وتەبێژی حکومەتی ئوردن، وەزیر محەمەد ئەلمۆمەنی، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە "میلیشیاکانی لایەنگری ئێران" خاکی عێراق بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێیەکانی، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە پێویستە کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بهێنێت.
ئاوێنە: وتەبێژی حکومەتی ئوردن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "العربية/الحدث" جەختی کردەوە: "بەردەوامین لە بەرگریکردن لە سەروەری ئاسمانی خۆمان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێراندا"، ئاماژەی بەوەش کرد کە عەممان هەڵسەنگاندن بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکەی ئێران دەکات بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی دەوڵەت بکات.
دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لە ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاو ئەولای بەغدا کردەوە بۆ هەر هێرش یان بەئامانجگرتنێک کە وڵاتانی کەنداو و ئوردن بگرێتەوە، هاوکات جەختیشی کردەوە کە هەر لایەنێک زانیاری و بەڵگەی لایە با پێشکەشی بکات.
ئەمە دوای ڕۆژێک دێت لە داواکاریی وڵاتانی کوێت، ئیمارات، بەحرەین، سعودیە، قەتەر و ئوردن لە حکومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپە چەکدارە عێراقییەکانەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە، ژمارەیەکی زۆر لە گروپە عێراقییەکان کە لەژێر ناوی "بەرگری ئیسلامی"دا کار دەکەن هاتوونەتە ناو هێڵی ڕووبەڕووبوونەوەوە و بە دەیان ئۆپەراسیۆن بنکە و بارەگاکانی ئەمریکایان لە ناوخۆی وڵات و لە چەند وڵاتێکی کەنداو و هەروەها ئوردن کردووەتە ئامانج.