جینۆسایدی ئەرمەن لە ئەدەبدا
  2026-02-15       466       
لیۆناردۆ ئەلیشان

جیهانی نائارامی لیۆناردۆ ئەلیشان (١٩٥١ - ٢٠٠٥): قوربانییەکی سووتاندن لەسەر قوربانگەی جینۆسایدی ئەرمەن

پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان

زانکۆی کالیفۆرنیا -  ئەمریکا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

لیۆناردۆ ئەلیشان لە ژیانی کورتی خۆیدا وەک نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی، میراتێکی دەوڵەمەندی ئەدەبیی بەجێهێشتووە، میراتێک کە بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسراو نییە. ئەم نووسینە هەوڵ دەدات ڕۆشنایی بخاتە سەر بەشێکی گرنگی بەرهەمی ئەدەبیی ئەو: داهێنانەکانی لە ژانری ئەدەبی جینۆسایددا. ئەلیشان نەوەی سێیەمی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بوو، میراتگری یادەوەرییە وێرانکەرەکانی داپیرەی بوو، لە ژێر چنگی مۆتەکەی کارەساتەکەدا دەژیا و هەرگیز نەیتوانی تێیپەڕێنێت. ئەو ئازارە هەمیشەییەی کە داپیرەی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونییەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تر بەکێش دەکرد، لە کارە ئەدەبییەکانیدا دەنگی دایەوە و نیگاری جیهانی خەم و ئازارەکانی نەتەوەیەکی قوربانیی دەکێشا. ئەلیشان وەک هونەرمەندێک کە بەدوای جوانیدا دەگەڕێت لە هونەردا، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریی زاڵبوون بەسەر جیهانی ئاڵۆزی جینۆساید بووەوە لەپێناو ڕێکخستن و هاوئاهەنگیی هەستکردندا. ئەو نەیتوانی ئەو دووبەرەکییە چارەسەر بکات و کەسیش ناتوانێت چارەسەری دژواریی ئەو لەتبوونە بکات کە سەپاوە بە سەر هونەرەکەیدا وەک تایبەتمەندییەکی ئەدەبی جینۆساید و یەکگرتوویی وەک هەلومەرجی جوانی لە هونەردا.

"قالۆنچە و فەرشە ئێرانییەکە" چیرۆکێکە دیالۆگی دوای مەرگە لە نێوان نووسەر و داپیرە مردووەکەی وێنا دەکات و بەم شایەتییە کاریگەرە دەست پێدەکات: "داپیرە چوار نەوەى هەبوو، بەڵام نەیتوانی خۆی بکات بۆ چوار بەشەوە. لەبەر ئەوە منی هەڵبژارد. ئاخر کاتێ ماڵێک دەسووتێت، مەرج نییە هەموو کەسێکی تێدا بسووتێت. بەڵام من کاتێ تەمەنم نزیکەی نۆ ساڵ بوو سووتام".1

لە خوێندنەوەی یەکەممدا، پێم وابوو ئەمە میتافۆرێکی وێنەیی تەڵخ و تاریکە بۆ ژیانی لیۆناردۆ ئەلیشان و بوونی، وەک قوربانییەکی سووتاو لەسەر سەکۆی کوشتاری یادەوەریی جینۆساید. بەڵام ئێستا لە دوای ساڵانێک، چیرۆکەکە بە شێوەیەکی هێجگار ترسناک دەردەکەوێت. ئاخۆ ئەمە پێشبینییەکی ترسناک بوو بۆ کۆتایییەکی پڕ ئازار کە لەگەڵ ژیانێکی سەرتاپا ئازار و مەینەتیدا یەکبگرێتەوە؟

کاتێ پرسیاری شوناسی کولتووریی لێدەکرا، ئەلیشان خۆی بە ئەمریکییەکی ئێرانی ئەرمەنی وەسف دەکرد، بەو ڕیزبەندییە. ئەو هەر بە ڕاستی نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگری ئەدەبی ئەمریکی- ئێرانی- ئەرمەنی بوو. بە زمانی ئینگلیزی و فارسی نووسیویەتی، بەڵام زۆرتر بە زمانی ئینگلیزی، بەڵام خەوبینین و خۆشەویستی و پەرۆشی و تامەزرۆیی بە زمانی ئەرمەنی بووە. هەمیشە بەزەحمەت پێناسەی ناسنامەی خۆی دەکرد: کێیە، یان وەک خۆی دەینووسی، چییە و بۆچی بە ئینگلیزی نووسینی هەڵبژاردووە. لە شیعرێکی ماناداردا بە ناوی "پەناگە" دەنووسێت:

پێویستم بە سترۆکتورە

 پێویستم بە فۆرمە

کاتێ شاعیر قەشەیەکی شێتی ئەرمەنییە

 کاتێ شاعیر ئاخوندێکی ئێرانیی سەرخۆشە

پێویستم بە ئینگلیزییەکی پاک و خاوێنە

پێویستم بە ئەلێکساندەر پۆپە.2

زمانی ئینگلیزی پەناگەیەک بوو بۆ ئەوەی لە لێشاوی بەربڵاوی نەریتە شیعرییە ئەرمەنی و فارسییە پڕ لە هەست و سۆزەکان فریای بکەوێت. بەڵام دەبوو مەسەلەکە لەوە قووڵتر بووبێت. ئەوە سەرسامیی ئەلێکساندەر پۆپ بوو بە نەریتی کلاسیک و زەبەلاحە ئەدەبییەکانی کە ئیلهامبەخش بوو بۆ  ئەلیشان و ڕێنمایی داهێنانەکانی کرد: دیسپلیندار و پوخت، پێویستی بە ڕازاندنەوە نەبوو بۆ شاردنەوەی خەوشی هونەری، وەک ئەلێکساندەر پۆپ دەیگوت. پۆپ ئامۆژگاریی شاعیرانی دەکرد و دەیگوت "وشەکان وەک گەڵای دارن، ئەگەر زۆر بوون ئەوە بەری باشی دارەکە کەم دەبێت"3، بۆیە لیۆناردۆ ئەلیشان ئەو ئامۆژگارییەی پەیڕەو کرد.

ئەلیشان لە دایک و باوکێکی ئەرمەنی لە تاران لەدایک بووە و ساڵی ١٩٧٣ بۆ خوێندنی باڵا کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا. ساڵی ١٩٨١ لە زانکۆی تەکساس بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. لە ساڵی 1978 تا 1997 لە زانکۆی یوتا لە شاری ساڵت لەیک سیتی وانەبێژی ئەدەبی فارسی و ئەدەبیاتی بەراوردکاریی بووە. هاوسەرگیریی کردووە و سێ منداڵی بووە. بەڵام لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا بە تەنها لەگەڵ دایکە نەخۆشەکەیدا ژیاوە، کە چەند مانگێک پێش ئەم کۆچی دوایی کردووە. هاوسەرەکەی لێی جیابووەتەوە و لەگەڵ منداڵەکان لە لۆس ئەنجلس دەژیا. ژیانی خێزانیی نۆزدە ساڵەی وێران بووە و هێلانەکەی لێ تێکچووە و نوقمی ژیانێکی سۆزداریی کاتی و مەیخواردنەوە بووە.

یەک بالیف لەسەر جێگاکەم دوای نۆزدە ساڵ

تەنها یەک بالیف لەسەر جێگاکەم

پڕ بوو لە نۆزدە هەزار پەڕ

 لە باڵەکانی نۆزدە هەزار باڵندە

کە لە قژ و پرچی تۆوە فڕیون.٤

بەڵام ئەوە تەنیا دەرئەنجامی زەرفی یان فیزیکی بوو. ئەم زەبر و لێدانە کوشندەیە لە ژیانیدا بووە هۆی "بچڕانێکی میتافیزیکی"، کە سەریکێشایەوە بۆ نامۆبوونی لە جیهانی ئاسایی و سروشتی، لە هەموو شتێک بێجگە لە خود. لە ماتەمگێڕیی ڤاهێ ئۆشاگاندا5 نووسیویەتی، "کاتێ خودیش دەبێتە کەسێکی تەواو نامۆ، ئەنجامەکەی شێتییە".٦ ئەمە چ دژوارییەکە، لیۆناردۆ هەندێ جار بە ڕاستی شێت بوو. بەڵام ئایا ئەم دۆخەی ئەو ساتانە نەبوون کە گڕکانی داهێنەرانەی دەتەقییەوە؟ بە هێنانەوەی تێبینییەکەی میشێل فۆکۆ بۆ ڤاهێ، دیسانەوە بۆ لیۆناردۆش هەر وا دەکەوێتەوە: "لە کوێ کارێکی هونەری هەبێت، شێتیی نییە".7 کەواتە بەرهەمەکانی لیۆناردۆ بە ڕاستی گەوهەرێکی ئەدەبین.

شیعر و چیرۆکە خەیاڵییەکان و وتارەکانی لیۆناردۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان لە گۆڤارە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکاندا بڵاو دەکرانەوە. دوو کۆمەڵە شیعری بە ناوەکانی "سەماکردن بە پێی پەتی لەسەر شووشەی شکاو" (١٩٩١) و           "لە دووتوێی دڵۆپێک ئاونگەوە" (٢٠٠٠) ناوبانگ و ناساندنی بەدەستهێنا. هەروەها کۆمەڵێک شیعری هاوچەرخی فارسی لە نووسینی نیما یوشیج، مێهدی ئەخەوان - ساڵەس، ئەحمەدی شاملوو و ئەوانی دیکە بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە. ئەو سەرسام بوو بە شیعری فارسی، کە بە ڕەگەزی کولتووری و ئەفسانەیی و ئیسلامییەکان دەوڵەمەندن. هەروەها شانازیی بە مێژوو و میراتی ئێرانەوە دەکرد، میراتێک کە لەگەڵیدا گەورە بووبوو و تامەزرۆی بوو و بە خوایشتی خۆی دەربەدەری و تاراوگەی هەڵبژارد لە دوای شۆڕشی ئێران. لەگەڵ هاوڕێ شاعیرە ئێرانییەکانیدا، پەنابەرانی وەک خۆی، کە شیعرەکانیان وەک هی ئەم پڕ بوو لە تووڕەیی و پەستی کە ڕەنگدانەوەی بێزارییەکی قووڵ بوون، بەشداریی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی شیعر خوێندنەوەی دەکرد:

چونکە ئێمە گاز لەو دەستە دەگرین کە خۆراکمان دەداتێ!

بەڵام ئەوە بزانن ئەگەر وامان کرد

تەنها لەبەر ئەوەیە کە دوای هەزاران ساڵ و ڕۆژ

 هێشتا لەبیرمانە

کاتێک پێویستمان پێی نەبوو

بۆ ئەوەی لە دووریی زێد و نیشتمان

 بە دوای ئارامیدا دەگەڕێین،

 نە خواردنمان پێ بدرێت٨

ئەلیشان لەگەڵ یادەوەرییەکانی منداڵییەکی بێتاوان لە ئێرانی جوانی دوێنێدا دەژیا. ئەم یادەوەرییانە زیادەڕۆییەکی بێئەندازە قەبەیان وەرگرت و تا دەهات جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەبوون: "تاراوگە پزیشکێکی نەشتەرگەری کارامە بوو بۆ ڕابردوو. بەردەوام و یەکبینە کار لەسەر باشترکردنی ڕواڵەتی ڕابردوو دەکات. تا دوای چارەکە سەدەیەک، ڕابردوو هێندە دوورکەوتەوە کە وەک خودی باخچەی عەدەن دوور و جوان دەبێت". (ئەو پارچەیەی کە ئەم وشانە لێیەوە وەرگیراون بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ناوی "پەڵەکانی سالۆمە"یە.)9 هەرگیز وازی لە خەون بینین بە ئیسفەهان و دەوڵەمەندیی میراتە کولتوورییەکەی نەهێنا، شارێک کە هەموو یادەوەرییە شیرین و پاکی منداڵییەکی بێخەمی تێدا بەرجەستە بوو. ئیسفەهان پەناگە و بەهەشتی ئێران بوو:

نە دۆزەخ لە ئیسفەهان هەبوو، نە حەسرەت، نە مردن

...........

