نێچیرڤان بارزانی: هێرشی گرووپە چەکدارەکان زیانی بە ژێرخانی ئابووری گەیاندووە و کاریگەری لەسەر کشانەوەی ئەمریکا نەبووە
  2026-08-12       21       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الشرقیة نیوز" تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئاوێنە: لەبارەی ئامانجی ئەو هێرشانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەو کردەوانە هیج کاریگەرییەکی دروستکەر یان کردەییان لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر نەبووە و نەیانتوانیوە ڕێگری لە بەردەوامی کارەکانیان بگرن. بە وتەی ناوبراو، دەرئەنجامی سەرەکی ئەو پەلامارانە تەنها بریتی بووە لە دروستکردنی ئاستەنگی ئابووری و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم دامەزراوە ئابوورییەکانی عێراقدا.

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد کە دروشمە ڕاگەیەندراوەکانی ئەو گرووپانە لەگەڵ واقیعی مەیدانیدا یەکناگرنەوە و نەبوونةتە هۆی گۆڕانکاری لە ئامادەیی ئەمریکییەکاندا. سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکاش ڕوونی کردەوە، کە بوونی ئەو هێزانە لەسەر داوای عێراق بووە بۆ پشتیوانیکردن لە شەڕی دژ بە داعش، ئێستاش کە پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، ئەمریکا خۆی بەرنامەی کشانەوەی داڕشتووە و لەسەر ئاستی فەرمی جێبەجێی دەکات.

لە کۆتاییدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی گۆڕانکارییەکان، چیتر چەواشەکاری یان پاساوێک بۆ مانەوەی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندا نامێنێتەوە و بەردەوامیی ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی نەپچڕاو بۆ سەقامگیری و بژێوی وڵات.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×