وەزارەتی دارایی هەرێم بە نوسراوی رەسمی وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە
  2025-05-29       392       

وەزارەتی دارایی هەرێم لە نوسراوێكی رەسمیدا لەبارەی موچە وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە و دەڵێت، وەزارەتەكەتان پێچەوانەی دەستوری عێراق، پشكی هەرێمی كوردستانی پشت بەست بە خەرجی كردەیی دیاریكردوە لەكاتێكدا دەبێت لەسەر بنەمای داهاتە فیدراڵییە كۆكراوەكان دیاری بكرێت.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نوسراوێكی رەسمیدا كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراقی كردوە، وەڵامی نوسراوەكەی دوێنێی ئەو وەزارەتەی داوەتەوە كە تێیدا رایگەیاندبو، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی سێ ساڵە بە زیادەوە نێردراوەو چیتر ناتوانن موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرن.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە نوسراوەكەیدا بۆ وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە، ئەو رێڕەوەی وەزارەتەكەتان گرتویەتییەبەر بۆ دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستان بەپشت بەستن بە خەرجی كردەیی، پێچەوانەی بەندەكانی دەستوری عێراقە و دیاریكردنی پشكی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای داهاتە فیدراڵییە كۆكراوەكان بێت نەك خەرجی كردەیی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، پشتبەستن بە نوسراوی ژمارە (4/اتحادیە/2025/303)ی دادگای باڵای فیدراڵی (كە بڕیار نییە وەك لە نوسراوەكەی ئێوەدا هاتوە) بۆ نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دروست نییەو باركردنی ناوەڕۆكێكە لەسەر ئەو نوسراوە كە هەڵیناگرێت، چونكە نوسراوەكەی دادگای فیدراڵی هیچ ئاماژەیەكی ئاشكرا یان پەنامەكی تێدا نییە لەبارەی نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ئەو جۆرە لێكدانەوەیە بۆ ئەم نوسراوە، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دادەماڵێت لە ناوەڕۆك و ئامانجەكەی بۆ هێنانەدی دادپەروەری لەنێوان چین و توێژە جیاجیاكانی گەلی عێراقی بەتایبەت لە پەیوەست بە قوتی هاوڵاتیان و خەركردنی موچە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بڕیاری دادگای فیدراڵی كە باس لە خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵانە دەكات، مەبەست لێی خەركردن نییە بەرێژەی 12،67% لە خەرجی كردەیی لەدوای دەركردنی خەرجی حاكمەو سیادی، ئەوەش لەڕوانگەی هەوڵی دادگاگە بۆ هێنانەدی بنەمای یەكسانی لە ماف و ئەركدا لەنێوان هاوڵاتیان لە هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عێراق.

ئەوەشی خستۆتەڕو، رێككەوتن لەسەر موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ ساڵی 2025 كراوە بە خەمڵاندنی موچەی ساڵەكە بە بڕی 13 ترلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن لە میانی سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لەسەرەتای ئەمساڵدا ئەوەش بە ئامادەبون و سەرپەرشتی خودی خۆتان. لەو بڕە تاوەكو ئێستا 4 ترلیۆن و 223 ملیارو 625 ملیۆن و 165 هەزار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی داراتیی لە بانكی ناوەندیی عێراق و بۆ ئەمساڵ 9 ترلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینار ماوە بنێردرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێم وتوشیەتی، وێڕای ئەوەش لە نوسراوەكەتاندا ئاماژەتان بە كۆمەڵێك خەمڵاندن و ژمارە داوە كە لەسەر بنەمای روانگەیەكی مەركەزی و تەفسیری تاكلایەنەن، لەوانە حسابكردنی بڕی داهاتی نانەوتی و هەروەها داهاتی نەوتی بەبێ ئەوەی تێچوی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و شایستەی دارایی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم حساب بكەن و هەروەها جگە لەو بڕەی كە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەباو بەكارهێنانی ناوخۆیی لە بەرهەمە نەوتییەكان، هەروەها ئەو داهاتانە خەركراون بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كە بەهۆی نەناردنی تەواوەتی موچەوە دروست بوە لەگەڵ خەرجی تەشغیلی كە هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەو مەبەستە بۆ هەرێم نەنێردراوە.

دارایی هەرێم وتوشیەتی، بەگوێرەی ئەوەی خستمانەڕو لە بڕگەكانی دەستورو بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسا بەركارەكان، پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەردەوام بێت لەسەر تەمویلی موچەی موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی موچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق و خۆی بەدوربگرێت لە دروستكردنی كۆسپی نادەستوری لەبەردەم نەناردنی موچە. جگەلەوەش هەرێمی كوردستان بێبەشكراوە لە دامەزراندنی نوێ لەكاتێكدا سەدان هەزار پلەی وەزیفی لە حكومەتی فیدراڵی تەرخان كراون، بەبێ رەچاوكردنی دادپەروەری لەوبارەیەوە.

ئەوەشی وتوە، حكومەتی فیدراڵ تاوەكو ئێستا پابەندی خۆی بەجێنەهێناوە بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانمەندانی لە قوربانیانی پڕۆسەی ئەنفال و كۆمەڵكوژی و كیمیابارانی هەڵەبجەو لەوبارەیەشەوە هیچ رێوشوێنێكی نەگرتۆتەبەرو لەبری ئەوە هەمو بیانویەك بەكاردەهێنێت لەپێناو نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا.

نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم:

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×