گەڵامێوەکان: دەستی سەوز بوون

مروارییان لێ دەچۆڕا لەگەڵ بارانی بەر تیشکی خۆرەتاودا

یادەوەرییەکان دەبوونە شووشە لە هێشووی گەوهەردا١٠....

لەبری ئەوەی بچێتە ناو پێداچوونەوەی وردی میراتی ئەدەبی ئەلیشانەوە، ئەم بابەتە بەتەنها تیشک دەخاتە سەر بەرهەمەکانی لە ژانری ئەدەبی جینۆسایددا، چونکە بێجگە لە نۆستاڵجیای بۆ نیشتمان و پەرۆشی و تامەزرۆیی بۆ زێدی لەدایکبوونی، ئەلیشان نەوەی سێیەمی ڕزگاربووی جینۆسایدی ئەرمەنەکان بوو، لەوانە بوو کە لە نێو چنگی مۆتەکەی کارەساتەکەدا ژیابوون. ئەو هەرگیز نەیتوانیوە تراجیدیاکەی داپیرەی تێپەڕێنێت - یان باشتر بڵێین هەرگیز هەوڵی تێپەڕاندنی نەداوە -  ئەو تراجیدیایە کە هی داپیرەی بووە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بووە چارەنووسی ئەمیش و بێهوودە خەباتی کردووە بۆ ئەوەی چیرۆکی ئەو کارەساتە سامناکە بۆ جیهان بگێڕێتەوە، واتە چیرۆکی داپیرەی. "هونەرمەند لە نێوان خزمەتکردنی هونەرەکەی و قەناعەت پێکردنی خەڵک بەو کارەساتە بەکۆمەڵەی کە بەسەر گەلەکەیدا هاتووە. ئەو هەم ڕۆڵی هونەرمەندی دابڕاو و هەم ڕۆڵی بانگەشەکاری دڵگەرم دەگێڕێت. لە ئەنجامی ئەوەدا، سەرلێشێواوی و چەواشەبوون لە ژانر و ڕۆڵەکاندا دروست دەبێت و شکستێکی بێزارکەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت" و لە میانەی پێشکەشکردنێکی سۆزئامێزدا لە کۆنفرانسێکی ساڵی ١٩٨٩دا لە زانکۆی UCLA کە تایبەت بوو بە جینۆسایدی ئەرمەن، ددان بەوەدا دەنێت.١١

ئەم پێشکەشکردنە ناونیشانێکی سەیری هەبوو، "ڕاهێنانێک لەسەر ژانرێکی ئەدەبی بۆ جینۆساید و دەرکردنی جنۆکە یان ڕۆحە بەد و خراپەکان". هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ژانرێکی ئەدەبیی گونجاو بۆ دەربڕینی هونەری لە ئەدەبیاتی جینۆسایددا کارێکی تەواو بەجێ و مایەی تێگەیشتنە، بەڵام بۆچی "دەرکردنی جنۆکە"؟ ئەلیشان چ جۆرە کردارێکی لە مێشکدا بوو و بەو کارە هەوڵی چی دەدا؟ دیسانەوە باسی ئەمە دەکات لە چیرۆکێکدا بە شێوەیەکی سەیرتر بە ناونیشانی "قالۆنچە، جنۆکە و جنۆکە دەرکەری بچووک"١٢، کە دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی تایبەتی خۆی لەگەڵ داپیرەی: "داپیرەش دایکی من بوو. ئەو چاودێرم بوو، خۆشەویستم بوو، مامۆستام بوو، هەروەها فریشتەی پارێزەرم بوو". ئەو ڕۆژە بەبیر دێنێتەوە کە داپیرەی بۆ یەکەمجار چیرۆکەکەی بۆ گێڕایەوە. لەو کاتەوە، ددان بەوەدا دەنێت کە بێگوناهیی خۆی لەدەستدا و جنۆکەی تێدا جێگیر بوو."جینۆساید هاتبووە ناو دڵ و مێشکمەوە. لە خوێنمدا دەهات و دەچوو و ڕۆحیشی داپۆشیبووم. هەر لەو کاتەوە ڕۆحم شاڵەکەی نەنکم سوور بووە کاتێ کە تەمەنی چواردە ساڵ بوو. ئێستا بە تەواوی هەستم بە بوونی ئەو جنۆکەیە کردووە لە ژیانمدا و هێشتا هەر هەستی پێدەکەم". دەقێکی فارسیی خاوەن نادیاری سەدەی یازدەهەم سەبارەت بە دەرکردنی جنۆکە وەک بەهاناوەچوونێک بوو بۆ دەرد و ئازارەکانی. "ڕەنگە بە پێوتنم کە جنۆکەی دەرکردووە و منیش، بە بیستنی، تەنها بە بوونم لەوێ، بووبم بە خانەخوێی نوێ. ڕەنگە هەموو ئەو شیعر و چیرۆک و وتارانەی لەسەر ئەم بابەتە نووسیومن، هەوڵە لاوازەکانی من بن بۆ دەرکردنی جنۆکە. تەنها شتێک من بە ڕاستی دەزانم ئەوەیە کە شکستم هێناوە''. نووسین ئازادی نەکردم و ئاسوودەییەکی پێبەخشیم. جنۆکە بەردەوام هەر لەگەڵیدا دەژیا، لە ناو ناخیدا: ''نووسین بۆ ساتێک ئارامیم پێدەبەخشێت'' ئەو لە هەمان چیرۆکدا دەنووسێت، ''وەک چۆن خواردنەوە ئاسوودەم دەکات پێش ئەوەی ببێتە سووتەمەنی بۆ جنۆکە. بەڵام نووسین جنۆکە ناترسێنێت". ڕەخنەگران بە ڕوانگەیەکی دەروونییەوە بۆ ئەدەب پێچەوانەکەی دەخەنە ڕوو و جەخت لەسەر سروشتی خەمڕەوێنی نووسین دەکەنەوە، بە تایبەتی نووسین لەسەر ئەزموونێکی زەبربەخشی بەکۆمەڵ. لە ڕاستیدا نووسین لەسەر ئەم جۆرە ئەزموونانە ڕێگەی بە پێغەمبەران و نووسەرانی جوولەکەی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاست و مێژوونووسانی ئەرمەن دا کە کارەساتە مێژووییەکان ڕوون بکەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان و خوێنەرەکانیان بگەنە دۆخی ڕەوینەوەی خەم و ئاسوودەیی. بەڵام ئەلیشان هەرگیز بە خەمڕەوێنی و ئاسوودەییەکی لەو شێوەیە نەگەیشتبوو. لای ئەو هێشتا هەر تارمایی یادەوەرییەکانی جینۆساید چنگی لە ڕۆحی بەرنەداوە.

لە کتێبی "قالۆنچە و فەرشەکەی ئێرانییەکە"دا، ئەلیشان باس لە بارگرانییە قورسەکەی "ئەرک"ی خۆی دەکات بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی داپیرەی. ئەو و یەکێک لە براکانی تاکە ئەندامی خێزانەکەیان بوون کە ڕزگاریان بوو، شەست و دوو کەسوکاریان لەسەر ڕێگای ڕاگواستن بۆ بیابانی سووریا گیانیان لەدەستدابوو. ئەلیشان لەسەر ئەو چیرۆکە ترسناکانە گەورە بووە کە چۆن ئەندامانی خێزانی داپیرەی لەناوچوون و فەوتاون، بەڵام چیرۆکی شاڵە سوورەکەی داپیرەی قووڵترین کاریگەریی لەسەر دەروونی دروست کردووە. داپیرەی، گەیانێ، لە کاتی ئەزموونەکەدا تەمەنی تەنیا چواردە ساڵ بوو و پاش ئەوە دەستبەرداری ژیان بوو. ئەشکەنجە و یادەوەرییە وێرانکەرەکانی ئەو گەشتە ترسناکە، بە درێژایی ژیانی هێرشیان دەکردە سەری. ئەو "چیتر ئەو کچە  نەما و بوو بە پەیکەری تاوانباری'' ئەو دەگریا کاتێک بەتەنها دەبوو، یان کاتێک پێی وابوو تەنهایە، وەک لیۆناردۆ لەبیریەتی، هەر ماوە نا ماوەیەکیش دەبرایە کلینیکی دەروونی بۆ هاتنەوە سەخۆ. لیۆناردۆ تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بوو کاتێ نەنکی بڕیاریدا هۆکاری ئەو بەدبەختییە سامناکەی پێ بڵێت و بۆچی بەردەوام دەگری:

 "ڕۆژێک کاپتنی تورک بەسەر ئەسپێکی پەڵە پەڵەوە بەلایدا تێپەڕی. ئەم شاڵێکی سووری بەسەرەوە بوو کە بەنرخترین جلوبەرگی بوو. کاپتن پێیگوت: 'ئەمشەو دێم بۆ لات'. پیرەژنێک ئامۆژگاریی کرد کە شاڵەکەی فڕێبدات و ئەویش بەگوێی کرد. ئەو ئێوارەیە بینی کاپتنەکە لەگەڵ کچێکدا ڕۆیشت کەوا شاڵە سوورەکەی نەنکی بەسەرەوە بوو. پاشان کاپتنەکە بەبێ کچەکە گەڕایەوە. داپیرە ئەو شەوە لە خۆشییاندا فرمێسکی ئاسوودەیی دەڕشت، بەڵام تا کۆتایی ژیانی باجەکەی دا بە ڕشتنی فرمێسکی پەشیمانی"١٣.

شەرمەزاری و پەشیمانی لە ڕزگاربوون بەرانبەر بە مردنی ئەوانی تر ڕووداوێکی دەگمەنە لە ئەدەبیاتی جینۆسایدی ئەرمەندا، بەڵام جێگای سەرنجە، کەوا لە چاوپێکەوتنە زارەکییەکانی ڕزگاربوواندا ڕووبەڕووی ئەم هەستە هەمیشە ئازاربەخشانە دەبیتەوە. ڕەنگە ئەمانە هەست و سۆزی خەفە و چەپێنراو و چارەسەرنەکراو بن کە لە وەڵام و کاردانەوە ئەدەبییەکاندا بۆ جینۆساید دەڕەوێنەوە.

بەهێزترین داهێنانە ئەدەبییەکانی ئەلیشان لە دەوری "نەنکی" و "بینینی ئازارەکانی"دا چڕبوونەتەوە. ئەو بووە بە هاوبەشی ئازارەکانی و بووەتە بەشێک لێیان.

