مستەفا قەرەسو، ئهنجامی كۆنسهی بهڕێوهبهریی كۆما جڤاكێن كوردستان-كجهكه ڕایگەیاند، دیاری نەکردنی پێگەی عهبدوڵا ئۆجهلان لە "یاسای چوارچێوە"دا کەموکوڕییەکە و جهختیشی كردهوه كه بهبێ ئهوه مەحاڵە ئەو خاڵانەی لە یاساکەدا ئاماژەیان پێکراوە، جێبەجێ بکرێن.
ئاوێنه: مستهفا قهرهسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-كهجهكه، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی ‘مەدیا خەبەر تیڤی’ـدا ئاماژەی بەوەکرد، ساڵ و نیوێک بەسەر پرۆسەی ئاشتیدا تێپەڕیوە، یاسای چوارچێوە زۆر دواکەت و بەئاسانی دەکرا دەربکرێت، دەوڵەت و دەسەڵاتی ئاکەپە سەبارەت بە دیموکراتیکبون و چارەسەریی پرسی کورد، لەسەر بنەمای گۆڕەپانی یاسایی و سیاسی، لەسەر بنەمای زەمینەی بێ شەڕ، زۆر ئامادەکار نەبو.
وتیشی: بانگەوازەکەی ئۆجهلان بە ئاگاداریی بەرپرسانی دەوڵەت کرا، تیایدا بەئاشکرا باسی پرسی کورد کرا، ماوەی سەدساڵە دابڕان لە نێوان دەوڵەتی تورک و گەلی کورددا هەیە، هەر خۆی ئامانجی چارەسەریی دیموکراسی، تێپەڕاندنی ئەم دابڕانەیە، مامەڵەی ئێمەش بەم شێوەیەیە، ئەمە یاسایەک نییە چارەسەریی پرسی کورد بهێنێتە دی، بەڵام پێویستە وەک یەکەم هەنگاوی هەڵوێستێکی خاوەن ئەو ئامانجە، هەڵبسەنگێندرێت.
مستەفا قەرەسو ڕاشیگەیاند، هەڵبەتە، لە یاساکەدا باس لە چارەسەریی پرسی کورد نەکراوە، ئەمەش کەموکوڕییەکی گرنگە، بەڵام ئیتر سەرەتایەکە، پرۆسەی لەمەوبەدوا گرنگە، بێگومان، ئێمە دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە بگەیەنینە سەرکەوتن، ئێمە لەمەوبەدوا سەیری بەردەمی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی ئەم سەرەتایە لەسەر بنەمای دیموکراسیبون و چارەسەریی پرسی کورد بگاتە ئەنجام، ئەوەی لە ئەستۆمان بێت، جێبەجێی دەکەین.
وتیشی: بەرەوپێشچونی پرۆسەکە، تەنها لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دەبێت، دیارینەکردنی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ لە یاساکەدا، کەموکوڕییەکە، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لە ناوەندی ئەم کارەدا نەبێت، واتا ئەگەر بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەستێت، جێبەجێکردنی ئەو شتانەی لەم یاسایەدا دیاریکراون، مەحاڵە، لەبەرئەوەی ئەم دۆخە تەنها پەیوەندیدار نییە بە کەسێکەوە، پەیوەندیدارە بە کۆمەڵگەیەکەوە، پەیوەندیدارە بە هەزاران شەڕڤانەوە، پەیوەندیدارە بە هەزاران کادیرەوە، ڕێبەر ئاپۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەکە دیاریدەکات.
قەرەسو باسی لەوەشکرد، پێگەی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، ئەو کەسێکی ئاسایی نییە، لەناو ڕێکخستنیشدا کاریگەری هەیە، ئەگەر خواستی ئەوە هەبێت ئەم پرۆسەیە بچێتە پێشەوە، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی چالاکتر تێیدا بەشدار بێت، پێویستە لەگەڵ ڕۆژنامەوانان، سیاسەتمەداراندا دیدار بکات، هەر خۆی باس لەوە کرا کە دیدار دەکرێت، بەڵام ئەمە بەس نییە، تەنها بە چەند دیدارێک نابێت.
لە بەردەوامیدا ڕاشیگەیاند، ئەوەی کە ئێمە ئەمڕۆ باسی چارەسەریی سیاسی دەکەین، باسی هەوڵی چارەسەریی سیاسیی دیموکراسی پرسی کورد دەکەین، ئاشکرایە کە بە تێکۆشانی 50 ساڵەمان هاتوەتە بەرهەم، لە هاتنەکایەی ئەم دۆخەدا کاریگەریی 15ی ئاب و شەهیدانی 15ی ئاب، زۆر گرنگە، ئەم تێکۆشانە بو هەمو ئەو دەستکەوتانەی هێنایە بون، دەوڵەتی تورک گەیشتوەتە ئاستێک کە چیتر ناتوانێت ئەم پرسە بە زۆرداری و توندوتیژی چارەسەر بکات.