جێگری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در له‌باره‌ی پرسی كۆنترۆڵكردنی چه‌كی گروپه چه‌كداره‌كان هۆشداری ده‌داته عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رۆك وه‌زیران په‌له‌ی كردوه له‌و دۆسیه‌یه‌دا و ئه‌وه‌ی پێمانگه‌یشتوه كه گوایه هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێزه ده‌كات، ئه‌وه سنوربه‌زاندنێكی گه‌وره‌یه‌و رێگه به سه‌رۆك وه‌زیران و هیچ كه‌سێكی تر ناده‌ین بگاته ئه‌م ئاسته له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ براكانمان له به‌ره‌ی مقاوه‌مه.
ئاوێنه: محه‌مه‌د ناجی محه‌مه‌د، كه هاوكات سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی رێكخراوی به‌در، له نوسینێكدا كه له سه‌كۆی ئێكس بڵاویكردۆته‌وه رایگه‌یاندوه "عێراق ئه‌مڕۆ له ناوه‌ڕاستی هاوكێشه‌یه‌كی ئاڵۆزی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدایه، ئێمەش بڕوامان وایە چه‌ند ئه‌ركێكمان هه‌ن كه سازشیان له‌سه‌ر ناكه‌ین: پاراستنی عێراق به ته‌واوی بونییه‌وه، پاراستنی قوڵایی ستراتیژی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی عێراق. دەوڵەت نەیاری مقاوه‌مه نییە، مقاوه‌مه‌ش جێگرەوەی دەوڵەت نییە، هەر کەسێک ئه‌و دوانه بخاته روبه‌ڕوی یه‌كدی، خزمەت بە دوژمنەکەمان دەکات."
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه "پێمان وایە حکومەته‌كه‌ی زه‌یدی سه‌ختی دەکێشێت به دەست ئەم دیمەنە ئاڵۆزەوه‌و دەبێت زۆر وریا بین لەوەی سەرۆک وەزیران زۆر نەڕوات لە موجامەلەکردنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەر حسابی نەگۆڕە نیشتمانییەکانمان و بەرژەوەندییە باڵاکان؛ ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر براکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەتایبەتی لە دۆسیەی كۆنترۆڵكردنی چەکدا کە واشنتۆن داوای کردوە و کردویەتی بە مەرج لە بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی لە 30/9/2026. کەواتە هاوکێشە نوێیەکە برتییە لە: کشانەوە لە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی چەک."
جێگری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در وتوشیه‌تی "لێرەدا کۆمەڵێک پرسیاری ڕەوا دروست دەبن: ڕاستگۆیی و گه‌رەنتییەکانی کشانەوەی تەواوەتی چین؟ میکانیزم و ئاستەکانی سنوردارکردنی چەک چین و کێ سەرپەرشتی دەکات؟ پابەندبون بە نیوەی هاوکێشەکەوە پێش جێبەجێکردنی نیوەکەی تری، حیکمەتی سیاسی نییە، بەڵکو له‌ده‌ستدانی کارتێکی نیشتمانییە."
محه‌مه‌د ناجی محه‌مه‌د وتوشیه‌تی "سەرۆک وەزیران ده‌فع بو و پەلەی کرد له‌دۆسیەیه‌دا لە زۆربەی قسه‌كانیدا دوبارەی کردەوە، تاڕادەیەک هیچ ڕۆژێک تێپەڕ نابێت بەبێ لێدوانێک کە ئاماژەی پێ‌بکات؛ ئەمەش ئەو شته‌یه کە لێی دەترسین: کەوتبێتە ژێر کاریگەریی گوشاری ئەمریکاوەو وەڵامی داواکارییەکەی دابێتەوە بەبێ کشانەوەی تەواوەتی."
ئه‌وه‌شی وتوه"هەروەها ئەوەی پێمان گەیشتوە لەبارەی زمانی لێدوانەکان كه سه‌رۆك وه‌زیران هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکات - ئەگەر ڕاست بێت - ئەوا سنوربه‌زاندنێكی گەورەیەو ڕێگە بە سەرۆک وەزیران و بە هیچ کەسێکی تر نادەین بگاتە ئەم ئاستە لە مامەڵەکردن لەگەڵ براکانمان له به‌ره‌ی مقاوه‌مه، چونکە ئەوە دەرگا لەسەر فیتنەیەکی ناوخۆیی دەکاتەوە کە سودمەندی یەکەم و کۆتایی لێی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و قه‌واره‌ی زایۆنی و ئەو کەسانەن کە چاوەڕێی دەرفەتن بۆ لێدانمان."
جه‌ختیشی كردۆته‌وه "بەڕاشکاوی دەیڵێین: مقاوه‌مه بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت دروستبوەو هەر ئەوانیش بون کە لە سەختترین ڕۆژەکانی مەترسیدا دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام، بە کرده‌وه بەرگرییان له ده‌وڵه‌ت کرد؛ بەرەنگاری داگیرکاری ئەمریکی بونەوە، ئاگری فیتنەی تائیفییان کوژاندەوە و لەپاڵ هێزە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی لە دژی داعش وەستانەوەو سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا - هەمو ئەوانەش لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بو و هیچ هەڵوێستێک لە دەرەوەی ئیرادەی ئەو بونی نەبوە."
هه‌روه‌ك جه‌ختیشی كردۆته‌وه "کۆنترۆڵکردنی چەک دەبێت بە شێوەیەکی هێمن و به سازانێكی تەواوەتی ئه‌نجام بدرێت لەگەڵ برا سەرکردەکانی مقاوه‌مه، کە هێندە خەمخۆری و حیکمەتیان هەیە بۆ عێراق و داهاتوه‌كه‌ی کە شایستەیان دەکات ببنە شەریک لە بڕیاردا نەک تەنها بابەتێک بن بۆ بڕیار له‌سه‌ردان."
جێگری ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در پێشی وایه "سێ هۆکاری بنه‌ڕه‌تی هه‌ن كه ده‌بێت ده‌سته‌به‌ربن: یەکەم: کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا. دوەم: نەمانی ئەو مەترسییە ستراتیژییانەی هەڕەشە لە عێراق دەکەن. سێیەم: دروستکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەشێوەیەکی تەواوەتی، بەتایبەتی لە ئاستی بەرگریی ئاسمانی‌دا، بە جۆرێک کە سەروەریی ئاسمانی عێراق بپارێزن هاوشێوه‌ی وشكانییه‌كه‌ی."
محه‌مه‌د ناجی محه‌مه‌د له كۆتاییدا وتویه‌تی "کەواتە هەڵبژاردنەکە لە نێوان مقاوه‌مه‌و دەوڵەتدا نییە.. بەڵکو لە نێوان عێراقێکی پارێزراو و تۆكمه‌كراو بە یەکگرتوییەکەی و عێراقێکدایه کە رابکێشرێت بەرەو فیتنەیەک کە کەس نایه‌وێت جگە لە دوژمنەکەی."