من هەوڵدەدەم بینەری ئەو کارەساتە بم کە لە ژوورێکی نەخۆشخانەی لەندەن لە ساڵی ١٩٧٨دا گەیشتبووە لووتکە، کاتێ کە داپیرە لە پێش مردنیدا بینی سوارەکانی تورک چواردەوری جێگاکەیان گرتووە. بەڵام، بەداخەوە، من بینەری ئەوە نەبووم. من کارەکتەرێکم لەو شانۆگەرییەدا گیرۆدە بووم کە هەرگیز، هەرگیز ناگاتە هاوسەنگیی خۆی.14

"گەیانێ، شەهیدی زیندوو"، وەک چۆن داپیرەی خۆی وێنا دەکات، ژیانی خۆی و هەستەکانی بەڕێوەدەبات. ئەو ئامادەیییەکی بەردەوامە لە خەونەکانیدا، لە بیرکردنەوەکانی لە کاتی بەئاگابوونیدا. لە ڕێگەی داپیرەیەوەیە کە وەک زۆربەی نووسەرانی نەوەی سێیەم، ئەلیشان ئازاری ئەرمەنەکان دەبینێت، کە جینۆسایدە. بە هەمان شێوە کارۆڵ ئێدگاریان، پێتەر باڵەکیان و میشێلین ئاهارۆنیان مارکۆم و چەندانی تر، ڕۆمانی بەهێزیان لەسەر بنەمای چیرۆکی داپیرەکانیان نووسیوە. ئەم نووسەرە گەنجانە ویستوویانە لەبارەی ڕابردووی ترسناک و باپیرانیانەوە بزانن، ڕابردوویەک کە زۆرجار لە لایەن دایک و باوکیانەوە پەردەپۆش دەکرا و لەبیر دەکرا. بە دووریی کات و شوێن لە ڕووداوەکە لە لای خۆیانەوە و بە لێهاتوویی بەدەستهێنراو لە شیعرییەتی جینۆسایددا، بەشێک لە چیرۆکی جینۆسایدی ئەرمەنیان بە نەمری هێشتەوە. "لەسەدا حەفتا و پێنجی شیعرەکانم یان باسی ئەرمینیا یان داپیرەمن، چونکە داپیرەم جینۆسایدە و هەروەها ئەرمینیاشە"، ئەمە تێبینیی ئەلیشانە.١٥ خۆشەویستیی ئەویش بۆ ئەرمینیا بوو بە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشی هەستپێکراو، کاتێ کە بە هاوڕێتیی گرووپێکی توێژەران لە پایزی ١٩٩١دا گەشتی کرد بۆ یەریڤان بۆ بەشداربوون لە کۆڕبەندێکدا کە هەر یەکە لە کورسیی ناریکاتسی بۆ لێکۆڵینەوە ئەرمەنییەکان لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلس و بەشی ئەدەبیات لە زانکۆی یەریڤانی حکوومی ڕێکیانخستبوو و لەوێ پەیپەرێکی توێژینەوەی پێشکەش کرد بە ناونیشانی "گەڕانەوەی خواژنی مەزن لە هایرێنەکانی نەهاپێت کوچاکدا". ئەو ئەزموونە هەم ئازاربەخش بوو و هەم دڵخۆشکەر بوو بۆ ئەو. هەروەها لە دڵەڕاوکێی پێشکەش کردنی باسەکەیدا بە زمانی ئەرمەنی بوو و سڵی لە شارەزایانی زمانی ئەرمەنی دەکردەوە کە ڕەنگە بە چاوێکی نزمەوە سەیری بکەن بە هۆی ناڕەوانیی زمانە ئەرمەنییەکەیەوە. ئەو بە دروستی پێشبینیی ئەوەی دەکرد کە لە ناو ئامادەبوواندا زۆر کەسی لووتبەرز هەبن کە گرنگی بە ناوەڕۆک و تازەیی مێتۆدی باسەکە نەدەن و تێڕوانینێکی قووڵیان لەسەر لێکۆڵینەوەکانی نەبێت، کە بە سووکایەتیکردن بە خەباتی ئەو بۆ بەرهەمهێنانی وشەی ئەرمەنی زەردەخەنە بکەن. بەڵام دەبوو ئەو سەفەرە بکات و "دەبوو بگەڕێتەوە بۆ لای دایکی"16 و گەڕایەوە. ئەو بە قووڵی ئەو توێژەر و زانایانەی ئەرمەنی سەرسام کرد کە دەیانتوانی لە پشت شەرمنی خوێندکارئاسا و گەیاندنی سادەی زمانی ئەرمەنی ببینن.

ئەلیشان ئاشقی هەموو بەردێک بوو لە ئەرمینیا. سەری سوڕما کاتێ کچە لەشفرۆشێکی ئەرمەنی تەمەن هەژدە ساڵانی بینی کە لە تاریکی و نزیکە چۆڵی مەیخانەیەکدا لە یەریڤان چاوەڕێی لەشکڕەکانی دەکرد. کاتێ کچەکە چیرۆکی دڵتەزێنی خۆیی بۆ گێڕایەوە، کە چۆن ناچار بووە جەستەی بە حەفتا ڕۆبڵ بفرۆشێت (نزیکەی دوو دۆلاری ئەمریکی، لەو کاتەدا) بۆ ئەوەی بژێویی ژیانی خۆی پەیدا بکات، ئەویش گریاوە و هەموو ئەو پارەیەی لە گیرفانیدا بوو پێیداوە.

هەڵبژاردنی لیۆناردۆ بۆ پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک لەسەر جیهانی شیعری نەهاپێت کوچاک بڕیارێکی هۆشیارانە بوو، چونکە کۆتاییهێنانی بە پێشکەشکردنەکەی بە کێشانی هاوتەریبێک لە نێوان گەڕانەوەی کوچاک بۆ دایکە خوداوەندی جیهانی ئەرمەنستانی بتپەرست و گەڕانەوەی خۆی بۆ دایکی پیرۆزی ئەرمینیا. هەردوو گەشتەکەیان بە ئازار بوو و تاسە و حەسرەتەکانی چەندین سەدە بە نەکوژاوەیی مابوونەوە.17 ئەرمینیا بە هەموو جوانی و ناشیرینییەکانیەوە خۆی بۆ ئاشکرا کردبوو، وەک واقیعێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە خاکی خەونەکانیەوە نەبوو کە لە شیعرە زۆرەکانیدا تایبەت بە ئەرمینیا گوتبووی. ئەرمینیا بۆی بووە "منداڵێکی سەیر و سەمەرەی خۆشەویستی و ئازار"، بەرجەستەی داپیرەی کردبوو بە هەموو ئەو شتانەی کە نوێنەرایەتیی دەکرد: "فرمێسکی نەنکم"، کە خەمۆکیی لە ڕۆحە   گەنج و بێگوناهەکەیدا چاندبوو، "دەستەکانی نەنکم"، ئیلهامبەخش بوو بۆ ئاسایش و ئارامی لە دڵی کوڕێکی لاواز و شەرمندا. وا ئێستاش بەرەوڕووی ڕەوشێکی تەژی لە ژیان بووەتەوە نەک واقیعێکی پڕ لە پردی وێران و کتێبی سووتاو و گوللەتۆپی پڕ لە گرمە و قریشکە و شێتەکان بە کراسی دڕاوەوە سەرگەردان دەسووڕێنەوە و لەگەڵ خۆیاندا خەونە کۆت و بەندکراوەکان ڕادەکێشن، وەک ئەوەی لە "کتێبی مێژووی ئەرمینیاکەمدا" خەیاڵی دەکرد.١٩

وا ئێستا هێماکانی خۆی لەدەستداوە بۆ ڕەوشێک کە لە هەمان کاتدا سەرنجڕاکێش و نامۆ بوو. لیۆناردۆ سەر بەو ژیانە نەبوو: "ئێستا زانیم و تێگەیشتم کە سەر بەو ژیانە نیم"20 ئەلیشان ئەرمەنییەکی تاراوگە و دیاسپۆرا بوو، بە کۆمەڵگەی ئەرمەنیی سۆڤیێت و کاریگەریی حەفتا ساڵ حوکمڕانیی سۆڤیێت لەسەر شێوازی ژیان و تێڕوانین و ناسنامەی ئەرمەنەکان ئاشنا نەبوو. بەهەرحاڵ، ئەزموونەکەی ئەمیش بێ وێنە نەبوو. هاکۆب کاراپێنتس، نووسەرێکی تری ڕەوەندی ئەرمەنی، یەکەم دیداری خۆی لەگەڵ هاوڕێ ئەرمەنییەکان لە سەمای بازنەیی پڕ لە هەراوهوریادا لە چیرۆکی "هایکاکان شۆرجبار"ی (سەمای بازنەیی ئەرمەنی) لەبیرە. هەوڵ دەدات بەشداری بکات، بەڵام مۆسیقا و جووڵەکان لە قووڵایی خاکی ئەرمەنستانەوە دێت و ئەم تەنها سەردانیکەرێکە کە ڕیتمەکەی لە شەقامەکانی ئەمریکادا لەدەستداوە. نامۆیە و جووڵەی نائاسایی هەیە. ئەو سەر بەو شوێنە نییە.21

بیرکردنەوە نائومێد و پەرت و بڵاوەکانی ئەلیشان لە کتێبەکەیدا "لە خەونەوە بۆ واقیع: دۆن کیشۆت لەگەڵ ئەسپێکی مردوو و ئاشەباکانی بەبێ با"، بریتییە لە گەشتێک کە یەکەم و دوا بەرکەوتنی لەگەڵ ئەرمینیا باس دەکات. ''ئێستا من کێ بووم؟'' لەم خودشیکاری و هەڵسەنگاندنە هونەرییەدا جارێکی تر لە خۆی دەپرسێتەوە و وەڵامەکە ئەوەیە: "پیاوێک بە پاسپۆرتی ئەمریکییەوە کە لە زانکۆیەکی ئەمریکیدا وانەی ئەدەبیاتی فارسی و کولتوور و شارستانییەتی ئێرانی دەگوتەوە، و بە زمانی ئەرمەنی 'خۆشم دەوێن'ی بە منداڵەکانی وتووە و بە زمانی ئەرمەنی خەونی بینیوە". پاشان ئەو شیعرەکەی دووپات دەکاتەوە سەبارەت بەوەی کە بۆچی نووسینی بە زمانی ئینگلیزی هەڵبژاردووە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئارا ئۆشاگان لە ساڵی ١٩٩٢، کاتێ پرسیاری ئەوەی لێکرا کە خۆی لە کوێدا دەبینێت لە ناو شاعیرانی تری ئەرمەنی کە بە زمانی ئینگلیزی دەنووسن، وەڵامی دایەوە: "هەستیاریی من لە شیعردا ڕەنگە فارسی بێت و ناوەرۆکی زۆرجار ئەرمەنییە، دەربڕینی "ئەمریکی.... دەزانم خەون دەبینم" بە زمانی ئەرمەنی، زمانی فارسی دەڵێمەوە، ئینگلیزی دەنووسم. من چیم، نازانم".22

"ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەیزانی ئەوە بوو کە "بە هەڵە بە دوای هەستی   ئاسایش و ئارامیدا گەڕابوو لە دیاردەیەکی دەرەکیی وەک ئەرمینیادا، لەبری ئەوەی لە قووڵایی تاریکیی ڕۆحی خۆیدا بەدوایدا بگەڕێت''. ئەو دەیزانی بۆچی بەردەوام تامەزرۆی هەستکردن بە ئینتیما بوو، بۆ ئاسایش و ئارامی: "لە هەموو ماڵەکانمدا هەستم بە پەرۆشیی دەکرد بۆ نیشتمان" هەروەها دەنووسێت. "دەبێت من لایەنی نەخۆش بووبێتم بۆ خوداوەندێکی کۆن، بڕابێتەوە و فڕێدرابێتە ئەم جیهانە."23 ئەو واقیعەی کە لە ئەرمینیا بینی و هەوڵدانی بەردەوامی بۆ ڕزگاربوون، ئازارە هەمیشەییەکانی ڕابردوویەکی زەبربەخشی کەم نەکردەوە کە لە لایەن داپیرەیەوە بۆی گواسترابووەوە - ئازاری خێزانە قەسابیکراوەکەی، نەتەوە قەسابیکراوەکەی، بەڵکو لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئازاری هەبوونی ئەرکێک بۆ ئاگادارکردنەوەی جیهان سەبارەت بەو نادادپەروەرییە گەورەیە، جینۆساید و شکستهێنان لە ئەرکەکەیدا.

