سەردانێک بۆ ئاوشڤیتز: گەورەترین کەمپی نازییەکان بۆ قڕکردن‌و سووتاندنی مرۆڤ لەهۆڵۆکۆستدا
  2026-06-24       395       
کەمپی ئاوشڤیتز

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئازاری  ٢٠١٥ لەگەڵ هاوڕێم تەها سڵێمان، پاش ئاسانکاریی کاک زیاد ڕەوفی نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە پۆڵەندا بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئەو وڵاتە، توانیمان لەسەر ئەرک و خەرجیی خۆمان سەردانێکی ئەو وڵاتە بکەین و مەبەستی یەکەمیشمان سەردانی کەمپی بەندکردن و لەناوبردنی جووەکان و غەیری ئەوانیش لە هۆڵۆکۆستدا لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا، کە لە ساڵی ١٩٣٣دا حوکمی ئەو وڵاتەیان گرتەدەست. بەشێکی سەردانەکەش موحازەرەیەکی بەندە بوو لەبارەی ئەنفال و جینۆسایدی کوردەوە لە زانکۆی یاگیلۆنیای پۆڵەندی لە شاری کراکۆفی پایتەختی کۆنی ئەو وڵاتە، کە کۆنترین زانکۆی ئەوروپایە و تەمەنی زیاد لە ٧٥٠ ساڵە. بێجگە لەوەش هەردوکمان سیمینارێکمان لەسەر تەوەری ئەنفال بۆ ژمارەیەک کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە.

 

کاک زیاد کە لە ساڵانی ١٩٩٠کانەوە لەو وڵاتە نیشتەجێ بوو و خاوەن کار و بیزنێسی   گەورە و پێگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی دیاری هەبوو لەو وڵاتەدا، سەردانی کەمپی ئاوشڤیتزی بۆ ڕێکخستین، کە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژاوای کراکۆفەوەیە و ئێستا بووە بە گەورەترین مۆزەخانەی کوشتن و سووتاندنی مرۆڤ لە هۆڵۆکۆستدا. ئێمە دوو ڕۆژ لە بەیانیی کاتژمێر هەشتەوە تا پێنجی ئێوارە بە وردیی سەردانی بەشەکانی ئەو مۆزەخانە گەورەیەمان کرد و بە درێژایی ماوەی گەڕانی ئەو دوو ڕۆژەمان تیایدا خانمێکی ڕێنما لەگەڵمان بووە و وردەکاریی پرۆسەی ستەم و قڕکردنەکەی بۆمان ڕوونکردووەتەوە، بێجگە لە گوێگرتن لە ئامێرەکانی ڕوونکردنەوەی تەواوی ئەو کەلوپەل و کەرەستانەی لەوێ نمایشکرابوون.

لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتییش بێت وینەیەکی مۆزەخانەی کەمپی ئاوشڤیتز بخەمە بەرچاوی خوێنەران وەک ئەوەی کە ئێمە بینیمان و زانیاریمان لەسەری دەستکەوت:

