پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لهڕێگهى وتهبێژى فهرمییهوه، ههڵوێستى نوێى خۆى لهبارهى شهڕى دژى بهئێران ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، ئەوان لایەنگری شەڕ نینو چەک بەتاکە ڕێگهی گەیشتن بەئازادییو دیموکراسی نازانن، دهشڵێت، "هۆکاری سەرەکیی سەرجەم ململانێو قەیرانەکانی ئێستا، خودی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بۆیه لێدان لەناوەندەکانی سەرکوتکاریی تاران، بهئەرێنیی دهزانین".
ئاوێنە: ڕێوار ئاودانان وتەبێژو ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پژاک لهلێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئامارگی، ئەو هاوکێشەیەی ڕەتکردەوە کە پارتەکەی بخاتە نێوان دوو بژاردەی پشتیوانیکردنی شەڕ یان ئیدانەکردنی.
ئاودانان دهڵێت، "پژاک هەمیشە دژی شەڕەو بڕوای پێی نییە، بەڵام ناکرێت چاو لەئاست توندوتیژییەکانی دەسەڵات دابخرێت".
وتەبێژەکەی پژاک لەڕوانگەی واقیعبینى سیاسییەوە ئاماژەی بەوەکردوە، دروستکردنی گوشاری نێودەوڵەتی لەسەر ڕژێمی تارانو لێدانی ڕاستەوخۆ لەناوەندەکانی سەرکوتکارییو دیکتاتۆرییەت، هەنگاوێکی ئەرێنین.
لهو ڕوهشهوه زیاتر قسهیكردوهو وتویهتى، "ئهو لێدانو هێرشانهش لاى ئێمه مهرجیان ههیه، بۆ نمونه بەهیچ شێوەیەک نابێت لەم کێشمەکێشانەدا زیان بەهاوڵاتیانی ئاسایی بگات،
دەبێت ناسنامە، ئیرادەو مافی چارەی خۆنوسینی گەلانی ئێران، بەگەلی کوردیشەوە، لەقۆناغی دوای کۆماری ئیسلامیدا بەتەواوی پارێزراوبن".
ئاودانان لهپهیامهكهیدا بەشێکی تایبەتکردوە بەپێگەی پژاک لەناو (کۆنگرەی ئازادیی ئێران)و ڕونیکردوەتەوە، بەشداریکردنیان لەم کۆنگرەیەدا، هیچ دژایەتیو ناکۆکییەکی لەگەڵ هاوپەیمانیی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا نییە.
لەکۆتاییشدا وتەبێژی پژاک هۆشداریداو جەختیکردەوە، "پارتەکەمان تەنها پشتگیریی لەو بڕیارو پێگانەی کۆنگرە دەکات کە لەگەڵ بنەماو هێڵە گشتییەکانی خۆماندا دەگونجێن؛ لەکاتی گۆڕانی ئەم هاوسەنگییەشدا، بەدڵنیاییەوە پێداچونەوە بەڕۆڵو مانەوەی خۆماندا دەکەین".