سه‌عدی پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تێكی بنكه فراوان به‌بێ یه‌كێتی و پارتی پێكنایه‌ت، هه‌روه‌ها له‌كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیدا داوا له‌بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی كرا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی لایه‌نه‌كان بكات.
ئاوێنه: سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند: مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كۆتا كۆبوونه‌وه‌یدا داوای له كاك بافڵ كرد، به‌شداری له‌كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌دا بكات، كه ته‌نها به به‌شداری كه‌سی یه‌كه‌می لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌نجامده‌درێت.
راشیگه‌یاند: پرسی دواكه‌وتنی ده‌ستبه‌كاربوونی په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم بووه به‌كارێكی نادروست بۆ میلله‌ته نیشتمانپه‌روه‌ره‌كه‌مان، هه‌ر بۆیه یه‌كێتی وه‌ك حزبێكی سه‌ره‌كی پێكهێنانی حكومه‌ت نابێت گوێ له‌بیانووی لایه‌نه‌كانی تر بگرێت، به‌ڵكو پێویسته به‌زووترین كات په‌رله‌مان چالاك بكرێت و هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێكی خۆی هه‌بێت.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمێكی یه‌كگرتوودا حكومه‌تێكی بنكه فراوان به‌بێ یه‌كێتی و پارتی پێكنایه‌ت، هه‌ربۆیه پێویسته یه‌كێتی و پارتی هه‌م ده‌ست و په‌نجه به زۆر شت نه‌رم بكه‌ن، هه‌م جێگه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی تریش له‌حكومه‌ت بكه‌نه‌وه.