خاوهن بڕوانامه نوێیهكان له ههرێمی كوردستان رایدهگهیهنن، ههرچهنده وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕەزامەندی لەسەر بهستنی دەرماڵەكانیان دەربڕیوه، بهڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئامادە نییە بڕیارەکە جێبەجێ بکات.
ئاوێنه: دهستهی نوێنهرانی خاوهن بڕوانامە نوێیەکان لە هەرێمی کوردستان، ئهمڕۆ پێنجشهممه، له راگهیهندراوێكدا وتی"وەک نوێنەرایەتییەک لە هەڵگرانی بڕوانامە نوێیەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) و نازناوی زانستی (لقب علمی) کە لە دوای مانگی (2)ی ساڵی ڕابردوەوە دوابەدوای تەواوکردنی ئەرکە زانستییەکان و بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان گەڕاونەتەوە سەر دەوام و خزمەت و کارە ڕەسەنە ئەکادیمییەکانیان، سەرباری تەرخانکردنی تواناکان و خستنەگەڕی چەندین ساڵ لە ماندوبونی شەونخونی و توێژینەوە لە پێناو پێشخستنی ناوەندە زانستییەکاندا، بەڵام بەداخەوە تا وەکو ئەم ساتەش دەرماڵەی شایستەی بڕوانامەکانیان بۆ نەبەستراوەتەوە."
دهستهكه ئهوهشی خستۆتهڕو "لە قۆناغی سەرەتادا پاساوی دواخستن و ڕاگرتنی ئەم دەرماڵانە بەستراوەتەوە بە هەبونی ڕێنمایی و بڕیاری ئاڕاستەکراو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە کە تێیدا سەرجەم دەرماڵە نوێیەکانی ڕاگرتبو. خۆشبەختانە لە ئێستادا بە نوسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە 22288 لە ڕێکەوتی 21/6/2026 کە وێنەیەکی ئاڕاستەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بە ڕونی داوای بەستنەوەی دەرماڵە نوێیەکان کراوە و کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی قۆناغی ڕاگرتنەکەی ڕاگەیەندراوە."
ئاماژهی بهوهشداوه "سەرباری دەرچونی ئەم نوسراوە فەرمییە و هەڵگرتنی تەواوی بەربەستە کارگێڕییە یاساییەکان، بەڵام تا وەکو ئێستەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پابەند نەبون بە جێبەجێکردنی. ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا پرۆسەی پێداچونەوە و دەستکاریکردنی دەرماڵەکان بەڕێوەدەچێت و چەندین جۆری تری دەرماڵە کە هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا ڕاگیرابون، ئێستا خەرج کراوەتەوە و بەستراون."
دهستهكهی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابوری و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان كردوه بەزوترین کات ئەم هەنگاوە کارگێڕییانە بنێن:
- ئەنجامدانی کاری خێرا و جدی: بە مەبەستی بەستنەوەی فەرمیی دەرماڵەکانی بڕوانامە نوێیەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) و نازناوی زانستی (لقب علمی) بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی فەرمی نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و لابردنی ئاستەنگە نەخوازراوەکان.
- دابینکردن و خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییە پاشەکەوتکراوەکان: لە ڕێکەوتی دەستبەکاربونەوەی فەرمییانەوە بە شێوەیەک کە قەرەبوی کاتە ڕابردوەکان بکاتەوە و هیچ زیانێکی مادی بە هەڵگرانی بڕوانامەی بالا نەگات.
-دەرکردنی ڕێنماییەکی ڕون، یەکگرتو و دادپەروەر: بۆ سەرجەم زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان بە ئامانجی نەمانی جیاکاری، خێراکردنی پرۆسەی بەستنەوەی دەرماڵەکان و مسۆگەرکردنی پاراستنی تەواوی مافە یاسایی و مەدەنییەکانی توێژەران.
دهقی راگهیهندراوهكه:
ڕاگەیەندراوی فەرمی / نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان لە هەرێمی کوردستان
بابەت: داواکاری بۆ بەستنەوە و خەرجکردنی شایستەی دارایی و دەرماڵەکانی هەڵگرانی بڕوانامەی نوێ و نازناوی زانستی
بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕایگشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان
سڵاو و ڕێز و پێزانین....
