محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و تۆم باراك، نێرده‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه له به‌غدا كۆبونه‌ته‌وه‌و تاوتوێی په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كان و دۆخی ناوچه‌كه‌یان كردوه. سودانی جه‌ختی له پێویستی چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه قوڵه‌كانی ناوچه‌كه كردۆته‌وه.
ئاوێنه: نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، محه‌مه‌د شیاع سودانی پێشوازی كردوه له تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ سوریا و له كۆبونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه دوقۆڵییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مریكا، دۆخی ناوچه‌كه به گشتی، هه‌وڵه‌كانی عێراق بۆ پشتیوانیكردنی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت سه‌قامگیریی سوریا، تاوتوێ كراون.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه، له كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردولا باسیان له رێگری له گرژییه‌كان له ناوچه‌كه و گرنگی په‌نابردن بۆ گفتوگۆ و دیپلۆماسییه كردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان و هه‌روه‌ها تاوتوێی ده‌رفه‌ته‌كانی هاریكاریی ئابوریی و پشتیوانی په‌ره‌پێدانیان كردوه به‌شێوه‌یه‌ك كه ببێته مایه‌ی به‌هێزكردنی سه‌قامگیری.
له‌وڕوه‌وه سودانی جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه پێویسته كێشه قوڵه‌كان به لابردنی ریشه‌ییانه‌ی هۆكاره‌كانیان چاره‌سه‌ربكرێن، له‌گه‌ڵ رێگری له هێرش و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری وڵاتان و گه‌لانی ناوچه‌كه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه لای خۆیشییه‌وه تۆم باراك باسی له گرنگی ئه‌و رۆڵه كردوه كه عێراق ده‌یگێڕێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه، كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان، پشتیوانیكردنی گفتوگۆ و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر.