حكومەتی هەرێم چەند رێنماییەكی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی هەرێم بڵاوكردەوە كە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردوەو دەڵێت، سەردانی نزیكترین كونسوڵخانە یان باڵیۆزخانەی توركیا لەو وڵاتانەی كە تێیدا گیرتان خواردوە بكەن و ڤیزای ترانزێتی 3 رۆژتان پێدەدرێت بەو مەرجەی ئەو تیكتەی كە پێی دەگەڕێنەوە لە یەكێك لە هێڵە ئاسمانییە توركییەكان بڕدرابێت.
ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا چەند رێنماییەكی بۆ ئەو هاوڵاتییانەی هەرێم بڵاوكردەوە كە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی رێنماییەكانە:
ڕێنمایی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردوە
هاونیشتیمانی ئازیز، دوابەدوای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهاناوەچونی هاونیشتیمانیان و گەڕاندنەوەیان بەسەلامەتی کە گەشتەکانیان بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان ڕاگیراوە، بۆ هەمو ئەو هاونیشتیمانیانەی کە پەیوەندیتان بە هێڵە گەرمەکانەوە کردوە، یاخود فۆرمی ئۆنلاینی تایبەتتان پڕ کردوەتەوە و ئەوانەش لە هەرشوێنێکی تری جیهان گیرتان خواردوە، تکایە بفەرمون بە ئەنجامدانی ئەو خاڵانەی خوارەوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا و گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
1. سەردانی نزیکترین نوسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکانی تورکیا (کونسوڵخانە یاخود باڵیۆزخانەی تورکیا) بکەن لەو وڵاتانەی کە تێدا گیرتان خواردوە، ڕاستەوخۆ ڤیزای ترانزێتی (٣) ڕۆژتان پێدەدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی تورکیا، دواتر بە ڕێگەی وشکانی بۆ هەرێمی کوردستان.
2. پێویستە ئەو تکێتەی کە پێی دەگەڕێنەوە، لە وڵاتی تورکیا لە ڕێگەی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان ببڕدرێت و جیاوازی ناکات بۆ هەر فڕۆکەخانەیەکی وڵاتی تورکیا بێت.
3. هاونیشتیمانی ئازیز تکایە لەو خاڵانەی خوارەوە بە وردی لەبەرچاو بگرن:
• دڵنیا ببەوە لەوەی کە تکێتەکەت بڕیبێت بەر لە چونت بۆ کونسوڵخانە بۆ وەرگرتنی ڤیزە، چونکە مەرجە تکێتەکەت لە هێڵێکی تورکی بێت تاوەکو سود لەو کارئاسانییە وەربگری.
• دڵنیاببەوە لەوەی کە (٧٢) کاتژمێرەکەت دوای وادەی دەرچونت بێت لەو وڵاتە، چونکە ڤیزەکە تەنها بۆ (٧٢) کاتژمێرە.
• پێویستە ئەو کەسانەی کە داواکاریی وەرگرتنی ڤیزەی وڵاتی تورکیا پێشکەش دەکەن، ناویان لە لیستی قەدەغەکراوانی ئەو وڵاتە نەبێت و هیچ پێشینەیەکی نایاساییان لەو وڵاتە لەسەر نەبێت.
• ئەگەر هات و پاسپۆرتەکەت، پاسپۆرتی دۆمۆنیکا یاخود هەر پاسپۆرتێکی ترە، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەت لەگەڵ خۆت ببەی بۆ نوسینگەی نێردە دیبلۆماسییەکان، تاوەکو سودمەند بیت لەو کارئاسانییە.
بۆ زانینتان ئەو کارئاسانییە کاتییە و تەنها تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت.
تکایە لە بونی هەر کێشەیەک هەمان هێڵە گەرمەکانی ژوری ئۆپەراسیۆنی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەکار بهێنە و لە کاتی گەیشتنتان بۆ خاڵی سنوریی ئیبراهیم خەلیل، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تیمەکانی پێشوازییەوە لە پێشوازیتاندایە و ئاسانکاریی تەواویان کردوە و لە چاوەڕوانیتاندان.
ئەو هاوڵاتییانەش کە لەو ناوچانەن کە بە وەرگرتنی ڤیزای وڵاتی تورکیا کێشەکانیان چارەسەر نابێت، دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتیمانیەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین.
هیوای گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ هەمو لایەک