ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی لە سلێمانی بەنزینی ٧٥٠ دیناری دابەش دەکەن دەکرێتە دوو هێندە
  2026-08-14       66       

لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شۆفێران و پاڵپشتیکردنی نرخی سووتەمەنی، پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی نۆڕماڵ بە نرخی ٧٥٠ دینار لە شاری سلێمانی فراوانتر دەکرێت.

ئاوێنە: محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی،  ڕایگەیاند، کە لە سبەینێوە پرۆسەی دابەشکردنی ئەو بەنزینە ڕێکخستنەوەی نوێی بۆ دەکرێت و بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و کارئاسانیی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی سووتەمەنییەکە دابەش دەکەن لە پێنج بەنزینخانەوە بۆ ١٠ بەنزینخانە لە ناو شاری سلێمانی و دەوروبەری زیاد دەکرێت.

ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە کاتێکدایە کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی گشتگیر بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی دەستی پێکردووە.

سبەینێ لەم بەنزینخانانە بەنزینی 750 دیناری دابەشدەکرێت: پێشەوا، سلێمانی نوێ، کازیوە، کانی گۆران، شاوان، سالوجە، رەهێڵ، هەڵەبجە تانجەرۆ، دایک، برایەتیی هەمیشەیی.

بەپێی ئاراستەی نوێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، جیاوازیی نرخی بەنزینی بازرگانی لە لایەن حکومەتەوە قەرەبوو دەکرێتەوە تاوەکو بە نرخی نەگۆڕی ٧٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک بگاتە دەستی شۆفێران، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگری لە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان لە بازاڕدا.

هاوکات لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی بەنزینخانەکان، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان جەختی لەسەر بەردەوامیی چاودێرییە مەیدانییەکان کردووەتەوە. تیمەکانی پشکنین و چاودێریی بازاڕ ڕاسپێردراون کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە نموونەی بەنزینی بەنزینخانەکان وەربگرن تاوەکو لە کوالیتی و جۆری سووتەمەنییەکە دڵنیا ببنەوە، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە هەر بەنزینخانەیەک پابەندی ڕێنماییەکان و کوالیتیی دیاریکراو نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی و سزای دارایی و کارگێڕیی توند دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×