کۆمەڵگەی پێشکەوتو لە سەر بنەمای زانست، توێژینەوە و ڕێزگرتن لە توانا ئەکادیمییەکان بنیات دەنرێت. لەم سۆنگەیەوە وەک نوێنەرایەتییەک لە هەڵگرانی بڕوانامە نوێیەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) و نازناوی زانستی (لقب علمی) کە لە دوای مانگی (۲)ی ساڵی ڕابردوەوە دوابەدوای تەواوکردنی ئەرکە زانستییەکان و بەدەستهێنانی بڕوانامەکانیان گەڕاونەتەوە سەر دەوام و خزمەت و کارە ڕەسەنە ئەکادیمییەکانیان، سەرباری تەرخانکردنی تواناکان و خستنەگەڕی چەندین ساڵ لە ماندوبونی شەونخونی و توێژینەوە لە پێناو پێشخستنی ناوەندە زانستییەکاندا، بەڵام بەداخەوە تا وەکو ئەم ساتەش دەرماڵەی شایستەی بڕوانامەکانیان بۆ نەبەستراوەتەوە.
لە قۆناغی سەرەتادا پاساوی دواخستن و ڕاگرتنی ئەم دەرماڵانە بەستراوەتەوە بە هەبونی ڕێنمایی و بڕیاری ئاڕاستەکراو لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە کە تێیدا سەرجەم دەرماڵە نوێیەکانی ڕاگرتبو. خۆشبەختانە لە ئێستادا بە نوسراوی فەرمی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە (۲۲۲۸۸) لە ڕێکەوتی (۲۰۲٦/٦/۲۱) کە وێنەیەکی ئاڕاستەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، بە ڕونی داوای بەستنەوەی دەرماڵە نوێیەکان کراوە و کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی قۆناغی ڕاگرتنەکەی ڕاگەیەندراوە.
سەرباری دەرچونی ئەم نوسراوە فەرمییە و هەڵگرتنی تەواوی بەربەستە کارگێڕییە یاساییەکان، بەڵام تا وەکو ئێستەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پابەند نەبون بە جێبەجێکردنی. ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا پرۆسەی پێداچونەوە و دەستکاریکردنی دەرماڵەکان بەڕێوەدەچێت و چەندین جۆری تری دەرماڵە کە هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا ڕاگیرابون، ئێستا خەرج کراوەتەوە و بەستراون.
لە ڕوانگەیەکی مرۆیی و دادپەروەری کارگێڕییەوە، ئەم دواکەوتنە ناڕەوایە باری دەرونی، کۆمەڵایەتی و دارایی توێژەران و خێزانەکانیان قورس کردوە. هەڵگرانی ئەو بڕوانامانە کە دەبێت هەمیشە لە دۆخێکی سەقامگیری دەرونیدا بن بۆ ئەوەی سەرنجی لەسەر داهێنانی زانستی و پێگەیاندنی نەوەکان بێت، لە ئێستادا لە دەرئەنجامی ئەم پشتگوێخستنە ڕۆژانە لە ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەژیت. لە ڕوانگەیەکی زانستیشەوە، ئەم پاشکەوتنانە کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی هزری، دڵسۆزی دامەزراوەیی و ئارامیی دەرونی توێژەران دروست دەکات و بە ڕونی بەستێنەکانی گەشەسەندنی ئەکادیمی لاواز دەکات.
لەبەر ئەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابوری و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زوترین کات ئەم هەنگاوە کارگێڕییانە بنێن:
- ئەنجامدانی کاری خێرا و جدی: بە مەبەستی بەستنەوەی فەرمیی دەرماڵەکانی بڕوانامە نوێیەکان (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) و نازناوی زانستی (لقب علمی) بە پشتبەستن بە ناوەڕۆکی فەرمی نوسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ و لابردنی ئاستەنگە نەخوازراوەکان.
- دابینکردن و خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییە پاشەکەوتکراوەکان: لە ڕێکەوتی دەستبەکاربونەوەی فەرمییانەوە بە شێوەیەک کە قەرەبوی کاتە ڕابردوەکان بکاتەوە و هیچ زیانێکی مادی بە هەڵگرانی بڕوانامەی بالا نەگات.
-دەرکردنی ڕێنماییەکی ڕون، یەکگرتو و دادپەروەر: بۆ سەرجەم زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان بە ئامانجی نەمانی جیاکاری، خێراکردنی پرۆسەی بەستنەوەی دەرماڵەکان و مسۆگەرکردنی پاراستنی تەواوی مافە یاسایی و مەدەنییەکانی توێژەران.
ئەمە داوایەکی ڕەوا و سەرەتاییترین مافی ئەکادیمییە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیاریتیی مێژویی و ئەخلاقیی خۆیان لەم
بارەیەوە جێبەجێ بکەن.
دەستەی نوێنەرانی خاوەن بڕوانامە نوێیەکان