ئاوشڤیتز گەورەترین ئەو کەمپانەی نازییەکان کە ٤٧ کەمپی سەرەکیی گرتن و کوشتنی جوو بوون لە هۆڵۆکۆستدا، بە پێی پلانێکیان کە لە کاتی هاتنە سەر حوکمیانەوە لە ساڵی ١٩٣٣دا دایانڕشت و هەنگاو بە هەنگاو پیادەیان دەکرد و بەتایبەتی لە پاش کۆنفرانسی پارتی نازی لە ساڵی ١٩٤٢دا، کە تێیدا بڕیاری چارەسەری کۆتایان دا Final Solution، بە واتای لەناوبردنی تەواوی جووەکانی ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە ئەڵمانیای نازی داگیری کردبوون. هەڵبەت بێجگە لە جوو بەپێی ئایدیای نازی خەڵکانی کەمئەندام، قەرەج، هاوڕەگەزباز، چەپ و کۆمۆنیست و دیلی جەنگی سوپای سۆڤێیتی جارانیش دەکوژران. لەو ژمارە کەمپە شەشیان تەرخانکرابوون بۆ کوشتن و سووتاندنی قوربانییەکان و لەنێو هەر کەمپێکدا دەیان دەزگا و شوێنی لاوەکی بووە بۆ تەواوکردنی پلانی کوشتن و سووتاند. کەمپی ئاوشڤیتز لە ساڵی ١٩٤٠ دروستکراوە و تا ساڵی ١٩٤٥، واتە کۆتایی جەنگی جیهانیی   دووەم و حوکمی نازییەکان، لە کاردا بووە. ئەم شوێنە ڕووبەری زیاد لە چل کیلۆمەتری چوارگۆشەی گرتووەتەوە و قۆناخ بە قۆناخ گەورە کراوە و کوورەی سووتاندنی مرۆڤی تێدا دامەزراوە. ئەم شوێنە بریتییە لە سێ بەش: ئاوشڤیتزی ١ کە بریتی بوو لە ٢٢ هۆڵی دوو نهۆمی و هەر یەکەیان ٤٠٠ زیندانیی گرتووە و لە واقیعدا ٧٠٠ - ٨٠٠ی تێکراوە و بەردەوام وەجبە وەجبە نێردراون بۆ سووتاندن لە کوورەی ژمارە یەکدا لەم بەشەیان، کە توانای سووتاندنی ڕۆژانە ٣٤٠ کەسی بووە. لێرە هەموو هۆڵەکان وەک خۆیان مابوونەوە و ئێمە زۆربەیان گەڕاین و هەر هۆڵێک بۆ بەشێک لە کەرەستە و پێداویستیی گیراوەکان تەرخان کرابوو. بۆ نموونە سەدان جانتای سەفەر، هەزاران جووت پێڵاوی گەورە و منداڵ، هەزاران چاویلکە، قاب و قاجاخ، ئامێری مۆسیقا، وێنەی قوربانییەکان، کەرەستەی ڕیش تاشین، قوتووی ژەهری زیکلۆن بی یان سیانیدی هایدرۆجین کە بۆ خنکاندنیان بەکاردەهێنرا پێش سووتاندنیان، جۆرەها کاسە و کەویلی بەکارهێنانی ڕۆژانە پێش لەناوبردنیان. تەنانەت لە هۆڵێکدا یەک تەن پەلک و قژەسەری ژنان دانرابوو وەک نموونەی سەدان تەن قژەسەری قوربانییان کە پێش سووتاندنیان دەیانبڕی و دەیاننارد بۆ کارگەکانی ئەڵمانیا کە بکرێنە ڕایەخ و بەتانی بۆ زیندانیانی کەمپەکانی گرتن و قڕکردن، هۆڵێک تەرخانکرابوو بۆ لاق و پەلی دەستکردی قوربانییەکان کە پێش ئیعدامکردنیان لێیان دەکردنەوە و چەندین کەرەستە و بەجێماوی تری قوربانییان و لێرەدا وەک نموونە دانرابوون. ئەوەی زۆر سەرنج ڕادەکێشا دیوار مەرگ بوو بۆ گیراوانی بەرگریکارانی پۆڵەندی دژ بە نازییەکان کە لێرەدا بێبەزەییانە گوللەبارانیان دەکردن و پاشان دەیانناردن بۆ کوورەی سووتاندن. ئاوشڤیتز ٢ لە یەکەوە چەند کیلۆمەترێک دووربوو، تۆڕێکی شەمەندەفەری بۆ ڕاکێشرابوو کە بەردەوام لە وڵاتاننی ئەوروپای بندەستی ئەڵمانیاوە جوویان دەگواستەوە بۆ ئێرە. ئەم بەشە پێیدەگوترا بیرکەناو و بریتی بوو لە زیاد لە ١٥٠ هۆڵی دارینی دوو قات و سێ قاتی تەختە کە بە زیندانییەکان خۆیان دروستیان کردبوو، بەڵام دوای ڕزگارکردنی کەمپەکە لە ٢٧ / ١ / ١٩٤٥دا نازییەکان زۆربەیان تێکدابوو بەسەر یەکدا و تەنها ژمارەیەکی کەمی هۆڵەکان مابوونەوە. لەم بەشەدا چوار کوورەی لەوەی کوورەی ژمارە یەک گەورەتریان دروستکردبوو، کە لە ساڵی ١٩٤٣ و ١٩٤٤دا توانای سووتاندنی نزیکەی بیست هەزار قوربانییان بووە لە ڕۆژێکدا و هەر بە تیمێکی زیندانییەکان خۆیان سووتاندوونیان و دواجار وەجبە وەجبە ئەوانیشیان گۆڕیوە و کوشتوونیان. ئاوشڤیتزی ٣ پێێدەگوترێ مۆنۆڤیتز و بریتی بووە لە کۆمەڵێک کارگەی جۆراوجۆری ئەڵمانی کە زیندانییە گەنجەکانیان بۆ ناردووە بە بێگار ڕۆژی ١٢ سەعات کاریان تێدا کردووە و زۆربەیان لە ژێر باری قورسی کار و نەخۆشی و بێ خۆراکیدا پڕووکاون و مردوون و پاشان سووتاندوونیان.