گەیانێ  وەک بەرجەستەکردنی جینۆسایدی ئەرمەن مایەوە و چیرۆکەکەی بوو بە وێنەیەکی بچووکی ئازارەکانی نەتەوەیەکی قوربانی. ئەو بوو بە ڕوخساری بەرجەستەی تەواوی ئازارەکانی نەتەوە و لە شیعری لیۆناردۆدا وەک ژنێکی شێت دەرکەوتووە کە لە دەوری تەختی مردنەکەی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە لەندەن سوارەکانی تورک دەبینێت، قسە بۆ ئەم دەکات و بە گلەییەوە لێی دەپرسێت کە بۆچی هێندە بێتوانایە لە گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکەی و ئەو تراجیدیایەی بەسەر گەل و نەتەوەکەیدا هاتووە بۆ هەموو دنیا.٢٥ گەیانێ ورچە مێینەیەکی برسییە و ئامادەیە بۆ قووتدانی ماهاساتڤا26 و دەبێتە کچی ئەنتیگۆنی خواوەند (لە ڕاستیدا ئەنتیگۆن کچی ئۆدیپ پاشایە لە ئەفسانەی گریکیدا)، هەروەها ئەم خواوەندە خۆی کوێر کرد و وێڵ و سەرگەردان بوو پاش ئەوەی لە بەرانبەر ڕاگواستن و دەربەدەرکردنی ئەرمەن دەستەوسان ما و هیچی پێنەکرا.٢٧ ئەوە پەیکەری مەریەمە کە بەردەوام دەسووتێت و مۆمی تواوە و سووتاو فرمێسک هەڵدەوەرێنێت و خەون و ویژدانی دەسووتێنێت:

لە ناوەندی خەونەکەمدا

لە وان کەنیسەیەکی بەردین هەیە کە

کە لە دەرەوە کڵۆم و مۆر کراوە

هەناسەی هاوار  هەڵدەکێشێت و دووکەڵ لە ناوەوە،

ئەوە کۆبوونەوەی گەلی ئەرمەنە

کە مۆمەکان بە گۆشتی جەستەیان ئاڵوگۆڕ پێدەکەن

لە خەونمدا کەنیسەیەک هەیە کە بە ئێسکی خوداوەندە مردووەکان و

 بە دۆعا و نوێژی کۆرپەکان و تووتییەکان دروستکراوە و

 هەمیشە، بە درێژایی شەو، لە بڵێسەی ئاگردایە

بەڵام هەرگیز تا سەر زەوی ناسووتێت.

 لە کڵێساکەدا پەیکەری مەریەم دەسووتێت

لەگەڵ دەموچاوی نەنکم، مۆم دڵۆپ دڵۆپ بە چاوەکانیدا

دەهاتە خوارەوە، بۆ سەر پێستی خەونەکانم ...28

بۆ ئەوەی بە تەواوی لە مانای نووسینەکانی ئەلیشان تێبگەین، گرنگە کتێبی پیرۆز بناسین، بێجگە لە ئەفسانەی یۆنانی و ئێرانی و ئەرمەنی و ئەدەبیاتی کلاسیکی، هەروەها ئەدەبیاتی جیهانیی مۆدێرن و ڕەخنەی ئەدەبی. ئەلیشان زۆرجار ئاماژەی بە هەموو ئەم سەرچاوانە دەکرد لە بارودۆخی هاوتەریب یان دژبەیەکدا، یان تەنیا بۆ وەرگرتنی خوازە و مێتافۆر. ئەو وەستای هەموو ئەم نەریتانە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کامیانی وەک هی خۆی وەرنەگرت و بەردەوام بە دوای بەهێزترین فۆرمی شیعریدا دەگەڕا. ئەو نەک هەر وەستایەکی دەربڕینی هونەری بوو بەڵکو هەوڵی دەدا بە کەمترین ژمارەی وشە بگاتە ئەو قووڵاییە کۆتاییەی کاریگەرییە مەبەستدارەکە، زۆرجار وەک وەستا نیگارکێشێک کە دەتوانێت تەنها بە چەند لێدانێکی فڵچەی مەزاج و کاریگەریی دیمەنێکی ورد و کێشراو دروست بکات. ئەو جارێک لەبارەی شیعرەوە نووسیویەتی، "شیعرێکی باش تابلۆیەکی ژاپۆنییە: "خانمان لە ڕۆژێکی هاوینەدا گەشتێک دەکەن". ئێمە کیمۆنۆکانیان لە جووڵەدا دەبینین، لێرەوە بیرۆکەی گەشتەکە هات و باوەشێنەکانیشیان لە جووڵەدان و لێرەوە هاوینە".29 ئەو وەستایەکی کارامە بوو لە بەکارهێنانی کاریگەرییە بەهێزەکاندا بە کورتی. هەر لەبەر ئەمەشە کە بە لای تانکا و هایکۆ و سێنریۆدا سەرنجی ڕاکێشرا.30 کتێبی "لە دووتوێی دڵۆپێک ئاونگەوە" کە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاوکرایەوە، کۆمەڵەیەکی دوو بەشە لە هایکۆ و سێنریو و تانکا.31

بەشی یەکەمی کتێبی "لە دووتوێی دڵۆپێک ئاونگەوە"، بە ناوی "ئەم کچە مردووانە"، بیرکردنەوە خەمناکەکانی ئەلیشان لەسەر چەندین بابەت بەرجەستە دەکات. ئەمانە شیعری سێ دێڕین، زۆربەیان هایکۆ و هەندێکیان سێنریۆن. ئەم شیعرانە تارمایی مردن بەسەریاندا زاڵە و سێبەری خۆی دەخاتە سەر سیحراویترین وێنەکانی سروشت، مردن وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئارامیی دەروونی و ئۆقرەییە دەگمەنەکەی، وەک بانگهێشتێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارە بێکۆتاکان و وەک خولیایەک بۆ خۆکوشتن دەبینێت:

مردن ڕۆژی پشووەکەی وەرگرتووە

بۆ چاودێریکردنم32

قەسیدەیەکی سێنریو بە مۆرکێکی گاڵتەئامێزەوە بۆ ژیانە ئەشکەنجە و سزادیتووەکەی:

بەهارە، نەک کاتێک بۆ مردن

بە پیاوە بەفرەکە دەڵێم و

هیوادارم پشتڕاستی بکاتەوە33

چڵە گیایەک کە لە دووتوێی بەردێکەوە گەشە دەکات

بیرکردنەوەکانی خۆکوشتن پووچەڵ دەکاتەوە34

دوا هایکۆ لە کۆتایی بەشی یەکەمدا گەڕانەوەیە بۆ ناونیشانی نهێنیی، "ئەم کچە مردووانە". ئەم کارە کۆتایی بە گرێیەکی دەروونیی تەمومژاوی دێنێت لە هەست و سۆزی تەنیایی و خۆشەویستیی نائومێدانەی بۆ ژنە تەنهاکەی و پەنابردنی بۆ جیهانی مەیخواردنەوە:

دەردێکی بێدەرمانە

ئەم کچانە وا دەمرن

دەستەکانم٣٥

دەستەکانی بەشێکن لە کۆ، نوێنەرایەتیی کۆ، کەسی ئەلیشان، جەستە، ڕۆح، دەروون، لە سەختییەکی تێپەڕنەکراودا تێکەڵاون، لەگەڵ مردن وەک تاکە هۆکاری ڕزگاری.

پاشان زنجیرەیەکی پێنج دێڕیی بە شێوەی تانکا لە بەشی دووەمدا دێت، بە ناوی "دەستە بێهێزەکانم"، هێمای دەستەکە بەردەوامە. کەش و هەوا وەک خۆی دەمێنێتەوە، بابەتەکان زیاتر ڕەنگاوڕەنگن، زیاتر مەتەڵن، لەگەڵ هەندێک وێنەی ئابڕووبەری ئاماژەپێدەر، کە بۆ لێکدانەوەی خوێنەر جێهێڵراوە. هەندێک لە تانکاکان وێناکردنی زۆر سادەن و خولیا ئاڵۆزەکەیان بۆ ژیان و مردن دەردەخەن:

سەوز سەوز، زەرد سەوز

زەرد زەرد، زەرد سوور سوور سوور

مردوو

گەڵای کەوتوو گەڵای دارەبەن 36

هەندێکی تر دڕندەیی ئەم جیهانە نادادپەروەرە ڕەنگ دەکەن:

منداڵان

بە بێدەنگی لە برسێتیدا ڕووناکیی لە چاوەکانیاندا دەمرن

بەقەد یادەوەریی منداڵی خودایەکی دادپەروەر ڕەنگ پەڕیو دەبێت37

تانکا کە بە ناوی "سوودگەرایی" ڕەنگدانەوەی دڕندەیی چارەنووسی خۆی و چیرۆکی دڵتەزێنی خێزانەکەی خۆیەتی:

دایکم چووەتە کەنیسە

تا زیاتر ئازیزانی لەدەست بدات

زیاتر خودای خۆشدەوێت

هەست دەکەم خودا زۆری زۆر خۆشدەوێت

بە ڕادەیەک لە منیش لەگەڵ خۆی ببات٣٨

 دیسانەوە، دوا تانکا دەگەڕێتەوە بۆ ناونیشانەکە و جارێکی تر گاڵتەجاڕیی ژیانی بێمانای ئەلیشان نیشان دەدات:

لە شەودا

من بەردە ئەستێکەم دەگۆڕم

شلەیەکی سووکتر زیاد بکەم بۆ قاوەکەم و  (قاو: مادەیەکی کەڕووییە بۆ ئاگرکردنەوە - و)

بە دەستە بێهێزەکانم بڵێ

لانی کەم ئەمڕۆ شتێکمان کردووە39

لە کتێبی کۆمەڵە شیعری "لە دووتوێی دڵۆپێک ئاونگەوە"دا، بیرکردنەوە و وێنەکان کۆدەبنەوە و تابلۆیەکی جوان، ژیانی نائاسایی، ناتەقلیدی، ژیانێکی شێتانەی شاعیرێکی بەهرەمەند پێکدەهێنن. تەنانەت لەم فۆرمە نوێیە نامۆیەیدا، وەک پێداچوونەوەکارەکانی جەین و وێرنەر ڕیشهۆڵد شایەتیی دەدەن، "ئەو بەردەوام بەئەمەک دەبێت بۆ میرات و پاشخانی خۆی لە ڕێگەی  ڕاهێنانی گیانی فۆرمە شیعرییەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بگونجێت لەبری ئاوێتەکردنی خۆی لە ناو شیعری ژاپۆنی و کاریگەرییەکانی لەسەری".٤٠

بۆچی ئەم سەرسامییە بەم شێوە شیعرە ژاپۆنییانە؟ ڕەنگە ئەوە پاڵنەرێک بووبێت بۆ تاقیکردنەوەی ژانرێکی خوازراو لە شیعری ئەمریکیدا، کە کەم کەس تێیدا سەرکەوتوو بوون، بۆ ئەوەی بەهرە و دەست نەرمکردنی دەربخات بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ هەر چوارچێوەیەکدا بۆ دەربڕینی بیر و داهێنانی خۆی. بەڵام زیاتر پێدەچێت کە ئەوەی ئەلیشانی بۆ ئەم ژانرانە ڕاکێشابێت، ئاڵەنگاریی دەربڕینی شیعری بووبێت بە ئیمتیازەوە. من ئەم مۆتیڤ و پاڵنەرە بەراورد دەکەم بە ڕەوتی ئەدەبی ئەرمەنی کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا لە نووسینی چوارینەدا هاتبووە کایەوە. کارێکی ئاسان نییە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ، فێرکردن بێت یان فەلسەفی یان تەنیا سۆزداری، لە چوار دێڕدا دابڕێژیت. ڕەنگە کەسێکی هۆڤانێس تومانیانی پێویست بێت ئەو کارە ئەنجام بدات. ئەوجا ئەگەر هایکو، تانکا، سێنریو، یان چوارینە بن، ئەوە شیعرەکانی ئەلیشان هەمیشە ورد و پوختن، بەبێ وشەیەکی زیادە، هەمیشە چاویان خستووەتە سەر مەبەست و پێکاویانە. وشەیەک، سیفەتێک، مێتافۆرێک لاببە و پێکهاتەکە دەڕووخێت. بەهەرحاڵ، سەرسامییەکەی لە فۆرمەکە تێدەپەڕێنێت. لە لاپەڕەیەکی فۆتۆکۆپیکراوی شیعرێکی تانکا بە ناوی "کینگفیشەر"، لە پێنج دێڕیی جیاواز پێکهاتووە، کە لە گۆڤاری تانکا جۆرناڵی تۆکیۆ لە ساڵی ٢٠٠٠دا بڵاوکراوەتەوە،٤١ بە زمانی فارسی و بەکورتی نووسیویەتی، "هەر یەکێکیان (هەر پێنج دێڕێک) شیعرێکی جیاوازە، بەڵام بە گشتی هەڵگری کۆلکەی هاوبەشن. هەڵبەت بابەتی ئەدەب و هونەرەکانی بینین ڕۆژهەڵاتی دووردا گرنگن".

