كارەبای سلێمانی رایگەیاند، كارەبای 14 گەڕەك و 4 سیتی دیكە لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، كرایە كارەبای 24 سەعاتی. وەزارەتی كارەباش دەڵێت، تاوەكو ئێستا زیاتر لە یەك ملیۆن هاوڵاتی لە سەرانسەری هەرێم كارەبای 24 سەعاتیان بۆ دابین كراوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەچوارجێوەی پرۆژەی روناکی وەک قۆناغی دوەم، 14 گەڕەک و 4 پرۆژەی نیشتەجێبون (سیتی) لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کارەباکەیان كرایە بەردەوام و 24 کاتژمێری کە لە 30 فیدەرەوە کارەبا وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەئامادەبونی هیوا عەبدوڵا، جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلیمانی و بەڕێوەبەری تەکنیک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، فیدەرەکان هەڵكران.
بەپێی راگەیەندراوەكە، گەرەکەکانیش بریتین لە:
1- کازیوەی 1و 2
2-سەیوان
3-گۆیژە و گۆیژەی نوێ
4-هەوارەبەرزە
5-توی مەلیک
6-عەلی کەمال
7-ئازادی
8-شەهیدانی ئازادی
9-ئیسکان
10-ئیسڵاح
11-ئیبراهیم ئەحمەد نزیک مزگەوتی بەهەشت.
12-سەرکارێز پشت ئامادەیی سلێمانی کچان
هەروەها سیتییەكانیش پێكدێن لە: گۆیژە سیتی، شاری خەونەکان، شاری دایک، گوندی ئەڵمانی 3.
كارەبای سلێمانی وتوشیەتی، کۆی گشتی ئەو هاوبەشانەی لەم قۆناغە کارەباکەیان دەبێت بە بەردەوام بریتین لە 25,813 هاوبەش کە 23,733 ماڵان و 2,080 بازرگانین.
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوێكدا وتی، پڕۆژەی ڕوناکی بەردەوامە لە فراوانبون و تائێستا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە و نزیکەی 1300 مۆلیدەی تایبەت وەستێنراون کە یەکسانە بە 225 هەزار ئۆتۆمبێل لەڕوی دەردانی گازی ژەهراوییەوە. هەروەها تاوەکو ئێستا نزیکەی 60 هەزار شوێنی بازرگانی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێدەگات و ناوچەکانی دیکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.