دابەشکردنی بەنزینی ٧٥٠ دیناری لە هەولێر دەستێدەکات
  2026-08-14       30       

لە چوارچێوەی بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی نرخی سووتەمەنی، لە سبەی شەممە ١٥ی ئابەوە دابەشکردنی بەنزینی نۆڕماڵی بازرگانی بە نرخی ٧٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک لە پارێزگای هەولێر دەستپێدەکات.

ئاوێنە: هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، بە میدیای سەربە پارتی ڕایگەیاند، لە پاڵ بەردەوامیی دابەشکردنی بەنزینی حکومی، زیاتر لە ٥٠ بەنزینخانەی بازرگانیی دیکەش بەنزینی نۆڕماڵ بە نرخی ٧٥٠ دینار دەفرۆشن، بەمەش کۆی گشتیی ئەو بەنزینخانانەی لە سەنتەر و دەوروبەری هەولێر بەنزین بەم نرخە دابەش دەکەن دەگاتە نزیکەی ٨٠ بەنزینخانە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد لە ماوەی داهاتوودا سیستەمی کۆبۆنی بەنزین هەڵدەگیرێت.

سەبارەت بە کوالیتیی سووتەمەنییەکە و چاودێریکردنی بازاڕ، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە، کە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان ڕاسپێردراون بۆ ئەنجامدانی چاودێریی ورد بەسەر بەنزینخانەکاندا، و جەختی کردەوە هەر بەنزینخانەیەک سووتەمەنیی کوالیتی نزم بفرۆشێت ڕووبەڕووی سزای دارایی و کارگێڕی دەبێتەوە تا ئاستی داخستنی بەنزینخانەکە.

ئەم بەنزینە بازرگانییە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابین دەکرێت و جیاوازیی نرخەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبوو دەکرێتەوە تاوەکو بە نرخی ٧٥٠ دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×