وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە قەرزەکانی پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕووناکی" دەرکرد، کە تێیدا قەرزەکان بەبێ هیچ جۆرە داشکاندنێک دەکرێنە قیستی مانگانە و ماوەی دانەوەکەی تاوەکو ٢٤ مانگ دەخایەنێت. بڕیارە یەکەم قیست بخرێتە سەر پسوولەی خولی مانگی نۆ، کە پێشبینی دەکرێت لە مانگی دەدا دەربچێت.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە وەک دەرفەتێکە بۆ ئەو هاوبەشانەی نەیانتوانیوە سوود لە کەمپەینی پێشووی داشکاندنی ٥٠٪ وەربگرن، تاوەکو بتوانن قەرزەکانیان لە ماوەیەکی درێژخایەندا بدەنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە ئەم قیستانە لەگەڵ پسوولەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناکی و لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی دیاریکراو بۆ پارەدانی پسوولەکە، بدرێن.
سیستەمی قیستەکان بەپێی جۆری پۆلێنکردنی هاوبەشانی کارەبا دیاری کراوە بۆ ئەوەی ئاسانکارییان بۆ بکرێت، کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش کراون:
هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ: ماوەی دانەوە تاوەکو ٢٤ مانگە، و کەمترین بڕی قیستی مانگانە ٢٠,٠٠٠ دینارە.
هاوبەشانی بازرگانیی بچووک: ماوەی دانەوە تاوەکو ١٢ مانگە، و کەمترین بڕی قیستی مانگانە ٢٠,٠٠٠ دینارە.
هاوبەشانی بازرگانیی گەورە و پیشەسازیی گەورە: ماوەی دانەوە تاوەکو ٦ مانگە، و کەمترین بڕی قیستی مانگانە ٢٠٠,٠٠٠ دینارە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە نێوان ٣ی ئاب تاوەکو ١٠ی ئەیلوول، نزیکەی ٨٠٠ هەزار هاوبەش قەرزەکانیان لە چوارچێوەی بڕیاری لێخۆشبوونی ٥٠٪دا داوەتەوە. بەمەش لە کۆی ٢ ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرتاسەری کوردستان، زیاتر لە ١.٢ ملیۆن هاوبەش (کە ملیۆنێکیان هاوبەشی ماڵانن) هیچ قەرزێکی کۆنیان لەسەر نەماوە. هاوکات، زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەی کە هێشتا قەرزیان لەسەرە، بڕی قەرزەکەیان لە ٣٠٠ هەزار دینار کەمترە.
وەزارەتی کارەبا دەشڵێت کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدا، تاوەکو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٣٦٠ ملیار دینار لێخۆشبوونی کردووە، کە ٣٠٠ ملیار دیناریان تایبەت بووە بە لێخۆشبوون لە قەرزی کۆن و تێیدا ٨٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبا سوودمەند بوون.
سەبارەت بە ئاستی خزمەتگوزارییەکە، وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٩٠٪ی هاووڵاتییانی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی نرخە نوێیەکان، ٨٠٪ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی کەسانی کەمدەرامەت، بە تێکڕا پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو تێچووەی پێشتر بۆ کارەبای مۆلیدە و نیشتمانی دەیاندا.
جێی باسە پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەسەندی نرخە نوێیەکانی کارەبای کرد لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای بەردەوام و ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.