هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەڵیت " ئێمە لایەن نین لەشەڕی ئیسرائیلو ئێرانداو داوای پەیوەندی ئاساییو ئاشتیانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەکەین".
ئاوێنە: ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پژاک بەبی بی سی تورکی راگەیاند کە ئەوان پشتگیری لە"پرۆسەی نوێ" لەتورکیا دەکەن، ئەو دەڵێت "بەتەواوی پشتگیری لەبانگەوازەکەی ئۆجەلان دەکەین و ئێمە ئەمە بەچانسێکی گەورە بۆ گۆڕانکاری دیموکراسی بۆ تورکیاو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین".
دەشڵێت "ئەم بانگەوازە و وەڵامدانەوەی ئەرێنی پەکەکە هیوای گەورەی بۆ ئاشتی و دیموکراسی دروستکردووە، بەداخەوە تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا بەشێوەیەکی زۆر تەکتیکی مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردووە و خۆی لە هەنگاونان بەو ئاراستەیە بەدوور گرتووە".
کەریمی جەغت لەوە دەکات کە چەکداماڵین یان هەڵوەشاندنەوە لەکارنامەی پژاکدا نییە، ئەو دەڵێت "ئێمە بانگەشە بۆ خەبات و وتووێژی دیموکراسی بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد دەکەین، هۆکاری هەڵبژاردنی میتۆدێکی چەکداری بۆ هەلومەرج و سیاسەتێکی ستەمکارانە دەگەڕێنێتەوە".
دەشڵێت "لەئێران زەمینەیەکی لەو شێوەیە نییە بۆ چەکدانان، ڕێژیمی ئێران بەتوندوتیژیی هەموو جۆرە بیرۆکەیەکی جیاواز سەرکوت دەکات و کەسانی خەباتکار لەسێدارە دەدات. ئەم واقیعە لەوەش زیاتر لە پرسی کورددا دیارە؛ زۆربەی لەسێدارەدراوەکان لەچالاکانی کورد و زیندانیانی کوردن. چۆن دەتوانین بێ بەرگری بین لەبەرامبەر ڕێژیمێک کە مامۆستایان و چالاکانی ژینگەپارێزی و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە سێدارە بدات؟".
کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان داوای دامەزراندنی پەیوەندی ئاسایی و ئاشتیانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەکەنو ئامادەن، ئەو دەڵێت "تورکیا لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی دەورەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پژاک ئەنجام داوە کە هەندێکیان بە هەماهەنگی و هاوکات لەگەڵ ئێران بوون. "ئێمە هیچ داواکارییو کێشەیەکەکمان لەدەوڵەتی تورکیا نییە، هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە ئێمە لەسەر بنەمای فۆبیای درێژخایەنی ئەم دەوڵەتە بەرامبەر کورد دامەزراوە".
دەشڵێت ""ئێمە هیچ هەنگاوێکمان بەرامبەر تورکیە نەگرتووەبەرو نایگرینەبەر، ئێمە داوای پەیوەندی ئاسایی و ئاشتیانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە ئامادەین بۆ ئەمە".
کەریمی نکوڵی لەوە دەکات کە ئەگەر پەکەکە چەکەکانی دابنێت، بەشێک لەچەکەکانی بگوازرێنەوە بۆ گروپەکانی وەک یەپەگە و پژاک، ئەو دەڵێت "نەخێر، شتی وا بە مومکین نابینین، بۆچی پەکەکە چەکەکانی دەگوازێتەوە بۆ شوێنەکانی تر لەکاتێکدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت؟".
باس لەوەش دەکات کە'پژاک ئەو حزبە نابێت کە شەڕ دەستپێدەکات' لەگەڵ ئێران، کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئاگربەستێکی دیفاکتۆ لەنێوان پژاک و حکومەتی ئێراندا هەیە، کەریمی دەڵێت "هەرچەندە ئێران ئەم ئاگربەستەی پێشێل کردووە، بەڵام ئێمە هێشتا پابەندین پێیەوە، پژاک هەرگیز ئەو لایەنە نابێت کە شەڕ دەستپێدەکات، شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران شەڕی ئێمە نییە یان شەڕی گەلەکەمان نییە، ئێمە لایەنێکی نین لەو شەڕەدا".
دەشڵێت "ئێمە بەدوای چارەسەری دیموکراسیدا دەگەڕێین بۆ کێشەکان، تەنها ئەگەر هێرش بکرێتە سەرمان و گەلەکەمان هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بکرێت، بەرگری لە خۆمان دەکەین بەپێی مافی ڕەوای بەرگریمان، ئێمە لەهەموو کەسێک باشتر ئازاری شەڕ دەزانین، لەهیچ شەڕێکدا هیچ شتێک نییە کە دڵخۆشی لێبکەین، شەڕی ئێران و ئیسرائیل هەبێت یان نا، ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان بۆ مافەکانی گەلەکەمان دەدەین، شەڕ ئازادی و دیموکراسی ناهێنێت. ئێمە لەگەڵ شەڕدا نین. ئەوەی ئازادی و دیموکراسی دەهێنێت، ئەو خەباتە دیموکراسیەیە کە گەلان و ناسنامە و توێژە چەوساوەکان بەڕێوەی دەبەن".
کەریمی جەخت لەوە دەکات کە پەیوەندییەکانی پژاک و پەکەکە لەسەر بنەمای بیرۆکە و فەلسەفەی ئۆجەلان دامەزراونو دەڵێت "ئێمە لەو قۆناغەدا پارتەکەمان دامەزراند کە ئۆجالان پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراسی-ئیکۆلۆژی خستەڕوو. ئێمە ئەم بیرۆکەیەمان پەسەند کردو لەسەر ئەو بنەمایە پارتەکەمان دامەزراند، بێگومان نزیکیی فیکری و فەلسەفی نێوان ئەو دوو هێزە لە بوارەکانی دیکەدا دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی نێوانیان؛ بەڵام ئەمە بە مانای پەیوەندییەکی ئۆرگانیک نییە".
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە، باڵی چەکداری ئەو گروپە بە"یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (EDFK)" ناودەبرێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەسەدان کەس لەهێرشەکانی پژاک بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران دژ بەپژاک کوژراون. بەڵام لەساڵی ٢٠١١ ئاگربەستی دیفاکتۆ لە نێوان ئێران و پژاک دەستیپێکرد.
هاوسەرۆکانی پژاک بریتین لەئەمیر کەریمیو پەیمان ڤیان.
دەسەڵاتدارانی تورکیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پژاک لقی ئێرانی پەکەکە.