ڕۆژی سێشەممە، هێرشە ئاسمانییەکان کە پێدەچێت لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجامدرابێتن، بارەگایەکی حەشدی شەعبی و ماڵێکی سەرۆکی ئەم گروپەیان پێکاوە. ئەمەش پەرەسەندنێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە بۆ سەر یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی تاران لە ناوچەکەدا.
ئاوێنە: بەپێی وتەی دوو سەرچاوەی ئەمنیی، فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە کاتی هێرشەکەدا لە ماڵەکەی خۆی لە شاری موسڵ نەبووە، کە تەنها لە کاتی سەردانەکانیدا بۆ ئەو شارە بەکاری دەهێنێت.
لانیکەم ١٥ شەڕکەری حەشدی شەعبی لە هێرشە ئاسمانییەکانی پارێزگای ئەنبار کوژراون.
یەکێک لە کوژراوەکان سەعد بەیجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی بووە لە پارێزگای ئەنبار. دواتر لە بەغدا مەراسیمێکی گەورەی بەخاکسپاردن بۆ ناوبراو بەڕێوەچوو.
٣٠ کەسی تر بریندار بوون، کە باری تەندروستی هەندێکیان ناجێگیرە و پێدەچێت ژمارەی کوژراوەکان زیاد بکات.
حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا بارەگایەکی فەرماندەیییان لە ئەنبار کردووەتە ئامانج لە کاتێکدا کارمەندەکان لە ئەرکدا بوون. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن هێرشەکە لە کاتی کۆبوونەوەیەکی فەرماندە باڵاکاندا بووە.
ئەم گرژییانە دوای ئەوە دێن کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە، ئەمەش لە وەڵامی ئەو جەنگەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتەوە دژی ئێران دەستیان پێکردووە. ئێستا ململانێکان سنووری ئێرانیان تێپەڕاندووە و لوبنان و وڵاتانی کەنداویشیان گرتووەتەوە.