هۆکاری سەرەکیی جەڵتە لەنێو گەنجانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا كرا
  2025-05-29       768       

پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی دڵ هۆشداری دەدەنە گەنجان و رایدەگەیێنن، بەرزەچەوریی خوێن و جگەرەکێشان دوو هۆکاری سەرەکیی جەڵتەن لەنێو گەنجان و زۆرجاریش کەسەکە چەورییەکانی بەرزن، بەبێ ئەوەی پێی بزانێت، هەر بۆیە لەناکاو جەڵتە لێی دەدات.

ئاوێنە:  لەمبارەیەوە د. شوان عوسمان، پسپۆڕی ورد و راوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە رایگەیاند: جگەرەکێشان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە هەرە باوەکان کە لوولەکانی خوێن لە گەنجاندا دەگرێت و تەسکیان دەکاتەوە، هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد، 44٪ـی ئەوانەی دێنە سەنتەری دڵ لە هەولێر لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێن.

 
لەسەر ئەم پرسە د. سەڵاح شنگالی، دووپاتیکردەوە لەنێو گەنجان بە توێژینەوە سەلمێندراوە، رێژەی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاد بووە، وتیشی، ''رەگەزی نێر زیاتر دووچاری نەخۆشییەکانی دڵ دەبن''.
 
ئەوەشی بە پێویست دانا کە شەکرە و چەورییەکان هەمیشە کۆنتڕۆڵ بن و پشکنینی پێشوەختەش بۆ زانینی رێژەی چەوری و شەکری خوێن بکرێت.
 
لای خۆیەوە د. کارزان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵە بە رووداوی راگەیاندووە: ''یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن، نەخۆشییەکانی دڵن''. دەتواندرێت بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست رێگری لەو نەخۆشیانەش بکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×