سوپاسالاری نوێی عێراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌
  2026-02-18       4774       

عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا، سوپاسالاری نوێی عێراق له‌ یه‌كه‌مین په‌یامیدا رایگه‌یاند، سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌كات كه‌ متمانه‌یان پێبه‌خشیوه‌، ده‌شڵێت، كارده‌كات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق و پەرەپێدانی سیستمە سەربازی و شەڕکەرەکانی.

ئاوێنە: عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "بە هەستێکی قوڵی بەرپرسیارێتی، سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆم ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگری یەکەمی سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان دەکەم کە متمانەی نوێنەرانی گەلیان پێسپاردم و دەنگیان پێدام بۆ راسپاردنی من وەک سەرۆکی ئەرکانی سوپای بەجەرگی عێراق".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سوپاس و پێزانین بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ده‌كات، هەروەها بۆ ئەندامانی حکومەت بۆ پشتیوانی بەردەوامیان.

عەبدولئەمیر ڕەشید نوسیویه‌تی، "پابەندبونم نوێ دەکەمەوە بۆ بەردەوامبون لە کارکردن بە پەرۆشەوە لەگەڵ هەمو ئۆرگانەکانی یاسادانان و جێبەجێکاری پەیوەندیدار".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لەگەڵ براکانم لە وەزارەتی بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و هەمو دامودەزگا ئەمنییەکان كارده‌كات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق و پەرەپێدانی سیستمە سەربازی و شەڕکەرەکانی، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، وەک چۆن گەلی عێراق هەمیشە ناسیویانە".

شاخەوان عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "وەرگرتنەوەی پۆستی سوپاسالاری عێراق لە کورد سەرەتایەکی زۆر خراپە و لە داهاتو بەیاننامەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڵاودەکەینەوە و ئەوەی سەرۆکی پەرلەمانکردی پێشێلی دەستورە".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان کردی پێچەوانەی دەستورە بەگوێرەی ماددەی 36، هەروەها عورفێکی ناشیرینە بەبێ کورد کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بیانەوێت بابەتەکان تێپەڕێنن بەبێ رەزامەندی جێگیری سەرۆکی پەرلەمانیش، هەروەها ئەمە یەکەین حاڵەت نییە، بەڵکو پێشتریش حاڵەتی بەمشێوەیە هەبون، دەبێت سنورێک بۆ ئەم حاڵەتانە دابنرێت.

پەرلەمانی عێراق لە كۆبونەوەی دوێنێدا دەنگی لەسەر دیاریكردنی عەمار موسا وەک سەرۆكی شارەوانی بەغدا و عەبدولئەمیر یاروڵا وەک سوپاسالاری عێراقدا، ئەوەش ناڕەزایەتی كوردی لێكەوتەوە.

پۆستی سوپاسالاری عێراق، پشكی كوردە و لە ساڵی 2003 تاكو 2015 بابەکر زێباری لەو پۆستەدا بوە، بەڵام لە 2015 حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوكاتی عێراق بابەکری خانەنشینکرد و لە ساڵی 2017 دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بابەکر زێباری دەكرد.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×