ئەلیشان بە خولیای چیرۆکی نەگێڕدراوەی جینۆسایدی ئەرمەنەوە مایەوە. ئەو بە خولیای خۆشەویستی، چارەنووس، چیرۆکە ترسناکەکانی ئازارەکانی مرۆڤ مایەوە. مرۆڤدۆست بوو، ڕۆحێکی هەستیار بوو کە دڵی هەموو دەرد و ئازارەکانی مرۆڤی لە باوەش گرتبوو، هەموو منداڵەکان لە نەهامەتییەکی گەورەدا دەژیان و لە گۆشە دوورەکانی جیهاندا بە هۆی برسێتییەوە هەڕەشەی مردنیان لەسەر بوو:

ئەگەر دەستەکانم بە ئەندازەی دڵم گەورە بوونایە

گشت ئاڵاکانی وڵاتانی  بچووک و گەورەم دەبرد و

 بە دەستە گەورەکانم گەورەترین بەتانی و خێوەتم

 لێ دەدوورین کە جیهان بینیبێتی

بۆ هەموو منداڵە ڕەش و ڕووتەکان

خۆزگە دەستەکانم ئەوەندەی دەمم گەورە دەبوون! ٤٢

ئەو لە هەڵمەتە سەربازییە بەردەوامەکەی ئەفغانستان بە سەرۆکایەتیی ناتۆ تەواو پەست و تووڕە بوو، کە ژن و منداڵانی کە خەڵکی بێتاوانی پیاو و ژن و منداڵیان تێدا دەبوونە نەک تەنها قوربانی دووڕوویی مرۆڤدۆستیی ئەمریکی بەڵکو لەوەش زیاتر، دووڕوویی خودا، خودای هەموو شوێنێک بەڵام بێدەسەڵات لەوەی هیچ شتێک بکات و بە دڵێکی لەتلەت سەیری کوشت و کوشتارەکەی دەکرد:

ئەوان دە ملیۆن مینیان لە ئەفغانستان چاندووە

یەک مینی ئەرزی بۆ هەر دوو یان سێ ئەفغانییەک،

بەبێ گوێدانە تەمەن و نەتەوە و پاشخانێک.

مردنیان لە سکی دایکیدا چاندووە

دەست و قاچی دەستکرد لەگەڵ خواردندا بە هەوادا دەخرێنە خوارەوە.

میننێکیان چاندووە لە ژێر سەرینەکەی خودا و خەونەکانی لەبارەی کۆترەوە.

هەموو شەوێک خەونێکی تاریکی نوێ باڵەکانی بڵاودەکاتەوە

ئەم بەیانییە بە سەرئێشەیەکی توند لە خەو هەڵسام.

بە ماندووییەوە لە خەو هەڵسام.

بە درێژایی شەو مینم پووچەڵ کردبووەوە یان تەقاندبوومەوە.

 خەونێکی ئەوەندە ڕاستەقینە بوو، کە لاق و دەستەکانم پشکنی.

هێشتا هی من بوون. خەونێکی وا تاریک بوو

دڵی خۆمم پشکنی، خودا هێشتا هەر لەوێ بوو.

 بەڵام هێشتا هەر مین و هەروەها هێشتا کێشەی دە ملیۆن مین هەبوو،

دە ملیۆن لاق و دەست، دە ملیۆن ڕۆح لەبەر، دە ملیۆن خەون،

 لە دڵی خودایەکدا لەتوپەت بوون کە لەگەڵ جووتیاران

 زەوی دەکێڵێت و لە دڵی مندا دەژی.43

شێوازی ئەلیشان لە نووسینی پەخشاندا کۆمەڵێک بابەتی بەرفراوان دەگرێتەوە. زانیاریی قووڵی ئەو لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتیدا کە لە چیرۆک و پەندە نەریتییەکاندا بەرجەستە بوون، بە کەرەستەی خاو بۆ هاوتەریبەکانی خوێندن و فەلسەفە. ئەمەش دەرفەتی ئەوەی پێبەخشی کە قووڵبێتەوە لە قووڵترین چینەکانی سروشتی مرۆڤدا، ئارەزووە شاراوەکانی و خووە ئاژەڵییەکانی زاڵبوون بەسەر ئیرادە و ڕەفتاری کۆنترۆڵکراودا. بەڵام دیسانەوە، کاتێ هاتە سەر گێڕانەوەی چیرۆکی جینۆسایدی ئەرمەن، ئاڵەنگارییەکە بە بێ چارەسەر مایەوە. ئەو بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ئامرازی گونجاوی دەربڕین بۆ گێڕانەوەی ئەو چیرۆکە بۆ جیهان، بۆ باشترین وێناکردنی ئەو ڕاستییەی جینۆسایدکە بە باشترین شێوە ڕاڤە نەدەکرا و گلەیی ئەوەی دەکرد کە: "هیچ ژانرێکی گونجاو نییە بۆ پێدانی دەربڕینێکی هونەری بە جینۆسایدەکە". ڕۆمانەکە نزیکترینە بەڵام ئەوەش بەس نییە و تایبەت شایەتحاڵی گشتییە. بەڵام هەرچەندە ئەم شایەتحاڵە ڕاستی تەواو دەڵێت و بێجگە لە ڕاستی هیچی تر ناگێڕێتەوە، بەڵام شکست دەهێنێت لە وتنی هەموو ڕاستییەکان"44 هەرگیز ئەم ژانرە ئەدەبییەی تاقی نەکردووەتەوە. شیعر پسپۆڕیی ئەو بوو، تەنانەت پەخشانەکەیشی شیعرێکی بێسەروایی موزیک ئاسا بوو.

شانۆگەریی"شاڵە سوورەکە" (٢٠٠٠)، تاکە شانۆنامەیە کە نووسیویەتی، وەک شیعر دایڕشتووە و سەیر نییە باس لە ئەزموونی پڕ دەرد و ئازاری داپیرەی دەکات کە ساڵی ١٩١٥، لە تەمەنی چواردە ساڵیدا بووە و کچێکی گەنج کە جلوبەرگی ئەرزڕوومیی لەبەردا بووە  و بە شاڵێکی سوور قژە درێژەکەی داپۆشیوە. لە شانۆنامەکەدا وەک تارماییەک دەردەکەوێت کە تەنها ئارام دەتوانێت بیبینێت کە کارەکتەری سەرەکییە. ڕووداوەکانی "شاڵی سوور" لە کۆنتێکست یان سیاقێکی هاوچەرخدا نمایش دەکرێت و ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٩٧٨ (ئەو ساڵەی داپیرەی ئەلیشان لە نەخۆشخانەیەکی لەندەن کۆچی دوایی کرد). شانۆنامەکە ڕەنگدانەوەی خەیاڵی ژیانی ئەلیشان خۆیەتی وەک مامۆستایەکی زانکۆ و پیاوێکی   خێزاندار و ژیانێکی هاوسەرگیریی ئاڵۆزی هەبوو، کە داپیرەی لەگەڵ خێزانەکەی دەژیا بەڵام وا ئێستا لە نەخۆشخانە کەوتووە. ئەلیشان شێوەی کارەساتی یۆنانی کۆنی بەرجەستە دەبێت و ئەمەش بەڵگەیەکی ترە بۆ سەرسامیی ئەو بە نەریتی کلاسیک: کۆرسێک لەسەر شانۆ دێتە ناوەوە بۆ ئاسانکاریی ڕەوتی چیرۆکەکە لە کاتی ئێستادا. لەم حاڵەتەدا کۆرسەکە لە سێ ژن پێکهاتووە و ڕەنگە نوێنەرایەتیی ئەو سێ ژنە بکەن لە ژیانیدا: کچە هەرزەکارەکەی (کچەکە)، هاوسەرە جوانەکەی (ژنە گەنجەکە) و دایکی (ژنە بەتەمەنەکە). بەڵام ڕەنگە ئەوان نوێنەرایەتیی سێ قۆناغی ژیانی گەیانێیش بکەن. کۆرسەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات:

ژنە گەورەکە: ... ئێمە دەتوانین نەوەکان بین،

نەک تەنها هی ئێمە، بەڵکو هەموو گەل و نەتەوەکان.

ئاخۆ دەتوانین لەبری هەموو مردووەکان قسە بکەین

ژن و کچێکی بچووکتر: ... ئەوانەی ژیاون و سواڵیان بۆ نان دەکرد،

ئەوانەی ژووری نووستنەکانیان پڕبوون لە تارمایی و جنۆکە و

پەیکەری کەللەسەری لەسەر ستوونی جێگە خەوە نوێیەکان؟

ژنی گەورەتر و ژنی بچووکتر و کچ: با چاوەڕێ بین و ببینین

ئەگەر هەریەکێکیان بتوانێت ئازاد بێت.45

دۆخەکە لەبار بوو بۆ پێشکەشکردنی شانۆنامەکە. ئاخۆ دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەلیشان کە لە کۆتاییدا خۆی ئازاد بکات و لە مۆتەکە و تارماییەکانی ڕزگاری بێت؟ ئاخۆ ڕێگەیەک هەیە بۆ ئازادکردنی نەوەکانی ڕزگاربووانی هێدمە و زەبروزەنگی بەکۆمەڵ لە هیچ شوێنێکی جیهاندا؟

ئەلیشان ناوی خەیاڵیی بە کارەکتەری سەرەکی (ئارام) و هاوسەر و کچەکەی دەدات، بەڵام هەوڵی گۆڕینی ناوی گەیانێی داپیرەی نادات، چونکە جێپەنجەی ئەو ناوە زۆر لەوە قووڵتر بوو بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگۆڕدرێت. پێدەچێت ناو و کەسەکان بۆ ئەلیشان توانای گۆڕین و ئاڵوگۆڕ و وازلێهێنانیان هەبێت - بەڵام ئەوە بۆ نەنکی و ناوەکەشی کارێکی مەحاڵ بوو، چونکە ئەو هێمای بوو، دروستکەری بوو، ژنە خواوەندی، ژنە خواوەندی دەرد و ئازارەکانی بوو کە ئەو دەیپەرست وەک چۆن کاهینی بتپەرستەکان بتە خوداوەندەکانیان دەپەرست.

