رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو بڵاویكرده‌وه، مه‌هدی ته‌وه‌كولی، چالاكوانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و به‌ندكراوی سیاسیی پێش‌و، له‌گه‌ڵ دایكی و خوشكێكی له رێگه‌ی مه‌ریوان بۆ بانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانه‌وه دراونه‌ته به‌ر ده‌ستڕێژی گوللـه‌و گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئاوێنه: رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، لەمیانی پەلامارێکی چەکداری و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران‌دا لە ڕێگەی مەریوان بۆ بانه، مەهدی تەوەکولی، چالاکی فەرهەنگی و هونەری، بەڕێوەبەری ماڵی وێنەگرانی کوردستان و دامەزرێنەری ماڵی هونەریی «چاو» و بەندکراوی سیاسیی پێش‌و، لەگەڵ دایکی بەناوی مریەم ئەسلانی و خوشکێكی بە ناوی سومەیە تەوەکولی، درانە بەر دەستڕێژی گلولە و گیانیان لەدەست دا.
وه‌ك هه‌نگاو ئاماژه‌ی پێداوه، هاوكات لەگەڵ گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئه‌و گیانبەختکردوانه، ڕاگەیاندنەكانی ئێران کوژرانی ئەم چالاکە فەرهەنگییەیان لەگەڵ دو ئەندامی بنەماڵەکەی له‌ژێر ناوی کەسانی چەکدار و ئەندامانی حیزبێکی کوردستانی رۆژهه‌ڵات ڕوماڵ کردوە.
هه‌نگاو هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و چالاكوانه و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی پاشنیوەڕۆی دوێنێ یه‌كشه‌ممه بوه كه تێیدا هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ئۆتۆمبێلی تایبەتیی مەهدی تەوەکولییان لە ڕیگەی مەریوان بۆ بانه داوەتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گوللـە. لە ئەنجامی ئەم تەقەکردنەدا، مەهدی تەوەکولی بە بەركەوتنی 3 فیشەک، مریەم ئەسلانی بە بەركەوتنی 2 فیشەک و خوشکه‌كه‌ی بە ناوی سومەیە تەوەکولی بە بەرکەوتنی چەندین فیشەک (بە شێوەیەک کە دەموچاوی بە تەواوی تێکچوه) گیانیان لەدەستداوه.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، تەرمی گیانبەختکردوان سەرەتا بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبیی بانه و پاشان لەژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتی سوپادا بۆ سنە گواستراوه‌ته‌وه. تەرمی ئەم سێ هاوڵاتییە ئەمڕۆ دوشەممە، لە کەشێکی توندی ئەمنیدا لە گۆڕستانی «بەهەشتی محەمەدی»ی سنە بە خاک سپێردراون.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی تەوەکولی لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندوه "ئۆرگانە حکومەتییەکان بنەماڵەی تەوەکولییان خستوەتە ژێر گوشارەوە تا لە ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە خۆ بەدور بگرن و ڕابگەیەنن کە لە ڕوداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە".
هاوکات، وتەبێژی پۆلیس بانگەشەی ئەوەی کردوە کە ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری ئەندامانی پژاک لە سنوری بانه لە تێکهەڵچونێکی چەکدارانەدا کراوەتە ئامانج و چوار ئەندامی ئەو حیزبە کوژراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای ڕەتکردنەوەی بانگه‌شه‌كانی ئۆرگانە ئەمنییەکان و شەرمەزارکردنی ئەو تاوانه، داوای "کاردانەوەی بەپەلەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی كردوه بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و لێپرسینه‌وه له بکەرانی ئەم تێرۆرە."