دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی گرژییه ئەمنییەکان له ناوچەکەدا، ڕاگرتنی هاتوچۆی ئاسمانی لە وڵاتەکه بۆ ٧٢ کاتژمێری دیکه درێژدەکەنەوە وەک "ڕێکارێکی خۆپارێزی کاتی".
ئاوێنە: دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق لە لێدوانێکدا بە میدیای "شەفەق نیوز"ـی وت "داخستنی ئاسمان لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە دەستپێدەکات و تاوەکو نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و هەموو جۆرە گەشتەکان بە تەواوی ڕادەگیرێن".
وتیشی "ئەم هەنگاوە ڕێکارێکی خۆپارێزیی کاتییە، کەلە دوای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بڕیاری لێدراوە".
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی هەموو کۆمپانیاکانی گواستنەوەی لەم گۆڕانکارییانە ئاگادار کردووەتەوە و دەشڵێت "بەگوێرەی پێشهاتە نوێیەکان جارێکی دیکە پێداچوونەوەی ورد بۆ وادەی کردنەوەی ئاسمانی وڵات دەکەن".