داپیرەی ئارام ژنێکی تەمەن حەفتا و هەشت ساڵە (تەمەنەکەی نەنک کاتێ کە مرد) دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی بەسەردەبات، دوور لە واقیعی دەوروبەری، تەنها ئاگاداری فلاشباکەکانی ساڵی ١٩١٥یە. کەس تێناگات بۆچی ئارام خۆی ئەوەندە گیرۆدەی ئەم فلاشباکانەیە، بۆچی ناتوانێت ڕابردوو لەبیر بکات و بەردەوام بێت لە ژیانی خۆی. بۆ پرسیارێکی پەرستار جووەکەی نەنکی، ئارام وەڵامی دەداتەوە، "باشە، ڕاشێڵ ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە مێژوو ڕاستیی کارەساتەکەی قبووڵ کردوویت و توانیوتە بەردەوام بیت و کتێبی سەرکەوتوو بنووسیت و فیلمی باش دەربارەی تراجیدیاکەت دروست بکەیت، لە کاتێکدا بۆ تۆ، ئەو هۆڵۆکۆستە کەرەستەی پوخت و خاوە بۆ دروستکردنی فیلم یان نووسینی کتێب، بەڵام بۆ ئێمە هێشتا مێژوویەکی کاڵ و خاوە".46 ئەم ڕوونکردنەوە دیدگای ئەلیشان خۆی بەرجەستە دەکات کاتێ هەردوو ئەزموونی جوولەکە و ئەرمەنی و کاریگەرییەکانیان لەسەر نەوە ڕزگاربووەکان بەراورد دەکات. نووسەر پشت بەو باوەڕەی خۆی دەبەستێ کە جووەکان بەهرەمەندی ئاشتەوایین و دەتوانن هونەر لە خۆڵەمێشی هۆڵۆکۆستەوە بخوڵقێنن، چونکە هۆڵۆکۆست ڕاستییەکی ددان پێدانراوە، لە کاتێکدا ئەرمەنەکان هێشتا ناچارن خەبات بکەن بۆ ددانپێدانانی جینۆسایدەکەیان.

ئەلیشان بە تێکەڵکردنی هەموو ژانرە ئەگەرییەکانی دەربڕینی هونەری و بە یارمەتی کتێبی پیرۆز و مەزامیرە گونجاوەکان، بڕگەکانی کۆرس، فلاشباک و دیالۆگ، وێنەیەکی وردی ژیانی خۆی پەیوەست بە مێژووی ڕابردووی خێزانەکەیەوە دەخاتە ڕوو - جینۆسایدەکە لە ناوەڕۆکەکەیدا -  دایکی و هاوسەرەکەی و بێگومان داپیرەشی. ئەو لە هێنانەوەی شیعری خۆی یان چیرۆکەکانی شاڵە سوورەکەی گەیانێ کە "هەزار جار" گوێی لێبووە، ئەو ڕووداوە تراجیدییەکەی کە لەسەری "شیعرێک، چیرۆکێک، وتارێکی بڵاوکردووەتەوە.. ". بەڵام لێرەدا چیرۆکەکە و بەتایبەتی دیمەنی گەیانێ لە دوا ساتەکانی مردنیدا، بە شێوازێکی مۆتەکە ئاسا نمایشک دەکرێت، وەک لووتکەی شانۆنامەکە.

دیمەنەکە لە مەیخانەیەکدا دەست پێدەکات کاتێ پەرستارەکەی گەیانێ دەچێتە ژوورەوە بۆ ئەوەی هەواڵی مردنی داپیرەی بداتە ئارام. کۆرسەکە گۆرانی کۆتایی چیرۆکەکە دەچڕێت. ژنە بەتەمەنەکەش باس لە مردنی ئەو جەستەیە دەکات کە دوای مردنی کچە بچووکە تەمەن چواردە ساڵەکە بەردەوام بووە لە ژیان و پیربووندا و ئێستا جەستەکە لەگەڵ خودی ڕاستەقینەی خۆیدا یەکدەگرێتەوە. ژنە بچووکەکە ماتەمینیی خۆی بۆ خۆشی و جوانیی خۆی دەگێڕێت، کە بە هۆی خۆشەویستیی نائاسایی نێوان پیاوێک و نەنکەکەی بەفیڕۆ چوو، کەوا هەردوکیان قوربانیی ئازارە نەمرەکانی یادەوەرییە تاڵەکان بوون. "ئاخۆ کۆچی دوایی کرد و مەسەلەکە کۆتایی هات؟" ئەو لە ژنە بەتەمەنەکە دەپرسێت و گومانی هەیە لە مردنی داپیرە - واتە نەمانی جەستەیی ئەو -  ئاخۆ دەتوانێت هەست و یادەوەرییە ئازاربەخشەکان کەم بکاتەوە و ژیان بگێڕێتەوە بۆ سروشتی خۆی لە ناو پەیوەندییەکی ئاڵۆز و شێتانەدا؟ کچەکە دەیەوێت بژی، دەیەوێت هەموو شتێک لەبیر بکات و ژیانی خۆی وەک مرۆڤێکی ئاسایی بژی، بەبێ ئەوەی بارگرانیی ڕابردوو ڕۆحی داگیر بکات.

شانۆنامەکە هاتە کۆتایی، بەڵام هێشتا پرسیارێک مێشکی بینەرانی داگیرکردووە. لە سەرەتاوە کۆرسەکە گۆرانی دەڵێت، "با بمێنینەوە و با بزانین/ ئاخۆ هیچ یەکێکیان دەتوانێت ئازاد بێت". کێ بە ڕاستی ئازادیی خۆی وەدەستهێناوە، ئێستا کە گەیانێی "شەهیدی زیندوو" نەماوە؟ ئێستا کە   چیرۆک و بەسەرهاتەکەی ئاشکرا بووە، ئایا ڕزگاربوون لەئارادا دەبێت؟ ئارام مەیخانەکە بەجێدێڵێت و توورەکەیەکی بۆری خستووەتە بنباڵی کە شاڵێکی سووری تێدایە و دیاریی خاوەن مەیخانەکەیە بۆ کچەکەی. چیرۆکی شاڵە سوورەکە بەردەوامە. کچەکە بە دەم هاوارکردنەوە تەختەی شانۆکە بەجێدەهێڵێت "ئەمە دادپەروەری نییە!"47 پێدەچێت ئاسۆی ژیانێکی ئاسایی لە داهاتوودا بۆ ئەو تەڵخ بێت. ئارام و هاوسەرەکەی بەبێ ئەوەی یەکتر ببینن ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. سێبەری تارماییەکی شووم ژیانی خێزانیی داهاتوویان دادەپۆشێت. کەس ئازاد نییە! کەس لە بارگرانیی ڕابردوو ڕزگاری نابێت!

بە پێی زانیاریی من، ئەلیشان هەرگیز ئەم شانۆگەرییەی بڵاو نەکردووەتەوە، سەرەڕای هاندانی زۆر. بەڵێن وابوو شانۆییەکە لە باری "گوناهباری" ڕزگاری بکات، بەڵام نەیکرد و بەردەوام وای بیر دەکردەوە کە خیانەتی لە داپیرەی کردووە و بەڵێنی خۆی شکاندووە و خۆی لە خۆشەویستییەکەی بێبەش کردووە، چونکە نەیتوانیوە ئەو ئەرکە بەجێبهێنێت کە لە خەونەکانیدا و لە بیرکردنەوەی کاتی بەئاگابوونیدا و لە کاتی موناجات و دواندن لەگەڵ ڕۆحی خۆیدا پێی سپێردرابوو. وشە خەیاڵییەکانی و ئەرکی ئاسمانی و خۆشەویستیی مەرجداری داپیرەی بۆی، لە کار و بەرهەمی داهێنانیدا ڕەنگیدابووەوە:

"... ئازیزم، ئەگەر دەتەوێت بۆ هەمیشە و هەتا هەتایە خۆشم بوێی،

دەبێت وەک فرمێسکی خێڵ داببارێیت،

 دەبێ ببیتە دەنگی مردووەکان کوڕی خۆم" 48

دەروویەک نەبوو بۆ ڕزگاربوون و دەبوو بە درێژایی ژیانی ئەم بارەی بەسەر شانەوە بێت:

...  بێهوودە بە دوای سێبەرێکدا دەگەڕێم لەم بیابانە خۆڵەمێشییەی نیساندا

بۆ ئەوەی نەنکم دابنێم و پشوویەک بدەم.

ئەو قورسە و من ئێستا پیر بووم و

 هەست بە ماندوێتی دەکەم.

پێنەدەچوو مەسەلەکە هێند قورس بێت

کە من سەرەتا نەنکم دەکردە کۆڵ

کاتێ کە ئەو کیژێکی لاوازی چواردە ساڵ  و

منیش تەمەنم تەنها نۆ ساڵان بوو٤٩

ئازارە سەختەکانی ئەلیشان و خولیا و شەیدابوونی بۆ گێڕانەوەی چیرۆکە نەگێڕدراوەکانی جینۆسایدی ئەرمەن، بە ڕاستی، ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی نیسان توندتر دەبووەوە -  بەتایبەتی لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا، کاتێ لە خانووە دوونهۆمییەکەی دایکیدا دەژیا و لە ژێرزەمینەکەدا دەخەوت و کاتێ کە بە قووڵی هەستی بە کاریگەرییەکانی "بچڕانی میتافیزیکی" دەکرد، کاتێ هەستی دەکرد کەوا کەمتەرخەم و شکستخواردوو بووە لە ئاست خێزانەکەی و منداڵەکانیدا:

نیسان،

بۆچی ئەم هەموو ژیانە لەگەڵ تۆ 

خۆ من زیندووی مردووم؟

ئەمە یەکەم بڕگەی شیعری "نیسان، لە ساڵی ١٩١٥ەوە"،  دووەم بڕگەی چوار شیعری بڵاونەکراوە بە ناوی "قوربانییان: گەڕانەوەی دڕندەترین مانگ". لەم قەسیدە شیعرییەدا ئەلیشان بیری دێتەوە کە چۆن گریاوە کاتێک بیستووە کە کەسێکی کۆنەپەرست و توندڕەو ترشی بەسەر دەموچاوی کچێکی جواندا ڕشتووە، چونکە دەموچاوی بە پەچەی ئیسلامی نەداپۆشیوە. بە لێکچوواندنێکی بەهێز، دەپرسێت:

نیسانی جوان و شیرین، ئەگەر بەزەییم پێدا بێتەوە

بۆچی لێت دەپرسم

لە کاتێکدا دەبوو بۆ تۆ بگریم و

پرسیار لە تورک بکەم

بۆ ئەوەی چی بەسەر دەموچاوتدا کردووە؟

بۆ ئەلیشان، بە ڕاستی مانگی نیسان مانگێک بوو بۆ ئەوەی بەتەواوی شێتبوون، لە کۆنترۆڵ دەرچوون، مەست و سەرخۆشی و دابڕان بوو لە واقیع، پەیوەندیی تەلەفۆنی بەردەوام بۆ هاوڕێکانی و گفتوگۆکردن بوو کە ڕۆژی دواتر لە بیری نەمابوو باسی چی کردووە، هەوڵی نائومێدانەی خۆکوشتن. بەڵام فرە جار دەرئەنجامەکەی، شاکارێک، قەسیدەیەک یان زنجیرە شیعرێک بوو وەک بەرخی قوربانی بۆ یادی مردووەکانی، بۆ هەموو ملیۆن و نیوەکەیان، کە وا دیار بوو لە گۆڕە وەهمییەکانیان ڕاست دەبنەوە و ژوورەکەی و ڕۆحی ئەم پڕ دەکەن لە سێبەر و تارماییەکانیان:

ئەو ئەرمەنیانەی لە ماڵ و حاڵیان دەرکران

بەرەو بیابان و هەشتا و حەوت ساڵ لەمەوبەر

گەڕێنراونەتەوە بۆ جیهانی ڕۆحەکان،

تەنها لە مانگی نیساندا چاوەڕێی من ناکەن و

تەنها لە بیست و چواری مانگدا.

