یەکەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ڕانیە تۆمارکرا و وتەبێژی تەندرووستی ڕاپەڕین ڕاگەیاند، پیاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵە و پیشەی ئاژەڵدارە و لە ئێستادا بەرەو نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بەڕێ کراوە.
ئاوێنە: کەمێک پێش ئێستا، یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین تۆمار کرا و بە مەبەستی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی کراوە.
سەبارەت بە بابەتەکە تەها محمەد وتەبێژی تەندرووستی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: حاڵەتێکی دیکە بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە و پیاوێکی دانشتووی شارەدێی بۆسکێنە لە شارۆچکەی ڕانیە لە دەڤەری ڕاپەرین تەمەنی ٢٩ ساڵە، توشبووەکە پیشەی ئاژەڵدارە و بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە.
باسی لەوەش کرد، دوای گومانلێکردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی، چەندین ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی بۆ ئەو نەخۆشە گیراوەتەبەر، لە ئێستادا ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی کراوە، تا ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وتەبێژی تەندروستی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین و جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی، لەکاتی بوونی گومان و نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن یان بەکارهێنەری بەرهەمەکانی ئاژەڵن لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بێ دواکەوتن.