وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێم دەداتەوە
  2025-05-29       1732       

وەزارەتی دارایی عێراق لە وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمدا جەخت دەكاتەوە كە بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم بەشێك لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی رادەست نەكردون، زیاتر لە پشكی خۆی لە بودجەدا بەركەوتوەو دەشڵێت، حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی پێشێلكردنی ئەوەی دەكەوێتە ئەستۆ كە لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم هاتوە.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی نوسراوەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پابەندكردوە بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی بە حكومەتی فیدراڵ و لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی عێراقیان پابەندكردوە بە تەمویلكردنی موچە.

ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبوە بە یاسای بودجەو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیەوە بەڵام حكومەتی هەرێم پابەندنەبوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، بەپێی یاسا، هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و چاودێری دارایی هەرێم راپۆرتی خۆیان لەبارەی حساباتی حكومەتی هەرێم دەركردوەو دەركەوتوە كە بەشێك لە داهاتی نەوتی و نانەوتی هەن كە رادەستی حكومەتی فیدراڵ نەكراون.

ئەوەشی وتوە، وێڕای ئەوەی تەمویلكردنی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە چوارچێوەی پشكی هەرێمدایە كە لە یاسای بودجە دیاریكراوە، بەڵام ئەو داهاتە نەوتی و نانەوتیانەی كە حكومەتی هەرێم رادەستی خەزێنەی گشتی نەكردون، بوەتە مایەی ئەوەی كە هەرێم زیاتر لە پشكی خۆی كە لە یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵدا دیاریكراوە، بەركەوێت.

لەبەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەیدا وەزارەتی دارایی عێراق وتویەیت، حكومەتی هەرێم پابەند نەبوە بە تەوتینكردنی موچە بەپێی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵی وێڕای تێپەڕبونی ماوەیەكی زۆر.

جەختیشی كردۆتەوە كە حكومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی پێشێلكردنی ئەوەی دەكەوێتە ئەستۆ كە لە بڕیاری دادگای فیدراڵیدا سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم هاتوە لە ئاكامی رادەست نەكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بە خەزێنەی گشتی.

هەروەك لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتوە، پابەندنەبونی حكومەتی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت بە سۆمۆ بەگوێرەی یاسای بودجە و هەروەها هەناردە نەكردنەوەی نەوت لەدوای هەمواری یاسای بودجە، بۆتە مایەی زیانگەیاندن بە خەزێنەی گشتی بە بەهای ترلیۆنان دینار ئەوەش بەپێی راپۆرتی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری فیدراڵ و هەرێم.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×