ئەوە تەنها ئەو ڕۆژەیە کە کۆدەبنەوە

وەک سوپای تارماییەکان و

بۆ چەندین کاتژمێر ڕاوەدووم دەنێن٥٠

ئەوجا دەپاڕێتەوە تا ئازاد بکرێت:

ئەو چیرۆکانەم بیستووە کە ئەم تارماییانە دەیگێڕنەوە

هەروەها چیرۆکی تارماییەکانی ترم بیستووە

خودایە، تکایە چەندت پێدەکرێت هەوڵێک بدە

 بۆ ئەوەی هەموو تارماییەکانم ئارام بکەیتەوە.51

 لە هەر بڕگە شیعرێکیشدا کە دەینووسێت، داپیرە ئامادەیە:

ئەوا مانگی نیسانە

دیسانەوە پڵنگە برسییەکەیە و

منیش وەک هەندێک بۆدیساتڤا، مەهاساتڤا،

جارێکی تر خۆمی دەخەمە خزمەتەوە.52

هەندێ جار ئەلیشان سەرنج و تێبینیی خۆی لەسەر ئەو شیعرانە دەردەبڕی کە بۆ هاوڕێکانی دەنارد. من لە ١٥ی مایسی ١٩٩٩دا قەسیدەی "نیسان، لە ساڵی ١٩١٥ەوە"م وەرگرت لەگەڵ چەند دێڕێک کە هاوپێچ بوو:

لە کاتێکدا تۆ دوور بوویت من شیری دووگیانیم دەدا کە لە ئەنجامدا لەدایکبوونی ئەم شیعرە بوو. هەر جارێک کە پێم وایە تەواو بووم، تەواو نەبووم و هێشتا زیاترم هەبوو. ئەمە درێژترین شیعرە کە تا ئێستا  نووسیومە و لاموایە یەکێکە لە باشترینەکانیش.

ئەلیشان لەم قەسیدە شیعرییە درێژە کە دوانزە بەشە، نەک هەر وەک بوونەوەرێکی خۆنەویست کە خۆی دەکاتە قوربانی بۆ نەنکە خۆشەویستەکەی بەڵکو وەک پەیکەرتاشێک، ئاسنگەرێک، ئەڵماسبڕێک و هتد. بەڵام ئەم مێژووە تەنها باسی نادادپەروەری دەکات، باسی ئەشکەنجەدان دەکات، باسی بێتوانایی خودا دەکات لە دەستوەردان. دواتر لەوێ دیسانەوە نەنک هەیە و ئەمجارەیان وەک شاژنی پاشا ئۆدیب. ئەم ئاماژەیە بۆ ئەفسانەی ئۆدیپ شتێکی نامۆیە و ڕوون نەکراوەتەوە:

داپیرە، شاژنی دڵم

ئەی دڵی هەر نیسانێک،

چاوەکانم بە دەرزییەکەت کون بکرێن

ئەگەر هەرگیز پشتت لێ بکەم، خۆشەویستەکەم.53

ئەو بە ئاماژەیەکی ورد بە ئەخلاقی بوودایی کۆتایی بە "٢٤ی نیسانی ١٩١٥" دەهێنێت:

بەڵام ئازیزم،

ئەگەر سەرکەوتوو بم لە ڕزگارکردنت

لە گەدەی ئاوساوی تەرمی زەمانەوە،

من خۆم لە خۆت ڕزگار دەکەم؛

ئێمە لە هەموو شوێنێک هەمووان ئازاد دەکەین،

بۆ ئەوەی مرۆڤ ئەو کارە نەکات کە ئەوان دەیکەن

هەرگیز جارێکی تر.

لیۆناردۆ ئەلیشان کەسێکی بەسۆز بوو. بە سۆزەوە پەیوەندیی بە هەموو شتێکی دەوروبەریەوە دەکرد و کاردانەوەی هەبوو. بە سۆزەوە عاشقی مامۆستای باخچەی ساوایان بوو، لە ئەنجامدا دیمەنێکی شەرمەزارکەری لێکەوتەوە کە نەیتوانی تا کۆتایی ژیانی لەبیری بکات.54 خۆشەویستییەکەی بۆ نەنکی سەقامگیری و هاوسەنگییەکەی چەقاند، فڕێیدایە سەر ڕۆلەر کواستەرێکی هەست و سۆز کە هەرگیز نەیتوانی لێی دابەزێت. عاشقی هەر شتێکی جوان بوو - کارێکی هونەری، پارچە مۆسیقایەک، ژنێکی جوان. حەسرەتی جوانی، گەڕان بە دوای هاوسەنگی و ڕێکوپێکیی هەستکردندا، بە پێچەوانەی ئەو جیهانە ئاژاوەگێڕەی کە گرتبوویەوە، جیهانی جینۆساید، کە ڕێکوپێکی و هاوسەنگی هیچ مانایەکی نەبوو. ئەلیشان وەک هونەرمەندێک کە بە دوای جوانی لە هونەردا دەگەڕێت، ڕووبەڕووی ئەو مەحاڵە بووەوە و شکستی خۆی لە تێپەڕاندنی ئەو ئاڵەنگارییە ڕاگەیاند. ئەو نەیتوانی ئەو دووبەرەکییە چارەسەر بکات و کەسیش نەیتوانیوە چارەسەری ئەو دژوارییە بکات لە نێوان ئەو کەرت و پەرت بوونەی کە سەپێنراوە بەسەر هونەرەکەیدا وەک خاسییەتێکی تایبەتمەندی ئەدەبیاتی جینۆساید و یەکگرتوویی  و پتەویی وەک مەرجی جوانی لە هونەردا.

لە گەشتە ئازاربەخشەکەیدا، پردێک هەبوو کە زۆرجار لە نێوان خولیا و پەرۆشیدا لێی دەپەڕییەوە. ئەو بە هۆی ڕاوەدوونانی بەردەوامەوە لە لایەن تارمایی مردووەکانیەوە، واتە قوربانییانی جینۆسایدی ئەرمەنەکان، "تارماییە لەبیرکراوەکانی ساڵی ١٩١٥" -  ئەو تارماییانەی کە هەرگیز جێیان نەهێشت و لە کۆڵی نەدەبوونەوە، نە لە مانگی نیسان و نە لە بە درێژایی ساڵیش:

... تارماییەکانم

لەو شوێنانەدا خۆیان دەشارنەوە کە مرۆڤ کەمترین چاوەڕوانییان لێدەکات،

وەک لە وشەی "خۆشمدەوێی"  باوکێکی شکستخواردوو

 لە کارتێکدا دەیدۆزیتەوە کە دەیکاتەوە

پاش ئەوەی بە درێژایی هەموو ڕۆژەکە خواردوویەتیەوە

بۆ ئەوەی لەبیری بکات کە ڕۆژی باوکە.55

لیۆناردۆ ئەلیشان لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کرد، کاتێ ئاگرێکی گەورە لە ماڵەکەیدا کەوتەوە لە شاری ساڵت لەیک سیتی. ماڵەکە بە تەواوی سووتا و ئەویش کە تاقانە دانیشتووەکەی بوو، لەگەڵیدا سووتا. بەمە پێشبینییە ترسناکەکەی هاتەدی: کۆتایییەکی تراجیدیی بەخۆیەوە بینی کە لەگەڵ ژیانە پڕ ئازار و مەینەتییەکەیدا یەکیدەگرتەوە: ژیان و مردنی قوربانییەک بە سووتان لەسەر قوربانگەی یادەوەریی جینۆساید.

 

سەرچاوە:

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی توێژەرانی جینۆساید

گۆڤاری نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی جینۆساید و ڕێگری لێکردنی، بەرگی ١، ژمارە ٣

Genocide Studies and Prevention: An International Journal, Volume 1, Issue 3

The Restless World of  Leonardo Alishan (March 1951–January 2005): A Burnt Offering on the Altar of the Armenian Genocide

Rubina Peroomian

 جیهانی نائارامی لیۆناردۆ ئەلیشان (١٩٥١ - ٢٠٠٥): قوربانییەکی سووتاندن لەسەر قوربانگەی جینۆسایدی ئەرمەن

پرۆفیسۆر د. ڕوبینا پێرومیان / زانکۆی کالیفۆرنیا - ئەمریکا

 

Notes تێبینی و پەراوێز                                                                                

Leonardo Alishan, ‘‘The Lady-Bug and the Persian Rug,’’ Ararat 35, 140 (Autumn 1994): 32. قالۆنچە و فەرشە ئێرانییەکە

Leonardo Alishan, ‘‘Refuge,’’ in Dancing Barefoot on Broken Glass (New York: Ashod Press, 1991), 51. سەماکردن بە پێی ڕووت لەسەر شووشەی شکاو                                                                                                       

Alexander Pope, ‘‘An Essay on Criticism,’’ in Critical Theory since Plato, ed. Hazard Ames, 281 (New York: Harcourt Brace Jovanovich, 1971). وتارێک لەسەر ڕەخنە، لە تیۆری ڕەخنەیی لە دوای ئەفلاتونەوە                                                                                          

Leonardo Alishan, ‘‘The Nest,’’ Visions (1999).هێلانە

Vahe´ Oshagan was a revered Armenian poet, writer, and critic with whom Alishan had developed an intellectual bond.

ڤاهێ ئۆشاگان شاعیر و نووسەر و ڕەخنەگرێکی ئەرمەنی ڕێزدار بوو کە ئەلیشان پەیوەندییەکی فیکری لەگەڵیدا پەرەی سەندبوو.

Leonardo Alishan, ‘‘Vahe Oshagan (1921–2000),’’ Ararat 41, 160 (Autumn 2000): 64.       ڤاهێ ئۆشاگان (1921-2000)

Ibid. هەمان سەرچاوە

Leonardo Alishan, ‘‘To an American Friend Who Loves Persian Poetry,’’ in Oberon, poetry 2 (2003): 21. بۆ هاوڕێیەکی ئەمریکی کە شیعری فارسی خۆشدەوێت                                                                                   

The copy of this piece in my possession is a photocopy of page 31 of an unnamed magazine or anthology, sent to me by Alishan.

کۆپی ئەم پارچەیەی لەبەردەستمدایە، فۆتۆکۆپی لاپەڕەی 31ی گۆڤارێک یان ئەنتۆلۆژیایەکی بێ ناوە، کە لە لایەن ئەلیشانەوە بۆم نێردراوە.

Leonardo Alishan, ‘‘Remembrances,’’ Lullwater Review 13, 1 (Winter 2002): 73. This poem won him the Lullwater First Prize.

''بیرەوەرییەکان،'' پێداچوونەوەی لولواتەر 13، 1 (زستانی 2002): 73. ئەم شیعرە خەڵاتی یەکەمی لولواتەری بەدەستهێنا.                                                       

Leonardo Alishan, ‘‘An Exercise on a Genre for Genocide and Exorcism,’’ in The Armenian Genocide, History, Politics, Ethics, ed. Richard G. Hovannisian, 340–54 (New York: St. Martin’s Press, 1992), 352–53.

