كۆمەڵ: ئۆباڵی كێشەی موچە بەپلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێم
  2025-05-29       440       

ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری داوا دەكات بەرپرسانی بەغدا موچە وەك فشاری سیاسی بەكار نەهێنن بۆ دەستشكانەوەی بەرپرسانی هەرێم لەسەر حسابی هاوڵاتی و دەشڵێت، ئۆباڵی كێشەكە بەپلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێم.

ئاوێنە: ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"موچەی فەرمانبەرانیش کە قوتی خەڵکە ناکرێ بکرێتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن و قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و لێدوانی نابەرپرسانەی هەندێک کەسی دەسەڵاتدار."

وتوشیەتی"ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری، دەخوازین بەرپرسانی بەغدا موچە وەک فشاری سیاسی بەکارنەهێنن بۆ دەستشکانەوەی بەرپرسانی هەرێم لەسەر حسابی هاوڵاتی."

ئاماژەی بەوەشداوە"بەداخەوە جارێکی دی هاوڵاتیان دەبێ باجی هەڵەی بەرپرسانی هەردولا بدەن و بە گیرفانی خاڵی جەژن بەڕێ بکەن."

كۆمەڵ پێی وایە "ئۆباڵی کێشەکەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، بەڵام بێگومان حکومەتی فدراڵیش بەشێکی تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، بەو پێیەی موچە وەک کارتی سیاسی بەکاردەهێنێت و دەشزانێت کە خەڵک باجەکەی دەدەن."

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەداخەوە کێشە و ناتەباییەکانی هەرێم و بەغدا لەسەر هەندێ پرسی بەبنبەست گەیشتو زۆر جار هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن، موچەی فەرمانبەرانیش کە قوتی خەڵکە ناکرێ بکرێتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن و قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و لێدوانی نابەرپرسانەی هەندێک کەسی دەسەڵاتدار.

ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری، دەخوازین بەرپرسانی بەغدا موچە وەک فشاری سیاسی بەکارنەهێنن بۆ دەستشکانەوەی بەرپرسانی هەرێم لەسەر حسابی هاوڵاتی.

لە بەرەجەژنان و ڕۆژە پیرۆزەکانی نۆمینەی حاجییان دەبو هاوڵاتیان دڵخۆش بکرێن تا بەخۆشحاڵییەوە بەرەو جەژن بڕۆن، بەڵام بەداخەوە جارێکی دی هاوڵاتیان دەبێ باجی هەڵەی بەرپرسانی هەردولا بدەن و بە گیرفانی خاڵی جەژن بەڕێ بکەن.

لەکاتێکدا لای هەموان ڕونە کە بابەتی موچە کراوەتە چەکی ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداو هاوڵاتیانی هەرێمی پێوە گیرۆدە کراوە، ئۆباڵی کێشەکەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، بەڵام بێگومان حکومەتی فدراڵیش بەشێکی تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، بەو پێیەی موچە وەک کارتی سیاسی بەکاردەهێنێت و دەشزانێت کە خەڵک باجەکەی دەدەن.

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان

٢٠٢٥/٥/٢٩

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×