وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، لە نوێترین لێدوانیدا تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی پڕۆسەی ئاشتی و ڕایگەیاند کە ئەو هەنگاوانە نەک تەنها بۆ ناوخۆی تورکیا، بەڵکو بۆ سەقامگیریی کوردەکانی هەرێمی کوردستان و سوریاش ڕۆڵێکی گرنگیان دەبێت. فیدان داوا دەکات پەکەکە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە سەرباری بڕیاری هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠٢٥، بەڵام تا ئێستا بە کردەیی هەنگاو بۆ داماڵینی چەک نەنراوە.
کۆتاییهێنان بە نکوڵیکردن و پرسی چەکدانان
ئاوێنە: لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، کۆتاییهێنان بە قۆناغی ئینکارکردن و نکوڵیکردن لە ناسنامەی هاووڵاتییان، بە گەورەترین "شۆڕشی سیاسی" حکومەتەکەیان دادەنرێت. سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وتویەتی، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە کۆتاییهێنانیان بە خەباتی چەکداری ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکانیان جێبەجێ نەکردووە.
هۆشداری بە هێزە چەکدارەکان
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، فیدان هۆشدارییەکی توندی دا سەبارەت بە بوونی هێزی چەکداری دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان. ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕێگە نادرێت هیچ هێزێک لە دەرەوەی سوپای فەرمیی هەردوو دەوڵەتی عێراق و سوریا لەو ناوچانەدا بمێنێتەوە، باسی لەوەش کرد کە هەردوو حکومەتی بەغداد و دیمەشق لەم پرسەدا هەڵوێستێکی جدییان هەیە.
وەزیرەکەی تورکیا ڕوونیشیکردەوە، لەمەودوا تاکە ڕێگە بۆ تێکۆشان لە ناو تورکیادا تەنها کاری سیاسییە نەک بەکارهێنانی چەک. هیوایشی خواست کە پەکەکە ئەم دەرفەتە وەک دوا هەل بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی دۆسیەی ململانێی چەکداری بە یەکجاری دابخرێت، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەو هێزانە ڕووبەڕووی هێزی دەوڵەت دەبنەوە.
ڕەهەندی هەرێمایەتی پڕۆسەی ئاشتی
لە ڕاگەیەندراوێکیشدا کە پەیوەستە بەم بابەتەوە، فیدان ڕایگەیاندووە: "پڕۆسەی ئاشتی تەنها بۆ تورکیا نییە، بەڵکو بۆ ئارامیی کورد لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای سوریاش گرنگییەکی زۆری هەیە." هەروەها وتیشی: "ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بەم برینە کۆنە بهێنین، بۆیە داواکارین هەموو لایەک پابەندی ڕێکارەکان بن لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی پڕ لە خۆشگوزەرانی."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی ئابی ٢٠٢٦، پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی بە ناوی "یاسای چوارچێوە" بۆ پرسی چارەسەری پەسەند کردووە. لەو یاسایەدا میكانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ چارەنووسی چەکدار و لایەنگرانی پەکەکە دیاریکراوە و مەرجی ئەوە دانراوە کە پێش دەستپێکردنی قۆناغەکانی ئاساییکردنەوە، دەبێت دەزگا ئەمنییەکان بە تەواوی دڵنیا ببنەوە لەوەی پەکەکە و سەرجەم ڕێکخراوەکانی نزیک لەو پارتە تەواوی چەک و تەقەمەنییەکانیان ڕادەست کردووە.