تەیف سامی بۆ حكومەتی هەرێم: ناتوانین موچە بۆ هەرێم بنێرین
  2025-05-28       768       

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە نوسراوێكدا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرێم پشكی خۆی لە بودجەی سێ ساڵی بە زیادەوە وەرگرتوەو بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵیش ناتوانین بەردەوام بین لە ناردنی موچە بۆ هەرێم.

ئاوێنە: تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە نوسراوێكدا لەبارەی موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم كە ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردوە، بەپشت بەستن بە داتا وردبینیكراوەكان لەلایەن هەردو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق، داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی كوردستانی لە ماوەی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 خستۆتەڕو.

وەزیری دارایی عێراق لە نوسراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەپێی ئەو داتا وردبینیكراوانە، هەرێمی كوردستان زیاتر لە پشكی حۆی لە بودجە سێ ساڵییەكە وەگرتوە كە 12.67%یە.

تەیف سامی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی عێراق ناتوانێت بەردەوام بێت لە تەمویلكردنی هەرێمی كوردستان و وێڕای ئەوەش هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا هەڵنەساوە بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی خۆی.

لەلای خۆیەوە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەیەكی نوسراوەكەی وەزیری دارایی عێراقدا، وتویەتی، وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ ٢٨/٥/٢٠٢٥ بەنوسراوی ژمارە ١٤٥٠٢ دەربارەی موچەی مانگی (٥) حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردۆتەوە گوایە تەرخانکراوی دارایی هەرێم 12.67 لەیاسای بودجەی سێ ساڵیی کۆتایی هاتوە، ئەمەشی بەوجۆرە هەژمارکردووە هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ حساب کردووە لەگەڵ ئەوەی کە ناردویەتی بۆ هەرێم.

سۆران عومەر پێی وایە "ئەمەش پێشهاتێکی تازەیەو ساڵی ڕابردوو بۆ بودجەی ٢٠٢٤ بەغدا لە مانگی ١٠ ئەمە ڕویدا ئەمساڵ بۆ بودجەی ٢٠٢٥ لە مانگی ٥ ئەمە بەهەرێم دەڵێت."

ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەم بابەتە پێویستی بەهەڵوێستەو کێشمەکێشی نوێ هەیەو موچەی ٨ مانگی خەڵک دەخاتە بەردەم مەترسی!"

سۆران عومەر وتوشیەتی"داهاتی نەوت کە هەرێم بردویەتی و نادیارەو داهاتی ناوخۆش کە ١/٥ی گەڕێنراوەتەوە بۆ بەغدا موچەی ٨ مانگی ئایندەی خستۆتە بەردەم گەورەتری مەترسی."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×