حسێن عەلی مووسەوی، وتەبێژی بزووتنەوەی نوجەبای عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ‘ڕووسيا اليوم’، هەڵوێستی بزووتنەوەکەی لەبارەی پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان خستەڕوو.
ئاوێنە: مووسەوی ڕایگەیاند، پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە بنەڕەتدا تەنیا چەکەکانی بەرەی مقاوەمە دەکاتە ئامانج و بە داواکاری و فەرمانی لایەنە دەرەکییەکان بەڕێوەدەچێت، بۆیە جەختیکردەوە کە بزووتنەوەکەیان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە چەکەکانی ڕادەست بکات. سەبارەت بەو ڕاگەیەندراوانەی پێشووش کە باسیان لە دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرد لەلایەن لایەنە فەرمییەکانەوە، ناوبراو ڕەتیکردەوە و بە هەنگاوێکی ناڕاست و دروستکراوی وسف کرد.
لە تەوەرێکی تردا و سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن، وتەبێژی نوجەبا ڕەخنەی توندی لە ڕێککەوتننامە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات گرت و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو ڕێککەوتنانە شێوازی بوونی ئەمریکایان لە عێراق لە داگیرکاریی سەربازییەوە گۆڕیوە بۆ داگیرکارییەکی ئابووری.
شایەنی باسە، بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵدا کۆتا مۆڵەت بۆ ڕادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و هاوکات کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی پێبێت، لە کاتێکدا هێشتا بەشێک لەو گرووپانە نەک هەر ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە نەخستووەتەڕوو، بەڵکو بە توندی دژایەتیی خۆیان بۆ پرۆسەکە ڕاگەیاندووە.