ڕاهێنانێک لەسەر ژانرێک بۆ جینۆساید و دەرکردنی جنۆکە،’’ لە جینۆسایدی ئەرمەن، مێژوو، سیاسەت، ئەخلاق                                                                             

Leonardo Alishan, ‘‘The Lady, the Demon, and the Little Exorcist,’’ unpublished manuscript, circa 2003. Subsequent quotations in this paragraph are from the same source.

قالۆنچە، جنۆکە و دەرکردنی جنۆکە لە جەستە،" دەستنووسێکی بڵاونەکراوە             

Alishan, ‘‘Lady-Bug,’’ 32.

Alishan, ‘‘Exercise on a Genre,’’ 352. مەشق و ڕاهێنان لەسەر ژانرێک

Ara Oshagan, ‘‘Once in a While It’s OK to Walk Naked in the Crowd: An Interview with Leonardo Alishan,’’ Asbarez English Weekly, 14 March 1992, 7.

جارێک لە کاتێکدا باشە کە بە ڕووتی لەناو قەرەباڵغیدا بڕۆن: چاوپێکەوتنێک لەگەڵ لیۆناردۆ ئەلیشان                                                                                   

Leonardo Alishan, ‘‘The Return of the Great Goddess in the Hayrens of Nahapet Kuchak’’ (in Armenian), paper presented at UCLA Narekatsi Chair of Armenian Studies / Yerevan State University Department of Literature symposium, Yerevan, fall 1991. گەڕانەوەی خوداوەندە گەورەکە لە هایرێنەکانی نەهاپێت کوچاک

١٧. بنەمای ژنانە و چەمکی خوداوەند لە ئایینی مەسیحی سەرەتاییدا ڕەتکرایەوە و چەمکی کەنیسەی (کەنیسەی دایک) جێگەی گرتەوە بۆ ئەوەی وەک بەخشەری ژیان کار بکات. ئەم هەڵوێستە دژە ژنانە لە شیعری لیریکی ئەرمەنیدا زاڵ بوو- هەمووی، بەڕێکەوت، لە لایەن شاعیرانی ڕۆحانییەوە ئامادەکرابوون- تا هایرێنەکانی نەهاپێت کوچاک، شاعیری عەلمانی سەدەی ناوەڕاستی ئەرمەنی. کوچاک لەم ژانرە شیعرەدا هەر سێ ئەرکی خوداوەندی بتپەرست دەگەڕێنێتەوە بۆ ژن: بەخشەری ژیان، گۆڕانکاری و بەخشەری مردن. دوای هەزاران ساڵ لە ڕەتکردنەوە، خوداوەندی بتپەرست گەڕایەوە بۆ شیعری ئەرمەنی، کوچاکیش بۆ خوداوەندی بتپەرست، بۆ سەرچاوەی ژیان.

18. Leonardo Alishan, ‘‘From Dream to Reality: Don Quixote with a Dead Horse and Windmills with No Wind,’’ Ararat 32, 132 (Autumn 1992): 23 - 27, 23. لە خەونەوە بۆ واقیع: دۆن کیشۆت لەگەڵ ئەسپێکی مردوو و ئاشەبا بە بێ با.

١٩.  هەمان سەرچاوە. ل٢٦

٢٠. هەمان سەرچاوە. ل ٢٣ - ٢٤.

21. Hakob Karapents, ‘‘Haykakan shourjpar,’’ in Ankatar [Incomplete], by Hakob Karapents, 12 (New York: Voskedar Press, 1987).

هایکاکان شوورجپار

Oshagan, ‘‘Once in a While,’’ 7.                                  جارێک لە ماوەیەکدا   

Leonardo Alishan, ‘‘Deathtime 1,’’ in Dancing Barefoot on Broken Glass (New York: Ashod Press, 1991), 70. سەماکردن بە پێی پەتی لەسەر شووشەی شکاو                                                            

Alishan, ‘‘An Exercise on a Genre.’’

Alishan, ‘‘Lady-Bug.’’

Leonardo Alishan, ‘‘April 24, 1915,’’ Armenian Weekly, 27 May 2000.

Ibid.

‘‘ECCE HOMO,’’ unpublished, 2000.

Leonardo Alishan, ‘‘Poetry,’’ ByLine, June 2002, 18.

تانکا یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین شێوەکانی بەیتی ژاپۆنی. تانکای زمانی ئینگلیزی تا ڕادەیەک جیاوازە و ڕەنگە وێنەی زیاتری تێدابێت لە چاو نەریتی ژاپۆنی، کە پێکهاتە دانراوەکەی سی و یەک بزوێنە. بە پێنج دێڕ پێکهاتووە. لە باشترین تانکادا زۆرجار پێنج هێڵەکە بەبێ کێشە دەڕژێنە ناو یەک بیرکردنەوە. تانکا پوختە و وەبیرهێنەرەوەیە؛ بەزۆری ئاهەنگ دەگێڕێت بۆ ساتێک و ڕووداوێک و یادەوەرییەک. هایکۆ زیاتر پەیوەندی بە سروشت و دیاردە سروشتییەکانەوە هەیە. سێنریو زیاتر پەیوەندی بە ڕەفتاری مرۆڤەوە هەیە و خاوەنی تۆنی تەنزئامێزی ورد. مایکل دیلان وێڵچ بە سێنریو ناودەبات "شیعری خۆئاگاداری مرۆڤ." ڕەی ڕاسموسن، "سێنریو: پێناسەکان و بێژەکردن،" لاپەڕەی چوونە ژوورەوەی سێنریو، http://raysweb.net/senriu/definitions.html (دەستگەیشتن بە ٢٥ی تەمموزی ٢٠٠٥). هەردوو هایکو و سێنریو پارچەیەکی زۆر کورتن، ‘‘درێژی هەناسەیەکی ئاسوودە،’’ سێ هێڵی بێ قافیە، و زۆرجار جیاوازیکردن لە نێوان ئەو دوو فۆرمەدا زۆر قورسە. زۆرێک لە شاعیرانی ئینگلیزی و ئەمریکی، کە لە جەیمس جۆیس و ئێزرا پاوندەوە دەستیان پێکرد لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩١٠ بۆ ١٩١٧، ئیلهامیان لە سادەیی و قووڵی هایکو و سێنریو وەرگرتووە، ئەم فۆرمانە بەکاردەهێنن بۆ دەربڕینی کاریگەرییەکانیان لەسەر دیاردە سروشتییەکان و ڕەفتاری مرۆڤ و هەروەها هەستەکانیان. بەڵام بزووتنەوەکە تەنیا لە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ڕەگی داکوتێت، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی گۆڤاری خولیی تەرخانکراو بۆ ئەم فۆرمانە. لەو کاتەوە هایکو و سێنریو لە ئەدەبیاتی ئەمریکای باکووردا گەشەیان کردووە.

لیۆناردۆ ئەلیشان، لە ڕێگەی دڵۆپێکەوە (لۆس ئەنجلۆس: نامەی کراوە، 2000). بەشێک لە شیعرەکانی ئەم کۆمەڵەیە بۆ یەکەمجار لە گۆڤارە ئەدەبییە بەناوبانگەکانی وەک تانکای ئەمریکی، لقە ڕەش، داپیرە زەوی، ژاپۆنۆفیل، لینکس، هایکۆی مۆدێرن، پالۆمار شۆکەیس، پێنۆمبرا، پوینت جودیس لایت، دەمارە خامەکان، خوشکەکانی ئەمڕۆ، سپین، زستانە سپین، تانکا جۆرناڵ، و توندرە دەرکەوتن.

Ibid., p. 52.

Ibid., p. 10.

Ibid., p. 11.

Ibid., p. 56.

Ibid., p. 64.

Ibid., p. 70.

Ibid., p. 81.

Ibid., p. 101.

جەین ڕیشهۆڵد و وارنەر ڕیشهۆڵد، پێداچوونەوە لە ڕێگەی شەبنەمێکەوە: کۆمەڵێک لە هایکو، سێنریو و تانکا، لەلایەن لیۆناردۆ ئالیشان، لینکس: گۆڤارێک بۆ بەستنەوەی شاعیرانی 16، 1 (2001)، http://www.ahapoetry.com.com ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦).

Leonardo Alishan, ‘‘Kingfisher,’’ Tanka Journal 15 (2000): 6.

‘‘Utilitarianism سووگەرایی,’’ Sufi 58 (Summer 2003):

لیۆناردۆ ئەلیشان، "بیرکردنەوە ماندووەکان،" بڵاوکراوەکانی سووتانی بوش، http://www.bbbooks.com/ winner2003.html (دەستگەیشتن بە 17ی تشرینی یەکەمی 2006). ‘‘بیرکردنەوە ماندووەکان’’ خەڵاتی شیعری خەڵکی پێش قازانج لە ساڵی ٢٠٠٣ی بەدەستهێنا. خەڵاتەکانی دیکەی ئەلیشان بریتین لە خەڵاتی ئەکادیمیای شاعیرانی ئەمریکی (١٩٧٧)، خەڵاتی دانیال ڤاروجان لە یانەی شیعری نیو ئینگلاند (١٩٨١)، و خەڵاتی شیعری پێداچوونەوەی لولواتەر (٢٠٠٢)

Alishan, ‘‘An Exercise on a Genre,’’مەشق و ڕاهێنان لەسەر ژانرێک  352.

Leonardo Alishan, The Red Scarfشاڵە سوورەکە  (unpublished playscript, 2000), Act I.

Ibid., Act II.

Ibid., Act III.

Leonardo Alishan, ‘‘Conditioning’’ (unpublished, 2002).

٤٩.  لیۆناردۆ عەلیشان، "گەشەکردن لەگەڵ میراتەکەم (بۆ دوو قوربانیی جینۆسایدی ئەرمەنەکان)،" چوارەم لە زنجیرەی چوار شیعری بڵاونەکراوە بە ناوی "قوربانیان: گەڕانەوەی دڕندەترین مانگ''، کە لە مانگەکانی نیسان و ئایاری 2002 نووسراوە.

٥٠. لیۆناردۆ عەلیشان، "'بۆسەی قوربانی،'' سێیەم لە زنجیرەی "'قوربانیان: گەڕانەوەی دڕندەترین مانگ،'’ بڵاونەکراوەتەوە.

Alishan, ‘‘April 24, 1915.’’عەلیشان

هەمان سەرچاوە. لە ئایینی بودایی تبتدا، بۆدیساتڤا هەر کەسێکە کە پاڵنەرەکەی بەزەیی بێت و نەک تەنها بۆ خۆی بەڵکو بۆ هەموو کەسێکی دیکەش بەدوای ڕۆشنگەریدا بگەڕێت. مەهاساتڤا یەکێک بوو لە دووبارە لەدایکبوونەکانی پێشووی بودا، کە خۆی فڕێدایە بەردەم پڵنگێکی برسی و بەچکە برسیەکانی بۆ ئەوەی ببێتە خۆراکیان.

Ibid. هەمان سەرچاوە

٥٤. ئەو لەسەر ئەم ڕووداوەی نووسیوە لە کتێبی "زەردەخەنە (گوڵەبەڕۆژەیەک بۆ خاتوو ئەرمیک گۆگۆزیان)"، دەستنووسێکی بڵاونەکراوەیە، ٢٠٠١، باس لەوە دەکات چۆن باوک و دایکی بانگهێشت کراون بۆ چاوپێکەوتنی بەڕێوەبەری باخچەی ساوایان و مامۆستا بۆ ڕوونکردنەوەی ددانپیانانی نامۆی کۆڕە پێنج ساڵانەکەیان بە خٶشەویستیدا.

Alishan, ‘‘The Victim’s Ambush.’’ بۆسەی قوربانی

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×