٨ کوژراو لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی و هێرشێکی موشەکی چڕ کرایە سەر فڕۆکەخانەی بەغدا
  2026-03-17       578       

​دۆخی ئەمنی لە عێراق ڕووی لە گرژیی زیاتر کردووە و زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و موشەکی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدایان کردە ئامانج.

​ئاوێنە: دەستەی حەشدی شەعبی بە فەرمی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی بارەگایەکیان لە پارێزگای ئەنبار، ٦ چەکداریان کوژراون و ٤ی تریش برینداربوون. هاوکات سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ (الجزيرة) پشتڕاستیان کردەوە کە لە هێرشێکی تردا بۆ سەر بارەگایەکی حەشد لە بابل، ٢ چەکداری تریش گیانیان لەدەستداوە.

​شەوی ڕابردوو لانی کەم ٥ موشەک ئاراستەی کۆمەڵگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کراون، کە ناوەندی پشتیوانی لۆجیستی باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە. 

​ لیوا سەعد مەعەن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کرد، هێرشە موشەکییەکەی سەر فڕۆکەخانە بووەتە هۆی برینداربوونی ٤ فەرمانبەری ئەمنی و ئەندازیارێک.

​حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ئەم دەستدرێژییانە تەنها پێداگیریمان بۆ بەرگریکردن لە سەروەری عێراق زیاتر دەکات."

​ گرووپی "سرايا أولياء الدم" بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر بنکەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی بەغدای گرتە ئەستۆ و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ٦ سەربازی ئەمریکی کوژراون و ٤ی دیکە بریندار بوون، هەرچەندە لایەنی فەرمی هێشتا ئەم ژمارەیەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

​ ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە گرووپە چەکدارەکان دەڵێن لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە (دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران) دەیان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجام داوە.

ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە دژی ئێران دەستیان پێکردووە، گەیشتووەتە ناو خاکی عێراق و کاریگەرییەکی قورسی دروست کردووە:
​ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان: لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی جەنگەکەوە، بزووتنەوەی فڕۆکەوانی لە تەواوی فڕۆکەخانەکانی عێراق ڕاگیراوە و کایەی ئاسمانی وڵاتەکە بە تەواوی داخراوە.
​هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا: بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا ڕووبەڕووی هێرشێکی توند بووەوە. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ کەناڵی جەزیرە، لەو هێرشەدا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی باڵیۆزخانەکە بە تەواوی تێکشکێندراوە.
​بۆردومانکردنی گروپە چەکدارەکان: چەندین غارەتی ئاسمانی کراونەتە سەر بارەگاکانی ئەو گروپە عێراقییانەی کە نزیکن لە ئێران (کە واشنتۆن بەشێکیانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە). هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکرێن بەو هێرشانە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.
​بەردەوامی هێرشەکانی "بەرگری ئیسلامی": گروپەکانی ناو "بەرگری ئیسلامی لە عێراق" ڕۆژانە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشی موشەکی و درۆن بۆ سەر "بنکەکانی دوژمن" لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکە ڕادەگەیەنن.
​ئامانجەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا: مەکۆی فڕۆکەخانەی بەغدا کە چەندین بنکەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و تیمی پاڵپشتی باڵیۆزخانەی ئەمریکای تێدایە، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە چەندین جار بووەتە ئامانجی ئەم جۆرە هێرشانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×