تێکڕا نزیکەی ملیۆنێک و سێسەد هەزار کەس هێنراونەتە ئەم کەمپە سامناکە و ملیۆنێک و سەد هەزار کەس گیانی تێدا سپاردووە، لەوانە ٩٦٠ هەزاریان جوو، ٧٥ هەزار پۆڵەندی، ٢١  هەزار قەرەج (ڕۆما و سینتی)، ١٥ هەزار دیلی جەنگی سوپای سووری سۆڤێیتی ئەو دەومە، کەمئەندام و ڕەگەزی تر نزیکەی ١٥ هەزار. لەم ژمارانە نزیکەی ٨٥٠ هەزار قوربانی یەکسەر کراون بە ژوورەکانی گازدا، کە بە زۆری پیر و ژن و منداڵ بوون. ئەوانی کە توانای کارکرنیان هەبووە هێشتوونیانەوە و رۆژانە ناردوونیانیان بۆ کێڵگە کشتوکاڵی و کارگەکان و خستوونیانە ژێر باری کاری قورسەوە و بە هۆی ڕەتاندن و نەخۆشی و برسێتییەوە گیانیان سپاردووە و هەڵبەتە دروشی کەمپەکەش بە گەورەیی لەسەر دەروازەی ئاوشڤیتز ١ بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە "بە کارکردن خۆت ڕزگارکە Arbiet Macht Frie" و ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت ڕزگاریان نەبوو.

کاتێ کەوا ئەڵمانیا لە جەنگی جیهانیی دووەمدا شکستی هێنا لە بەرانبەر سوپای سۆڤێیت و هێزەکانی هاوپەیمانانی ڕۆژاوا و ئەمریکادا و  پێش ئەوەی کەمپەکە ڕزگار بکرێ، نازییەکان زۆربەیان لە دوای خۆیان وێرانکرد و نزیکەی ٥٩ هەزار زیندانییان بە پێ گواستەوە بۆ ناو   ئەڵمانیا و نەمسا و هەرکەس پەکی بکەوتایە لە ڕێگە دەیانکوشت و دواجار نزیکەی ٧ هەزار نەخۆش و پەککەوتەیان لە کەمپەکە بەجێهێشت و ڕزگارکران. ئێستا ئاوشڤیتز ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن کەس سەردانی دەکەن و حکوومەتی پۆڵەندا لە ڕێگەی وەزارەتی    کولتوور و هونەرەوە سەرپەرشتیی دەکات و لە ساڵی ١٩٧٩وە بووە بە سەنتەرێکی جیهانیی سەر بە میراتی یۆنسکۆ. ئێمە کە لە یادی ٧٠ ساڵەی ڕزگارکردنیدا سەردانمان کرد دکتۆر پیۆتری بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە پێیگوتین تا ئێستاش ساڵانە هەشت هەزار بەڵگەنامەی ئەم شوێنەمان بۆ دێت و دەیانپارێزین و کاریان لەسەر دەکەین. کەواتە پێویستە چاو لەم   شوێنە و مۆزەخانەکانی تری جینۆساید لە جیهاندا بکەین لە ڕووی مۆزەسازییەوە بۆ جینۆسایدەکەی خۆمان و بەم ڕەنگەی ئێستا بێسەروبەر نەبین.

        

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×