لە برەودان بە شێوازە نوێیەکانی ناڕەزایەتی و سەلماندنی ناسنامە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دیواری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "من ئێرانی نیم" رووپۆش کراون، و ئەم جۆرە لە چالاکیی مەدەنییش نیگەرانیی قووڵی بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست کردووە.
دۆخی ئەمنی و سەرکوتی بەردەوام
ئاوێنە: دوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی رابردوو، دۆخی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەیەک کەوتبووە ژێر کاریگەریی ترس، تۆقاندن و بونی ئەمنیەتێکی توند و ئامادەیی زۆری هێزە نظامییەکانەوە. لەم دۆخەدا، بەهۆی دەستگیرکردنی خێرا و سەپاندنی سزای قورس بەسەر بچووکترین گوماندا لەسەر چالاکان و رەخنەگران، دەرفەتی بەڕێوەبردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانی شەقام بە تەواوەتی سنوردار کرابوو.
شێوازی نوێی بەرەنگاربوونەوە و گەیاندنی پەیام
سەرەڕای سەختیی دۆخەکە، هاووڵاتییانی رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەیان نەداوە چالاکییەکانیان خامۆش ببن؛ بەڵکو لە بچووکترین دەرفەتدا شێوازی خەباتەکەیان گۆڕیوە بۆ بەسەرهاتێکی نوێی بەرەنگاربوونەوە. نوسینی دروشمی "من ئێرانی نیم" لەسەر دیواری شارەکان، پەیامێکی روون و زەقی هاووڵاتییانە بۆ دەسەڵاتداران کە تیایدا جەخت لەسەر جودابوونی ناسنامەی نەتەوەیی و ئیرادەی ئازادیخوازانەیان دەکەنەوە.
مانای دروشمەکە: ناوەڕۆکی ئەم چالاکییە دەگەیەنێت کە دانیشتووانی ناوچەکە خۆیان بە خاوەنی راستەقینەی خاکەکەیان دەزانن و هێزەکانی ئێران وەک لایەنێکی داگیرکەر دەبینن کە ناتوانن ئیرادە و خواستە نەتەوەییەکانیان کۆتایی پێ بێنن.
فراوانبوونی بەرەی ناڕەزایەتی: لە تەنیشت ئەم چالاکییە مەدەنی و شارستانییانەوە، لە هەندێک ناوچەدا گرووپە چەکدارەکان شەوانە پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی سەربە ئێرانیان دەدەن و ژمارەیەک لە چەکدار و هاوکارانی ناوخۆیی هێزە حکومییەکانیان کوشتووە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فرهجۆریی شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوە لە ناوچەکەدا.