فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بڕیارێك بۆ لێدان لە كەرامەتی فەرمانبەرانی هەرێم و سزادانی بە كۆمەڵ ناودەبات و دەشڵێت، داوامان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە دەستوەردانی بەپەلە بكات بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
ئاوێنە: فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم "توشی شۆكێكی گەورە"ی كردین.
ئاماژە بەوەشدەدەن، لەڕوانگەی ئەو دۆخە مرۆیی و ئەو هەلومەرجەی كە فەرمانبەرانی هەرێم پێیدا تێپەڕیون و بەهۆی سیاسەتی وەزارەتی دارایی عێراقەوە، گەیشتۆتە رادەی برسیكردن و دژایەتیكردنی قوتی رۆژانەیان، ئەم بڕیارەی وەزارەتەكە بە ئامانجگرتنی سیاسییەو پێچەوانەی دەستوری عێراقە كە جەختی لە دەستەبەركردنی كەرامەتی هاوڵاتی كردۆتەوە لە هەر دۆخێكدا بێت.
دەشڵێن، بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق زیاترە لە لێدان لە كەرامەتی هاوڵاتیانی هەرێم كوردستان و ئەو سیاسەتە سەرەڕۆیانەیەی كە وەزارەتەكە پەیڕەوی دەكات لە پەیوەست بە هەرێمی كوردستانەوە رەچاونەكردنی بڕگەكانی ماددەی 14ی دەستورە كە مافی هاوڵاتیانی عێراقی بە یەكسانی و دادپەوەری لە سەرتاسەری عێراق مسۆگەر كردوە.
فراكسیۆنە كوردستانییەكان هێماش بۆ ئەوە دەكەن، ئەمڕۆ بەڕەسمی داوامان لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردوە كە دەستوەردانی بەپەلە بكات بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و مافی هاوڵاتیان نەبەستێتەوە بە هیچ ناكۆكییەكی سیاسی و تەكنیكییەوە.
جەختیش دەكەنەوە كە موچە منەت نییە بەڵكو سایشتەیەكی دەستوری و مرۆییە كە دەستورو یاساكان بۆ خاوەنەكەی مسۆگەریان كردوە، دواخستن و راگرتنی سزایەكی بەكۆمەڵە كە تەنیا فەرمانبەران بەرگەی دەگرن.
دەشڵێن، هەروەها داواشمان كردوە كە كێشەی موچە بەشێوەیەكی ریشەیی و هەمیشەیی چارەسەربكرێت.
جەختیش دەكەنەوە، هەڵوێستمان وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان گرێدراوە بە وەڵامی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بۆ گرتنەبەری هەنگاوی دیكە كە لە ئاست رادەی ئازاری فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت.
فراكسیۆنە كوردستانییەكان داواش لە سەرۆك كۆمار و وەزیرە كوردییەكان لە حكومەتی عێراق دەكەن كە هەڵوێستی رون و راشكاوی خۆیان دەرببڕن لەبارەی ئەوەی كە لەدژی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت.