بەقایی: خەڵكی ئێران زۆر توڕەیە و كەس ناوێرێت باسی دانوستان بكات
  2025-07-05       311       

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ئێران خەڵك ئەوەندە توڕەیە كەس ناوێرێت باسی دانوستان بكات. دەشڵێت، دەبێت دڵنیابین لەوەی كە روداوەكانی 13ی حوزەیران دوبارە نابنەوە.

ئاوێنە: ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا بە سكای نیوزی وتوە، رای گشتی لە ئێران لە ئێستادا ئەوەندە توڕەیە، تەنانەت کەس ناوێرێت باسی دانوستان و دیپلۆماسی بکات.

بەقایی وتیشی: ئەوەی لە جەنگی 12 رۆژەدا رویدا، دوژمنكارییەكی کتوپڕ و ناڕەوا بو لە دژی ئێرانییەکان كە تێیدا نزیكەی هەزار هاوڵاتی ئێران كوژراون.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین، چونکە نامانەوێت ئەو شتە دوبارە ببینینەوە کە پێی دەڵێین ناپاكی لە دیپلۆماسی.

جەختیشیكردەوە لەوەی، دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان زیانێکی زۆریان بەرکەوتوە.

سەبارەت بە ئەگەری كۆبونەوە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، لە هەفتەكانی داهاتودا وتی: لە پەیوەندی ناڕاستەوخۆدان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هاوتاکانی لە عومان و قەتەر و وڵاتانی دیکە قسە دەکات، وەک وتم دیپلۆماسی هەرگیز کۆتایی نایەت، دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین چی رودەدات، دەبێت دڵنیابین لەوەی کە دوبارەبونەوەی ئەو شتانە نابینین کە لە 13ی حوزەیران رویاندا، کاتێک خۆمان بۆ خولێکی دیکەی دانوستان ئامادە دەکرد، لەناکاو تەقینەوەکان رویاندا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×