بڕیاره رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتو 19ی ئاب، دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك دژی راگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كۆببێته‌وه.
ئاوێنه: به‌پێی خشته‌ی دانیشتنه‌كان، بڕیاره رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتو، دادگای فیدراڵی عێراق له‌باره‌ی سكاڵایه‌ك كۆببێته‌وه كه له‌سه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆماركراوه له‌دژی بڕیارێكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ راگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی.
سكاڵاكه له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه له ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ساڵح، هادی حه‌مه‌ڕه‌شید فه‌ره‌ج و سه‌رتیب ناسیح ئه‌حمه‌ده‌وه تۆماركراوه.
له سكاڵاكه‌دا داواكراوه دادگاكه بڕیار بدات به‌وه‌ی كه بڕیاری حكومه‌تی بۆ راگرتنی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه له 21ی 12ی 2015دا له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌رچوه، ناده‌ستورییه.
هه‌روه‌ها داواش كراوه كه حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندبكرێت به ده‌ستكردنه‌وه به پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خه‌رجكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و شایسته داراییانه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه به‌هۆی بڕیاره‌كه‌وه نه‌دراون له‌و كاته‌وه‌ی كه فه‌رمانبه‌ر شایسته‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه بوه به‌پێی یاسا.