام هەمیشە بوار بە گفتوگۆ دەدرا و ئومێد وابو کێشەکان چارەسەر بن، بۆیە هەرکات بڕیاری بایکۆت یان پاشەکشە یان هەر بڕیارێکی تر دەربچێت ئێمە بەتایبەتی خۆم لەماوەی یەک کاتژمێر جێبەجێی دەکەم و پێشم وایە کاتێتی."