پەرلەمانتارێكی گۆڕان: پێویستە پشتگیری پڕۆژەكەی شاسوار عەبدولواحید بۆ خۆڵ و خاشاك بكرێت
  2019-11-07       1650       

پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت پشتگیری ئەو پێشنیارەی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بكرێت كە بانگەشەی ئەوەی كردوە لەڕێگەی هێنانی كۆمپانیایەكی تایبەتمەندەوە دەتوانێت خۆڵ و خاشاكی ماڵان كۆبكاتەوەو لەبری ئەوەی پارە لەماڵان وەربگرێت، لەبەرامبەر خۆڵ و خاشاكەكەیاندا بڕی پێنج هەزار دینار بداتە هەر ماڵێك.

ئاوێنە: غالب محەمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ(پێنجشەممە) لەنوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لەفەیسبوك، رایگەیاند"شاسوار عەبدولواحید کە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە لەهەمان کاتدا بازرگانە، داواکارییەکی پێشکەش کردوە سەبارەت بەهێنانی کارگەیەک بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ماڵان لەبری ئەوەی پارە لەماڵان وەربگیرێت بڕی پێنج هەزار ئەدات بەماڵان، ئەمەش کارێکی باش و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە پشتگیری بکرێت."

وتوشیەتی"پێم سەیرە هیچ لایەنێکی بەرپرس وەڵامی نادەنەوە بە فراکسیۆنەکەی خۆیشیانەوە کە نەوەی نوێیە لەپەرلەمانی کوردستان نایکەنە پرۆژە و داوای لێناکەن بەهێنانی ئەو کارگەیە، لەکاتێکدا کارێکی وا لەبەرژەوەندی هاوڵاتی و حوکمەتی هەرێمی کوردستانە."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتوشیەتی"بەندە ئامادەم ئەگەر وەڵامی ئەو پرۆژەیە نادەنەوەو لەهەرێمی کوردستان جێبەجێی ناکەن کە زۆر گرنگە بهێنرێتە هەرێم، ئەوا داواکارم ئەو پرۆژەیە بدرێتە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لەسلێمانی یاخود تەقدیمی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بکرێت لەعێراق بۆئەوەی بگات بەدەستی بەندە تاکو لەبەغداد لەڕێگەی لیژنەکەمان و پەرلەمانەوە واژۆی بۆ کۆبکەمەوەو تەقدیمی حکومەت بکرێت، بەڵام بەمەرجێک شاسوار عەبدولواحید بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە لەدوای ئەوەی ئەو هەوڵانەی بۆ دەدەین ئەو پرۆژەیە بەجوانی جێبەجێبکرێت نەک وەک پرۆژەکانیتری خۆی و بازرگانەکانیتر خەڵک هاوار بکات بەدەستیانەوە، ئەوا من سوپاسی دەکەم و لەگەڵ هاوڕێکانمدا لە پەرلەمان عێراق هەمو هەوڵێکی بۆ دەدەم بۆ ئەوەی لەهەموعێراق جێبەجێبکرێت چونکە ئەم وڵاتە هەرگیز پەکی نەکەوتوە لەڕوی خۆڵ و خاشاکەوە."

دوێنێ چوارشەممە، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندبو، لە بری ئەوەی ماڵێک پێنج هەزار دیناری لێ وەربگیرێت لە بری خۆڵ فڕێدان، ئەوا تەحەدای حکومەت دەکەین کە ڕێمان بدەن کۆمپانیایەکی پرۆفیشناڵی تایبەتمەند بانگهێشتی کوردستان بکەین و خۆڵی ماڵان کۆبکاتەوەو پرۆژەی ریسایکلین لەشارەکانی هەرێم دروست بکات (دور لە دزی و شەریکایەتی بەرپرس) و لە بری ئەوەی پارە لە هاوڵاتییان وەربگرێت، ئەوا مانگانە بڕی پێنج هەزار دینار دەداتە هەر خاوەن ماڵێک لە بری وەرگرتنی خۆڵ و خاشاکی ئەو ماڵە (بەس بەو مەرجەی جۆری جیاوازی خۆڵەکان بکەنە ناو سەتڵی جیاواز کە بۆیان دابیندەکرێت.)

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتبوشی"بۆ خاتری خوا!! کەس هەیە نەزانێت ئێستا لە دونیادا خۆڵ پارە دەکات، نەک پارە لە خەڵک وەربگریت؟ کەس هەیە نەزانێت کە لە ئەوروپا لەبری شوشەیەک چەند سەنتێکت دەدەنەوە؟ نازانم ئەم میلەتە چ تاوانێکیان ئەنجام داوە، تا وا توشیان بوە بو توشی ئەم فاشیلانەوە؟"


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×