ئەمشەو ١٢ی ئاب، ڕۆماننووسی گەورە و دیاری کورد حسێن عارف لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
ئاوێنە: حسین عارف عبدولرهحمان ساڵی ١٩٣٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، دهرچووی كۆلیژی یاسا بووەو وەک پارێزەر کاری کردووە، جیا لە کاری ئەدەبی و یاسایی، لە ژیانی سیاسی و پەرلەمانیدا ڕۆڵی هەبووە و لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا ئەندام بووە.
حسێن عارف لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی تر دژ بە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ماوەی زیاتر لەمانگێک لەناو پەرلەمانی کوردستاندا مانییان گرتووە.
یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی گرووپی ڕوانگە کە ڕەوتێکی نوێخواز بوو لەمێژووی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی لە سەردەمی خۆیدا.
حسێن عارف خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە لە بواری ڕۆمان، چیرۆک و لێکۆڵینەوەدا، لەدیارترین بەرهەمەکانی:
رۆمانی شار
چای شیرین: سەرجەم چیڕۆکە کورتەکان
رۆمانی گەلە گورگ
شانۆگەری جەنابی جانەوەر
چیڕۆکی ھونەریی کوردی
بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی
لەکۆڕی خەباتا: چیرۆک لەبەرھەمی دوای شۆڕش